سێنتکۆم هەواڵی بەئامانجگرتنی فڕۆکەیەکی ئێف-16 لە لایەن سوپای پاسدارانەوە رەتدەکاتەوە

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) ئەو لێدوانەی سوپای پاسدارانی ئێرانی رەتکردەوە، باس لە بەئامانجگرتنی فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکی لە جۆری ئێف-16 دەکات.

شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سێنتکۆم، لێدوانەکەی سوپای پاسدارانی ئێران دوورە لە راستییەوە گوایە لە 20ـی ئەم مانگەدا فڕۆکەیەکی جەنگی ئەمریکایان لە جۆری ئێف-16 بەئامانجگرتووە، زیانیان پێگەیاندووە و ناچاریانکردووە بنیشێتەوە.

سێنتکۆم رایگەیاندووە، تەواوی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ژمێردراون و هەموویان سەلامەتن.

هاوکات، بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیمانگەی خزمەتگوزاریی توێژینەوەکانی کۆنگرێس، لە دەستپێکی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا، تا ئێستا زیاتر لە 80 فڕۆکەی سووتەمەنی، گواستنەوە، فڕۆکەی جەنگی و درۆنی چاودێری تێک شکێنراون، کە تەنیا لە درۆنی جۆری ئێم کیو-9 ریپەر 45 دانەی تێک شکێنراوە و مەزندە دەکرێت قەبارەی زیانەکان بگاتە سەرووی سێ ملیار دۆلار.

ئەم راگەیەنراوەی سێنتکۆم دوای ئەوە هات، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، شەوی رابردوو سوپای ئەمریکا بە بەکارهێنانی چەترێکی فراوانی ئاسمانی کە فڕۆکەی سووتەمەنی، فڕۆکە جەنگییەکانی جۆری ئێف-16 و ئێف ئەی-18 و ئێف-35، فڕۆکەی چاودێریی دەریایی لە جۆری پی-8 پۆسایدۆن، هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جۆری ئێم کیو لەخۆگرتبوو، هەوڵیداوە زەمینە بۆ تێپەڕینی کەشتییە نەوتهەڵگرەکان و گواستنەوەی بێ مۆڵەتی بار و قاچاخی سووتەمەنی لە گەرووی هورمزەوە خۆش بکات.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە میانەی ئەو جووڵانەدا رووداو، تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوەی توند بۆ کەشتییە نەوتهەڵگرەکان لە بەشی باشووری گەرووی هورمز تۆمار کراون، رووداوی یەکەم لە نزیک بەندەری خەسەب بووە و رووداوی دووەمیش بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی دوورگەی غەنەم رووی داوە. بە گوتەی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزی دەریایی سوپای پاسداران، هۆکاری تەقینەوەکان بەرکەوتنی ئەو کەشتییانە بووە بە مینی دەریایی.

هەروەها سوپای پاسداران باسی لەوە کردووە، سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی هێزی ئاسمانی و بۆشاییگەریی سوپای پاسداران، فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی چاودێری و جەنگیی جۆری MQ-9ـی ئەمریکیی لە رۆژئاوای گەرووی هورمز تێکشکاندووە، کە ئەرکی چاودێریکردن و دابینکردنی پارێزگاریی ئاسمانیی ئەو جموجۆڵەی لە ئەستۆ بووە.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران راشیگەیاندووە، بە توندی رووبەڕووی هەر جۆرە هاتوچۆیەکی کەشتییەکان دەبنەوە لە سنووری گەرووی هورمز کە سیستەمی کەشتیوانییان کوژێنرابێتەوە، یان بە رێڕەوی بێ مۆڵەت و بێ هاوئاهەنگی لەگەڵ ناوەندی کۆنترۆڵی هاتوچۆی هێزی دەریایی سوپای پاسداراندا تێپەڕن، و ئەوە بە سەرپێچی و هاوکاریکردنی سوپای ئەمریکا هەژمار دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی فەرمیی ئێرنا لە زاری سوپای ئێرانەوە بڵاوی کردەوە کە ئێوارەی هەینی، سیستەمەکانی هێزی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئێران لە باشووری وڵاتەکە و لە ژێر کۆنترۆڵی تۆڕی یەکگرتووی بەرگریی ئاسمانیدا، فڕۆکەیەکی جەنگیی جۆری F-16ـی ئەمەریکییان لە ئاسمانی کەنداودا ئاشکرا کردووە.

بە گوتەی سوپای ئێران، دوای چاودێریکردن و شوێنپێهەڵگرتنی فڕۆکەکە، سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی مووشەکیان ئاراستە کردووە و بە هۆی تەقینەوەی مووشەکەکە لە نزیکی، فڕۆکە جەنگییەکەی ئەمەریکا زیانی بەرکەوتووە و فڕۆکەوانەکەشی ناچار بووە ئەرکەکەی هەڵبوەشێنێتەوە و لە یەکێک لە نزیکترین فڕۆکەخانەکانی ناوچەکەدا بە ناچاری بنیشێتەوە.