مەسرور بارزانی: دەمانەوێت دانوستان بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەستپێبکاتەوە

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (شەمس) وردەکاریی کاراکردنەوەی پەرلەمان و دانوستانەکانی پێکهێنانی حکوومەتی نوێی خستەڕوو و رایگەیاند: کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکان بووە نەک دژی هیچ لایەنێک، هاوکات دووپاتی دەکاتەوە کە دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت لە جەوهەری دیموکراسی ناکات و نابێت هەرگیز شەڕی ناوخۆ لە کوردستاندا هەبێت؛ سەبارەت بە بەغداش جەخت دەکاتەوە کە چارەسەری کێشەکان بە ڕێزگرتن لە دەستوور و فیدراڵی دەبێت.

پێشکەشکار: بینەرانی بەڕێز، بەخێربێن بۆ ئەم دیدارە تایبەت و ناوازەیەی ئەمڕۆ کە چاوەڕوانکراو بوو لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێم، بەڕێز مەسرور بارزانی. سەرەتا سوپاس. سوپاس کاک مەسرور بۆ دیدارەکە. پێویستە لێرەدا بگوترێت کە خاوەن جێدەستێکی گەورەیت و ئەمە پێداهەڵگوتن نییە، بەڵکو واقیعێکە ئێمەی رۆژنامەنووسانی عەرەب لە هەولێر دەیبینین لەم دەستکەوتە گەورانە، هەر کەسێک بێتە ئێرە بە تایبەت ئەگەر دوای ماوەیەکی زۆر سەردان بکات بڕوا بەوە ناکات کە دەیبینێت. لە راستیدا پڕۆژەی زۆر گەورە هەن، رێگەوبان و باڵەخانەی گەورە، ژێرخانگەلێک کە پلان و کاریان لەسەر دەکرێت، ئەمەش هەمووی بەهۆی ئەو هەوڵە گەورەیەوەیە کە دەیدەیت. ویستم سەرەتا پیرۆزباییت لێبکەم پێش ئەوەی دەست بە کێشە سیاسییەکان و خەمەکانی دەوروبەری ئەم هەرێمە بکەین. پیرۆزت بێت و زۆر سوپاس بۆ پێشوازیکردنت لە ئێمە. رێزدار سەرۆکوەزیران، باسی هەموو ئەم پێشکەوتنە گەورەیە دەکەین، بەڵام لە ناوچەیەکی هەمیشە گرژ و پڕ لە ئاڵۆزیدا. ئەمڕۆش هەرێم وەک نموونەیەک لە جیهانی عەرەبیدا دەردەکەوێت، بەڵام هەندێک شت روودەدەن وا لە خەڵک دەکەن گومان بکەن، بە تایبەت ئەوەی لەم دواییانەدا روودەدات دەربارەی حکوومەت و پێکهێنانی سەبارەت بە لێدوانەکەی بافڵ تاڵەبانی کە گوتبووی دەیەوێت هەرێم بکاتە دوو بەشەوە. بە تەواوی چی روودەدات؟

مەسرور بارزانی: خۆشحاڵم لەگەڵتانم و سوپاس بۆ قسەکانتان. بێگومان، ئەو پێشکەوتنەی لە کوردستان دەیبینن، بەرهەمی خەباتی چەندین ساڵ و دەیەی گەلەکەمانە. دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پێشمەرگانە و کەسوکاری شەهیدان و هەموو ئەوانەی لەو ساڵانەدا گیانیان بەختکرد بۆ هێنانەدیی ئەوەی ئەمڕۆ دەیبینن. رۆڵم هەبووە و شانازی دەکەم. بێگومان هەرچیمان کرد لە دڵەوە بوو. و ئێمە هەمیشە خۆم بە بەشێک لەم کۆمەڵگەیە و بەشێک لەم خاکە دەزانم. رەگمان لەم خاکەدا قووڵە. بۆیە هەرچی دەکەین، بە هەموو، دەزانن، دڵم و پاڵپشتیی تیمەکەمەوە دەیکەین و بێگومان، تێگەیشتنی خەڵکیش.
لەگەڵ ئەم پێشکەوتنەدا، گرنگترین شت ئەوەیە گەلەکەمان لە بەهای خۆیان تێبگەن و پێگەی خۆیان و بێگومان، بیرخستنەوەی مافەکانیان وەک نەتەوەیەک، کە شایستەی چین. زۆر دڵخۆشم بەوەی بەدەستمانهێناوە. بەڵام گرنگترین خاڵ ئێستا ئەوەیە چۆن بتوانین دەستکەوتمان بپارێزین. ئەوەی باستانکرد دەربارەی پەرەسەندنەکانی دابەشکردنی کوردستان، بێگومان سەرناکەوێت، چونکە کەس نە مافی هەیە و نە دەسەڵاتی دابەشکردنی کوردستانی هەیە. کوردستان بەرهەمی، وەک گوتم، هی شەهیدانمانە، هی پێشمەرگەمان، گەلەکەمان و خۆڕاگریی گەلەکەمانە. ماندووبوونێکی زۆرمان بۆ ئەم دەستکەوتانە بینیوە و کەس ناتوانێت کوردستان لەسەر ئارەزووی خۆی یان ئەجێندایەکی گوماناوی دابەشبکات.

پێشکەشکار: ئایا رێزدار سەرۆکوەزیران، ئەمڕۆ دانوستان هەیە بۆ هێورکردنەوەی ئەم دۆخە یان کار گەیشتووەتە ئاستی ناکۆکی کۆتایی نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی؟

مەسرور بارزانی: هەمیشە هیوا هەیە. ئێمە هەرگیز هیچ دەرگایەکمان دانەخستووە و ئەوەی کردوومانە هەرگیز دژی کەس نەبووە. من پێم وانییە کاردانەوەیان زۆر لۆژیکی بووبێت، راستگۆیانە بڵێم. با بگەڕێینەوە دواوە. دوو ساڵ هەڵبژاردنمان هەبوو. پەرلەمانمان نەیدەتوانی کۆببێتەوە بەهۆی ناکۆکی لەسەر پۆستەکان و پێکهێنانی حکوومەت. گەیشتە ئەو ئاستەی کە نەیارەکانمان سکاڵایان بردە دادگەی فیدراڵی کە پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، کە حکوومەت هەڵبوەشێنرێتەوە. وە بێگومان ئێمە لە قۆناخێکدا بووین کە شەرعییەتی خۆمان کەوتبووە ژێر پرسیارەوە. بۆیە دوو بژاردەمان هەبوو، یان پاراستنی شەرعییەتی دامەزراوەکانمان یان رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەی کاردانەوە یا کاردانەوە نالۆژیکییەکانی نەیارەکان. بێگومان بەرپرسیارێتیمان بوو وەک بەرپرسیارێتییەکی نەتەوەیی، بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی بۆ هەموو ئەوانەی بڕوایان بە هەرێمی کوردستان و مافەکانی هەیە کە دەبێت هەنگاو بنێین و پەرلەمان کارا بکەینەوە، کە ئەمەش دووبارە، دژی هیچ کەسێکی دیکە نەبوو. ئەو کاردانەوەیەی کە بینیمان زیادەڕەوی بوو لە بۆچوونی هەندێک کەس لەسەر ئەوەی کارەکان چۆن بن. بێگومان شەرعییەتی هەرێمەکەمان و دامەزراوەکانمان پەیوەستە بە پرۆسەی دیموکراسییەوە. لەسەر پێوەر و بۆچوونی تەنیا یەک کەس دانەمەزراوە سەبارەت بەوەی کارەکان چۆن دەبێت بن. کەواتە ئەوەی کردمان بۆ پاراستنی دامەزراوەکان و دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە شەرعییەتی کوردستان پارێزراوە و ئێمە بەرپرسیارین بەرامبەر بە دەنگدەرانمان کە دەنگیان بەو ئەندام پەرلەمانانە داوە. بۆیە رەخساندنی کەشێک تا پەرلەمان کار بکاتەوە و دواتر دەستپێکردنەوەی دانوستان لەسەر پێکهێنانی حکوومەت یان بەرەوپێشبردنی پرۆسەکە مەبەستی ئێمەیە. و بێگومان، دەرگاکان کراوەن و، هیوادارم بتوانین دانوستانەکان دەستپێبکەینەوە لەگەڵ هەر کەسێک کە باوەڕی بە پرۆسەی دیموکراسی و ئاییندەی کوردستان هەیە.

پێشکەشکار: باسی دیموکراسی دەکەیت رێزدار سەرۆکوەزیران، ئەمەش پرسیارێکی سەرەکییە حەز دەکەم لێت بپرسم، ئەویش ئەوەیە راستە باسی پڕۆژە و ژێرخان و رێگەوبان دەکەین، بەڵام ئەو نموونەیەی کە لە هەولێر دروست بوو، هەمیشە قسەکانی ساڵی 1991ـی سەرۆک مەسعود بارزانیم بیردەکەوێتەوە کە دیدگای روون بوو، داوای هەڵبژاردنێکی پەرلەمانی کرد دەربڕی خەڵک و ئیرادەی گەل بێت لە ناوچەیەکدا بێ هەڵبژاردنی راستەقینە. ئایا ئەمڕۆ بەهۆی ئەم ناکۆکییانەوە نیگەرانیت بۆ ئەم نموونەیە؟ یاخود ئەم نموونەیە بەردەوام دەبێت و تا کۆتایی بەرگری لێدەکەیت؟

مەسرور بارزانی: دیموکراسی دەپارێزین. دەستکەوتەکانی گەلەکەمان دەپارێزین. بێگومان، ئەوەی کردوومانە شتێکە کە لە سەرەتاوە ئاسان نەبوو. بۆیە هەنگاوێک پاشەکشە ناکەین لەبەر ئەوەی کەسێک باوەڕی بە دیموکراسی نییە. با راستگۆ بین، بۆچی هەڵوێست دژی ئەم پرۆسەیە هەیە؟ هەڵبژاردنمان کرد. هەڵبژاردن ئەنجامی هەبوو. بێگومان دەبێت رێز لەم ئەنجامانە بگیرێت. ئەگەر کەسێک بەدەستی نەهێنێت ئەو کورسییانەی چاوەڕێی دەکرد، مانای ئەوە نییە دەبێت تەواوی پرۆسەکە رابگرێت یان پەکبخات، تەنیا لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنێکدا باش نەبوو. دەبێت ئەنجام قبووڵ بکات. ئەوە رێزە لە دیموکراسی. ئەوە رێزگرتنە لە ئیرادەی خەڵک. پاشانیش بەپێی ئەوە مامەڵە بکەن، دەتوانن ببنە بەشێک لە هاوپەیمانێتیی پێکهێنانی حکوومەت، یان لە ئۆپۆزسیۆندا بمێننەوە. دیموکراسی ئاوا ناسراوە لای زۆربەی جیهان. بەڵام ئەگەر تێڕوانینیان وا بێت کە یان بە قسەی من، یان هیچ، ئەوە قبووڵکراو نییە. ئەوە رێگەی ئەوە نییە کە پێشکەوین و بتوانین خزمەتی خەڵکمان بکەین. لێرەدا، پێموایە زۆر روون بوو کە یەکێتی، بە داخەوە، بەو هاوپەیمانێتییەی لەگەڵ لایەنێکی تر پێکیانهێنا، نەک بە پرۆسەی دیموکراسی، بەڵکو بە بەکارهێنانی هێز بەرەنگارمان بوونەوە و بە کردەیی پەرلەمانیان پەکخست یان بە بارمتەیان گرت بۆ دوو ساڵ و نەیانهێشت کارەکانی بکات. ئەمە یارمەتیدەر نییە و خزمەت ناکات خزمەت بە پرۆسەکە ناکات. سەرەتا، کاتێک دوو ساڵ پەرلەمانمان نەبوو، گازندەیان دەکرد پەرلەمان نییە. بۆیە دەبێت بچین و پەرلەمان هەڵبوەشێنینەوە. ئێستا کە پەرلەمان کارا کراوەتەوە، دیسان گازندەی ئەوە دەکەن کە پەرلەمانێکی کارا هەیە و قبووڵی ناکەین، دەبێت پەرلەمان هەڵبوەشێندرێتەوە. دەبێت بڕیار بدەن. ئایا لەگەڵ پرۆسەی دیموکراسیدان یان دژین؟ بە هەر حاڵ، پێموایە کاردانەوەیان زۆر هەڵە بوو. با ئەوەشتان وەبیربهێنمەوە، ئەوان بوون کە هەڵوێستێکی زۆر نەرێنییان بەرامبەر نووسینەوەی دەستووری کوردستان وەرگرت، کە لە دەستووری عێراقیشدا هاتووە دەبێت لە هەرێم دەستووری خۆمان هەبێت. کەواتە رێگەنەدان بە بوونی ئەم دامەزراوە شەرعییانە و پشتگیریکردنیان، تەنیا لەبەر ئەوەی ئەجێندای تایبەتی خۆیان هەیە و دەیانەوێت، لە کاتی نەبوونی دامەزراوە شەرعییەکاندا مەرامی خۆیان پێش بخەن، قبووڵکراو نییە. زۆربەی خەڵکی کورد قبووڵی ناکەن. بێگومان شەرعییەتیش لە دەنگی خەڵکەوە دێت. ئەوانەی پشتگیریی خەڵکیان هەیە، شەرعییەتیشیان هەیە، تەواو.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆکوەزیران، درێژە بەوەی کە دەتگوت، باو وابووە کە پارتی دیموکرات سەرکەوێت لە هەڵبژاردنەکاندا و زۆرینە بەدەستبهێنێت، بەڵام ئەم پرسیارەم کردووە چەندین جار لە کاک مەسعود کە دەیگوت دەگەڕێینەوە بۆ 50 بە 50. پرسیم بۆچی؟ دەیگوت بۆ ئەوەی لە شەڕی ناوخۆ بەدووربین. ئایا ئەم ستراتیژ و سیاسەتە کۆتایی هات کە پارتی هەمیشە سازش بکات و بڕوات بە پرەنسیپی 50 بە 50 بۆ دوورکەوتنەوە لە شەڕ؟ پرسیارێکی سەختم هەیە، بەڵام خەڵکی سەرقاڵ کردووە. ئایا ئێمە بە هیچ جۆرێک بەرەو شەڕی ناوخۆ دەچین لە کوردستاندا؟

مەسرور بارزانی: وەڵامە سادەکە نەخێرە. پێش هەموو شتێک، با باسی هەڵبژاردن بکەین. بۆچی هەڵبژاردن دەکرێت؟ هەڵبژاردن بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئەوە دەکرێت براوەیەک هەبێت و کەسێک کە لەوانەیە نەیباتەوە. پێیان ناڵێم دۆڕاو، چونکە ماوەیەک هەیە کە تێیدا هەڵبژاردن 4 ساڵ، هەموو 4 ساڵ جارێک دەکرێت. ئەگەر ئەمجارە نەیبەیتەوە، مانای ئەوە نییە جارێکی تر نایبەیتەوە. دابەشکردنی 50 بە 50 گوزارشت ناکات لە سروشت یان جەوهەری دیموکراسی، وەک ئەوەی دەبێت بێت. هەڵبژاردن دەبێت، ئەنجام دەردەچێت، دەبێت رێزی لێبگریت. ئەگەر کەسێک 50%ـی دەنگەکانی نەبێت، نییەتی. بێگومان ناتوانێت داوای مافی ئەوە بکات، بەکارهێنانی 50%ـی حکوومەت یان دەسەڵات. بەڵام بە درێژایی ساڵان، پارتی براوەی هەموو هەڵبژاردنەکان بووە و، زۆر سازشکاریش بووە. هەمیشە ئامادە بوون سازش بکەن و زیاتر بدەنە رکابەرەکان و ئەو لایەنەی دەیویست بەشێک بێت لە پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەت، یان لەپێناو یەکڕیزیی نیشتمانی و لەپێناو ئاشتی و ئاوەدانیدا. ئەم جارە بابەتەکە ناکۆکیی دوو حزب نییە. بابەتەکە شەرعییەتی تەواوی هەرێمی کوردستانە. ئەگەر دەستوورمان نەبێت، ئەگەر پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی شەرعی نەبێت، تەواوی پڕۆسەکە دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە. کەواتە پەیوەندی بەوەوە نییە کام حزب کورسیی زیاترە. بەڵکو پاراستنی خودی دامەزراوەکەیە. ئەمەیە لە راستیدا، دەزانن، جیاوازییەکە. ئێستا، بگەڕێینەوە سەر پرسیارەکەی تر، سەبارەت بەوەی شەڕی ناوخۆ دەبێت، هیوادارم نەخێر. دەزانن سەرۆک بارزانی، هەمیشە گوتوویەتی نابێت هیچ شەڕێکی ناوخۆی کورد هەبێت و، بانگەوازم بۆ تەواوی کوردستان ئەوەیە، دەبێت خۆمان لە شەڕ بەدوور بگرین لەناو کورددا، لە ناوچە یان حزبەکاندا، نابێت پێشمەرگە رووبەڕووی یەک ببنەوە و شەڕی یەکتر بکەن. هەمیشە ناکۆکیی سیاسی دەبێت. هەمیشە رووبەڕووی جۆرێک لە ئاڵنگاری دەبینەوە. بەڵام هیوادارم، هەمووان تێبگەن کە پێویستە لەوە تێپەڕین بە شێوەی سەربازی رووبەڕووی یەک ببینەوە لەسەر ناکۆکییە سیاسییەکان.

پێشکەشکار: دوا پرسیارم پێش ئەوەی بچینە سەر تەوەرەی پەیوەندی لەگەڵ بەغدا. لە سۆشیال میدیا دەنگۆیەکمان بینی، کە بە دەنگۆی دادەنێم چونکە لێرەین، بەڵام وەک دەزانیت، دەنگۆگەلێک بە زۆری بڵاودەبنەوە و دەڵێن کە هەندێک کەستان دەستبەسەر کردووە لە هۆتێلەکاندا بە زۆر، منداڵتان رفاند، هەڕەشەتان لە خێزان کرد. ئەم هەواڵانە لەکوێوە دێن؟ دەمەوێت روونی بکەیتەوە، بەڕێز سەرۆک.

مەسرور بارزانی: ئەمە بێمانایە. زۆر کەس هەست بە بەرپرسیارێتی دەکەن. هەست دەکەن بەرپرسن بەرامبەر ئەو خەڵکەی دەنگی پێداون و، شەرم دەکەن کە ناتوانن ئەرکی خۆیان وەکو نوێنەر بەجێبهێنن بۆ ئەوەی بێن و لە پەرلەمان نوێنەرایەتیی خەڵکیان بکەن. جگە لە ئەندامانی پارتەکەمان و هاوپەیمانەکانمان، ئەندامیش لە پارتەکانی دیکە هەن وەک یەکێتی و نەوەی نوێ و ئەوانی دیکە کە دەیانەوێت بێن بەشداری لە دانیشتنی پەرلەماندا بکەن و کارای بکەنەوە و ئەو شەرەفی رزگارکردنی دامەزراوەکە. ئێمە ستایشی کارەکەیان دەکەین. ئەوان لەژێر هیچ فشارێکدا نەبوون. ئەمە تەنیا چەند تۆمەتێکە چونکە لایەنەکانی دیکە نەیانتوانی رێز لە پیشەی ئەندامانی پەرلەمان بگرن. بێگومان، ئەوان بڕیاریاندا رێگەی دروست هەڵبژێرن و بێن پەرلەمان کارا بکەنەوە. ئەوەی گوتت تەواو پێچەوانەکەیەتی. تەواو بە پێچەوانەوەیە. ئەوان خەڵکیان بێزار دەکرد تا نەیەن، چونکە زۆر کەسی دیکەش هەبوون کە دەیانویست بێن و بەشداری لە کاراکردنەوەی پەرلەماندا بکەن. بێزاریان کردن و ئەندامانی خێزانیان گرتن. هەڕەشەیان لێکردن. هەڕەشەی لێکەوتەی توندیان لێکردن، لە خۆیان یان خێزانەکانیان، ئەگەر بەشداری بکەن، بێگومان. بەڵام کاتێک نەیانتوانی رێگری لە تەواوبوونی نیسابی یاسایی بکەن بۆ ئەوەی دانیشتنی پەرلەمان بکرێت، ئەوکات دەستیان بە بڵاوکردنەوەی ئەم دەنگۆ و تۆمەتە بێمانایانە کرد. ئەوانە هیچی دیکە نین جگە لە تۆمەتی هەرزان بۆ داپۆشینی شکستیان. دڵنیات دەکەمەوە کە هەموو بەشداربووانی ئەو دانیشتنە بەوپەڕی پشتیوانیی خۆیانەوە هاتبوون بۆ ئەم پرۆسەیە و، ئەوەش بڕیاری خۆیان بوو.

پێشکەشکار: بە هەر حاڵ، ویستم ئەم پرسیارە بکەم و وەڵامەکەش دەزانم چونکە لە هەولێر دەژیم. من لە هەولێر نیشتەجێم لەگەڵ رۆژنامەنووسانی کەناڵی شەمس، باشترین شت بگوترێت لەسەر ئەم هەرێمە، هەستکردنە بە ئارامی. هەست بە دەزگا هەواڵگرییەکان ناکەین، هەست بە ترس و هەڕەشە ناکەین. هاوکارانی ژنمان هەن دەڵێن هەندێک جار کاتژمێر 2ی شەو لە هەولێر پیاسە دەکەن و هەست بە ئارامی تەواو دەکەن. بەڵام ویستم بەڕێزت ئەم پرسانە روون بکەیتەوە چونکە مەبەستیان تێکدانی ئەم سەقامگیری و ئارامییەیە کە لە هەرێمدا هەستی پێدەکەین. بە هەر حاڵ، بەڕێز سەرۆکوەزیران، ئامادەیت هەندێک سازش بکەیت بۆ ئەوەی هەرێم بتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت؟

مەسرور بارزانی: پەیوەندی بە منەوە نییە. پەیوەندی بە پرۆسەکەوەیە. هەموومان بەشێکین لە پرۆسەکە. پرۆسەیەکی دیموکراسیمان هەیە. دەستمان پێکردووە و دەبێت رێز لە ئیرادەی گەل بگرین. لە کۆتاییدا خەڵکن کە بڕیار دەدەن چ جۆرە حکوومەتێکیان پێویستە هەیانبێت و دەیانەوێت چ ئاییندەیەک دروست بکەن. تەنیا رۆڵی خۆمان دەگێڕین. گوتوومانە کە ئامادەین زۆر بەخشندە بین لە پێشنیازمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت و کارکردن لەگەڵ هاوبەشەکانمان و هاوپەیمانانمان، بەو هیوایەی لەگەڵ هەموو ئەو ئەندامانەی کورسییان لە پەرلەمان بردەوە، بێن و حکوومەتێکی گشتگیر پێکبهێنین. ئامادەین لەگەڵیان کار بکەین و زۆر نەرم بین. بەڵام بێگومان، هەموو شتێک سنووری هەیە و دەبێت لە چوارچێوەیەکی گونجاودا بێت. بێگومان دەبێت رێز لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بگیرێت. ئایا لەم نزیکانەدا حکوومەتێکی نوێ دەبێت؟ وەک گوتم، پرۆسەیەک هەیە، ئێمە ئامادەین و هیوادارین کە لەم ماوەیەی لەبەردەستماندایە، بتوانین لەگەڵ هەمووان کار بکەین بۆ ئەوەی چارەسەرێک بدۆزینەوە، رێگەیەکی ئاشتییانە، بەبێ گرژییەکی زیادە و ناپێویست کە دروستیان کرد. هیوادارم بێنەوە سەر خۆیان و باوەڕیان بەوە هەبێت کە یەکڕیزیی کوردستان باشترینە بۆ هەمووان، بۆ هەموومان، بۆ ئەوانیش و بۆ ئێمەش، تا بتوانن بێن و لەگەڵمان کار بکەن بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ. ئامانجمان ئەوەیە، بەڵام بێگومان پرۆسەکە ناوەستێت ئەگەر کەسێک نەیەوێت بە شێوەیەکی لۆژیکی مامەڵە بکات. ئێمە دەستوورێکمان هەیە. لە دەستووردا عێراق وڵاتێکی فیدراڵییە. کوردستان بەشێکە لەم سیستمە فیدراڵییە و، ئێمە خاوەنی قەوارەیەکین بە ناوی هەرێمی کوردستان. مافی دیاریکراومان هەیە. ئەرکمان هەیە، بەڵام مافیشمان هەیە. دەبێت رێز لەم مافانە بگیرێت. پێموایە کێشەی سەرەکی عەقڵییەتی هەندێک کەسە کە هێشتا لە فیدراڵیزم تێناگەن یان قبووڵی ناکەن. بە هەر شێوەیەک، هاوکار نین لەوەی پرۆسەکە بچێتە پێش یان دەستوور وەک پێویست جێبەجێ بکرێت. ناتوانیت هەڵبژاردەیی بیت لە دەستنیشانکردنی بڕگە و مادەکانی دەستووردا کە خزمەت بە لایەنێک دەکات و ئەوانی تر پشتگوێ بخەیت. پاکێجێکە، پاکێجێکە لە سازشکردن. هەموومان دەنگمان بەم دەستوورە دا چونکە بڕوامان بە تەواوی پرۆسەکە و گشت دەستوور هەبوو، نەک تەنیا بەشێکی دەستوور. پێویستە لە بەغداش رێز لەوە بگیرێت. پێموایە کێشە سەرەکییەکە لە عەقڵییەتدایە. کە فیدراڵیزم قبووڵ و پەسەند بکەن، چارەسەری کێشەکانمان ئاسانە. فیدراڵیزم دابەشبوون نییە. دابەشکردنی وڵاتەکە نییە. لە بنەڕەتدا وەرگرتن یان دابەشکردنی بەرپرسیارێتییە. و کاتێک عێراق سەرەتا دەستوورەکەی نووسی، ئێمە بە ئارەزووی خۆمان چووین و قبووڵمانکرد دانوستان لەسەر سیستمێک بۆ تەواوی وڵات بکەین کە فیدراڵیزم بوو. هەڵبژاردەی خۆمان بوو ببینە بەشێک لەم سیستمە فیدراڵە. دابەشبوون نەبوو، چونکە پێشتر قەوارەیەکی سەربەخۆی دیفاکتۆ بووین بەر لە نووسینی دەستوور. بە ویستی خۆمان چووینە ناو وڵاتەکەوە و بڕوامان وابوو بە بەرپرسیارێتیی هاوبەش دەتوانین وڵاتێکی زۆر باشتر بنیات بنێین، وڵاتێک کە تێیدا مافی هەموو پێکهاتەکان و تەواوی پێکهاتەی وڵاتەکە و گشت کۆمەڵگە جیاوازەکانی رێزیان لێ بگیرێت و مسۆگەر بکرێن. پێویستمان بە گەرەنتییە بۆ داهاتوویەکی باشتر کە هیچ کەسێک یان ئەجێندایەک یان پارتێک یان نەتەوەیەک یان گرووپێکی مەزهەبی باڵادەست نەبێت و مافی ئەوانی تر پێشێل نەکات کە لە رووی ژمارەوە کەمن. بێگومان، عێراق هی هەمووانە و پێویستە مافی یەکسانمان هەبێت. فیدراڵی ئەو گەرەنتییانەت پێدەدات کە مافەکانت پارێزراون. دەبێت ئەرکەکانت جێبەجێ بکەیت، بەڵام مافەکانت دەبێت گەرەنتی بکرێن. نابێت هەڵبژاردەیی مامەڵە بکەیت و هەوڵ بدەیت چارەسەری بەدیل بۆ دەستوور بدۆزیتەوە، بۆ ئەو مافە دەستوورییانەی لە دەستووری عێراق خۆیدا هاتوون. بۆیە پێموایە بۆ ئەوانەی باوەڕیان بە دەستوور نییە، خەتای خۆیانە کە بە هەڵە تێگەیشتوون، تێڕوانینی هەڵەیان هەیە و تێناگەن کە چۆن، فیدراڵی دەتوانێت چەند بەهێز بێت بۆ وڵات تا وڵاتێکی زۆر بەهێزتر بنیاد بنێت، کاتێک بە ئارەزوومەندانە پێکەوە کار دەکەن. وێنای وڵاتێک بکە کە تێیدا هەست بکەیت سەر بەوێیت و بەرپرسیارێتیی هاوبەشتان هەیە و دەتوانن پێکەوە بن و پێکەوە بەهێزتر بن. بەڵام ئەگەر هەست بکەیت هەمیشە ئەم هێزە باڵادەستە هەیە کە دەیەوێت بچووکت بکاتەوە یان لە سەرەوە سەیرت بکات، کاردانەوە دروست دەکات. ئەمەش بە درێژایی ساڵان هەر بەم شێوەیە بووە. پێموایە مێژوو پڕە لە وانە. هەر کەسێک لە مێژوو فێر نەبێت، مەحکوومە بە دووبارەکردنەوەی. پێموایە لەم بارودۆخەدا، باشترین، باشترین شت بۆ عێراقی ئەمڕۆ، رێزگرتنە لە دەستوور و لە خودی فیدراڵی، پاشان پێکەوە کارکردنە بۆ بنیادنانی وڵاتێکی باشتر.

پێشکەشکار: سەرۆکوەزیرانێکی نوێ هەیە، گەنجێک لە پاشخانێکی ناسیاسی، پاشخانی کارسازی، عەلی زەیدی، سەرۆکی نوێی حکوومەت. گەنجێک بە بڕیار و بە بژاردەی دەوڵەت، نەک میلیشیای چەکدار. یەک سوپا. پاشخانێکی ناسیاسی، پاشخانێکی بازرگانی. عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی نوێ، کەسایەتیی عەلی زەیدی وەک گوتمان نایەت شتانێک دەڵێت حەزمان لێیەتی. ئەو باوەڕی بە بڕیار و بژاردەی دەوڵەتە نەک میلیشیا چەکدارەکان، یەک سوپا. سەرەتا لەگەڵ سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی کۆبوویتەوە. پێتوایە بە کەسایەتی عەلی زەیدی، وەک گوتمان، بەبێ پاشخانی سیاسی یان تایفی، پێشکەوتنێک لەو پەیوەندییە هەمیشە گرژانەی مووچە و مافی هەرێم و هەموو کێشەکانی پێشتردا رووبدات؟

مەسرور بارزانی: هەرگیز پەیوەندی بە کەسەوە نییە. بێگومان، رێزێکی زۆرمان بۆ سەرۆکوەزیران زەیدی و بۆ هەموو سەرۆکوەزیرانەکانی دیکە هەیە. کەواتە پەیوەندی بە کەسایەتی یان کێشەی کەسییەوە نییە. پەیوەندی بە مافەکانی وڵاتەکەمان و هەروەها هەرێمی کوردستان لە عێراقدا هەیە. چاوەڕوانین مافەکانمان رێزیان لێ بگیرێت و هەندێک کێشەی هەڵپەسێردراو هەن پێویستە چارەسەر بکرێن. بێگومان، تەواوی پاڵپشتیمان داوەتە سەرۆکوەزیران زەیدی، بەو هیوایەی رێگەیەک بۆ پێشەوە بدۆزینەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و رەخساندنی ژینگەیەکی زۆر باشتر و دۆخێکی باشتر بۆ تەواوی وڵاتەکە. زۆر بە هیوایین بتوانین بگەینە رێککەوتن. بێگومان، تا ئێستاش ئەم کێشانە بە چارەسەرنەکراوی ماونەتەوە و هێشتا چارەسەر نەکراون. ئێمە بەهیوایین، بۆیە نامەوێت هیچ پێشبینییەک بۆ داهاتوو بکەم. بەڵام بێگومان، مەبەستمان زۆر روونە، پاڵپشتیکردنی سەرۆکوەزیرانێکە کە دەستوور جێبەجێ بکات وەک خۆی، هەروەها رێز لە مافەکانی هەرێم لە عێراقی فیدراڵدا بگرێت.

پێشکەشکار: بۆ بەردەوامبوون لە بابەتەکە، ئەمڕۆ ئەمریکییەکان کەواتە هەندێک دەڵێن پێویست بە گرووپی چەکدار ناکات، پێویست بە گرووپی چەکدار ناکات دوای کشانەوەی. دەگوترێت کورد نیگەرانن لە نەبوونی پاراستنی ئەمریکا. ئایا نیگەرانیت لە نەبوونی ئەمریکا. بەڵام دەگوترێت کورد نیگەرانە لە نەمانی پاراستنی ئەمریکا. نیگەرانی نەمانی ئەمریکان کە هاوپەیمانتان بوون؟

مەسرور بارزانی: بەڕاستی زۆر جێگەی دڵتەنگییە کە خەڵکی ناو یەک وڵات نیگەران بن لەوەی هێزێکی سەربازی زاڵ بێت بەسەریاندا و پێویستیان بە هێزێکی دەرەکی بێت بیپارێزێت. بەڵام بەداخەوە، ئەمە دۆخی دەیان ساڵ بووە کە لە رابردوودا تێپەڕین. بێگومان، زۆر سوپاسگوزاری پشتیوانیی ئەمریکییەکانین بۆ کوردستان و تەواوی عێراق، بە راستی. دەزانن، عێراق لە لێواری داڕماندا بوو کاتێک داعش دەستی بەسەر زۆر ناوچە و چەندان پارێزگای وڵاتدا گرت. سەرەتا پێشمەرگە بوو کە داعشی راگرت و دواتر پاشەکشەی پێکرد. پاشان، بێگومان عێراقی دیکەش هاتە پێشەوە بە هێزە ئەمنییەکانی خۆیەوە و پێکەوە داعشمان تێکشکاند. ئەوە ئەزموونێکی زۆر باش بوو بۆ پێشاندانی ئەوەی کە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ یەکتر چۆن سوود بە هەمووان دەگەیەنێت. ئێمە زۆر سوپاسگوزاری ئەمریکییەکانین. بەڵام با پێت بڵێم، دۆزی ئێمە رەگێکی قووڵی لە مێژوودا هەیە. ئێمە دۆزێکی زۆر پیرۆزمان هەیە، کە دۆزی کوردە لە عێراقدا. و بێگومان پێویستمان بە پشتیوانیی دۆستانە. پێویستمان بە ویلایەتە یەکگرتووەکان، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەواوی جیهانە کە پشتیوانیمان بکەن. بەڵام بێگومان هیوادارین بتوانین کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین و بەغدا وەک قەوارەیەکی نامۆ سەیری کوردستان نەکات، بەڵکو وەک بەشێک لە وڵات کە لە راستیدا بڕبڕەی پشتی سەقامگیری و هەروەها بووژانەوەی ئابووریی عێراقە. ئەوەشمان پێشان داوە. دەزانن، کوردستان بەدرێژایی ئەم ساڵانە سەلماندوویەتی کە تا چەند گرنگە بۆ سەقامگیریی وڵاتەکە، تا چەند گرنگە بۆ سەقامگیری و بووژانەوەی ئابوورییەکەی و، تا چەند گرنگە بۆ سەقامگیریی سیاسیی وڵاتەکە. بێگومان، ئێمە بەشێکین لەم پرۆسەیە. ئێمە بەشێکین لەم وڵاتە و هیوادارین ئەم نیگەرانییانە بە باشی چارەسەر بکرێن و هیچ نیشانەیەک لە هیچ جۆرە نیگەرانییەک، لە لایەن خەڵکمانەوە نەمێنێت، چونکە هەندێک ئاماژە هەن کە کاتێک خەڵکمان دەیانبینن، رەنگە پێیان دڵخۆش نەبن. بۆیە هیوادارم ئەو ئاماژانە نەمێنن و چیتر بوونیان نەبێت.

پێشکەشکار: ئایا گەشبینیت حکوومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی عەلی زەیدی دەتوانێت کە سوپای عێراق یەکبخات تا سوپایەکی عێراقی هەبێت وە چەک لە دەستی میلیشیاکان وەربگیرێتەوە؟ یان تۆ ئەم ئومێدە بە دوور دەزانیت؟

مەسرور بارزانی: هیوادارم بتوانیت، بەڵام ئاسان نییە. بەڵام با هەندێک روونکردنەوە بدەم. کە دەڵێین سوپای عێراق، سوپای عێراق هەیە، بەڵام هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش هەن لە دەستووردا. تەواوی هێزە ئەمنییەکانی عێراق هێزی شەرعین و دەبێت رێزیان لێ بگیرێت. لەم حاڵەتەدا، پێشمەرگەمان هەیە کە هاوتای سوپای عێراق و هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراقن. کەواتە ئێستا سوپای عێراق یەکگرتووە. مەبەستم ئەوەیە، کەس ناڵێت سوپای عێراق یەکگرتوو نییە. نامەوێت لەسەر بنەمای گریمانە لێدوان بدەم، بەڵام ئەوەی کە سەرۆکوەزیران دەتوانێت هەموو ئەو هێزانەی کە لە دەستووردا بە شەرعی دانەنراون، بخاتە ژێر سەروەریی یاسا. هیوادارم بتوانێت. ئێمەش بۆ ئەوە پشتگیریی دەکەین. بەڵام بێگومان، ئەمە ئەرکێکی زۆر سەختە. ئاسان نییە، چونکە هەندێک ئەجێندا هەن. هەندێک جاریش دەترسم کە چارەسەری جیاواز پێشنیاز بکرێن و رەنگە ئەو پێشنیازانە خزمەت بە ئامانجەکە نەکەن. بۆیە پێموایە سەرۆکوەزیران دەبێت زۆر وریا بێت لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسانە، بەڵام هیوای سەرکەوتنی دەخوازین. بێگومان پشتگیریی ئێمەی دەبێت لە گەڕاندنەوەی سەروەریی یاسا بۆ تەواوی وڵات.

پێشکەشکار: بەڕێز سەرۆکوەزیران، باسی ئەم میلیشیایانە دەکەین. ئێمەش لە لوبنان بە دەست چەکی دەرەوەی دەوڵەت دەناڵێنین، دەشزانین ئەم میلیشیایانە یان ئەم گرووپانە وەفادارن بۆ ئێران، ئێمە ئەمڕۆ لە نێوەندی شەڕێکی ئەمریکی ئیسرائیلی ئێرانیداین کە لەوانەیە پەرەبستێنێت. ئەم شەڕە چۆن کاریگەری لەسەر هەرێم دانا، بە تایبەت کە هەندێک گرووپ ئاشکرا درۆن و مووشەکیان دەگرتە هەرێم لە کاتی شەڕدا بە بیانووی ئەوەی بنکەی ئەمریکی هەیە یان بنکەی سەربازی لە کوردستان هەیە؟ هەرێم چۆن لەم شەڕە کاریگەر بوو؟ داهاتووی نزیک چۆن دەبینیت؟ ئایا هێشتا بێلایەنن سەرەڕای هەموو ئەو هێرشانەی کرانە سەر هەرێمی کوردستان؟

مەسرور بارزانی: کوردستان بێزارە لەوەی بەشێک بێت لە هیچ شەڕێک. دەمانەوێت خەڵکمان بە ئاشتی بژی. ئەم پەیامەمان هەمیشە گەیاندووە. نامانەوێت ببینە بەشێک لە هیچ پێکدادانێک. بەڵام بێگومان مافی تەواوی بەرگری لەخۆکردنمان هەیە ئەگەر هێرشمان بکرێتەسەر. بەداخەوە، هەبوون هێرشی زۆر، زیاتر لە 1050 هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر کوردستان، هەندێکیان دژی هێزەکانی هاوپەیمانان، بەڵام ئەوانی تر دژی، دەزانن، کوردستان و بێگومان هەندێکیشیان دژی ئەو کەمپانەی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران کە هەن. بێگومان، ئێمە پێمانوایە ئەوە ئەرکی حکوومەتی فیدراڵییە دڵنیابێت لەوەی هیچ کام لەم هێرشانە لەناو خاکی عێراقەوە ئەنجام نەدرێن. بەڵام بەداخەوە، 50%، رەنگە زیاتر لە 50%ـی ئەم هێرشانە لەناو عێراقەوە بوون. بێگومان گرووپی بەرپرس هەن و ئەم گرووپانەش دەبێت لێیان بپرسرێتەوە. ئێستا پرسیارەکە ئەوەیە، حکوومەتی فیدراڵی لە کوێیە؟ ئەگەر حکوومەتی فیدراڵی کۆنترۆڵی ئەم گرووپانە دەکات، دەبێت لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات. ئەگەر کۆنترۆڵیان ناکات، ئەوا بۆشاییەکی گەورە لە بەرپرسیارێتی و سەروەریی یاسادا هەیە لەم وڵاتەدا کە پێویستە کاری لەسەر بکرێت و چارەسەر بکرێت. بێگومان، ئامانجی ئێمە ئەوەیە هاوکاریی حکوومەتی بەغدا، حکوومەتی فیدراڵی بکەین کە دەبێت کۆنترۆڵی تەواوی بەسەر هەموو هێزەکاندا هەبێت و، دەبێت هەمووان پابەندی یاسا بن و ببنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق. هەر شتێک، هەر شتێک لە دەرەوەی ئەم هێزە ئەمنییانە بێت نابێت هیچ جێگەیەکی لە وڵاتدا هەبێت.

پێشکەشکار: هەروەها دەبینین کە هەواڵ هەیە و زۆر دەبیستین کە ئەمریکییەکان پشت دەبەستن بە کورد و بە تایبەتی کوردی ئێران، بەڵام پشتیان بە سنووری هەرێم بەستووە تا کودەتا دژی رژێمی ئێران دەستپێبکات. بیستومانە چەک گەیشتووەتە دەست کورد بەڵام بەکارنەهێندراوە. دەبیستین پیلانی گەورە و زۆر لە خاکی کوردستانەوە دەستپێدەکەن. جەنابی سەرۆکوەزیران، دەتوانیت پشتڕاستی راستی یان ناڕاستیی ئەمە بکەیتەوە؟

مەسرور بارزانی: هەڵوێستی فەرمیمان زۆر روون بووە. کوردستان نابێتە بەشێک لە هیچ رووبەڕووبوونەوەیەک. ناهێڵێت خاکی کوردستان بەکاربهێندرێت دژی دراوسێکانی. ئەمە هەڵوێستی فەرمیمانە. هەر شتێکی دیکە تەنیا دەنگۆ و تۆمەتن کە زۆر کەس هەوڵدەدەن بەکاریبهێنن بۆ مەبەستی جیاواز. هەڵوێستی فەرمیمان زۆر روونە. هەرێمی کوردستان بەشێک نییە لەم ململانێیە و رێگە نادەین خاکەکەمان وەک هەڕەشە یان سەرچاوەی هەڕەشە بەکاربهێندرێت دژی دراوسێکانمان.

پێشکەشکار: ئایا پەیوەندیی باش لەگەڵ ئێران هەیە بە باشی دەزانیت یان ئاستی پەیوەندیی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێران چۆنە؟

مەسرور بارزانی: کێشەمان لەگەڵ هیچ دراوسێیەکمان نییە، لە نێویاندا ئێران. بە داخەوە، هەڵوێستی دوژمنکارانەی ئێران لە هێرشکردنە سەر کوردستان لە کاتی ئەم جەنگەدا، زۆر جێی داخ بوو. داوای روونکردنەوەمان کرد. نەیانتوانی روونکردنەوەی باوەڕپێکەر بدەن بۆچی هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان. بێگومان، باشترین پەیوەندیمان دەوێت لەگەڵ ئێران و گشت دراوسێکانمان. بەڵام پەیوەندی دەبێت دوولایەنە بێت. واتە دەبێت ئەوانیش ویستی پەیوەندیی باشیان لەگەڵ ئێمەدا هەبێت. بەڵام نیەتی ئێمە زۆر روونە. ئێمە پەیوەندییەکی باش و دۆستانە و دراوسێیانەمان لەگەڵ ئێران دەوێت.

پێشکەشکار: ناکرێت باسی سووریا و تورکیاش نەکەین. دەزانین پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا زۆر باشن. هەرێم و سەرۆک مەسعود بارزانی بووەتە نێوەندگیر بە جۆرێک هەر شتێک لە تورکیا رووبدات پەنا دەبەنە بەر سەرۆک مەسعود بارزانی. کاتێک لە سووریاش کێشەیەک دروست دەبێت، پەنا دەبەنە بەر سەرۆک مەسعود بارزانی. ئەمەش بە هەرێمی داوە رۆڵێکی گەورە لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا. زۆرێک لە سوورییەکان وەک پایتەختی سیاسی دەڕواننە هەرێم و هەولێر و وەک خەونێکی بەدیهاتووی خۆیانی دەبینن. من لە قامیشلی بووم، سوورییەکان وا باسی هەولێر دەکەن وەک خەونێکی دەستپێڕانەگەیشتوو بێت. پێت وایە سوورییەکان بتوانن فیدراڵییەک بەدیبهێنن لە سووریا، کە هاوشێوەی فیدراڵیی دەستووری عێراق بێت؟

مەسرور بارزانی: ئێمە ناتوانین پێیان بڵێین چ سیستەمێک باشترینە بۆیان. دەبێت خۆیان بگەنە ئەوەی بۆ هەموویان باشترین بێت. بێگومان، نکوڵی لە گەلی کورد لە سووریا ناکرێت. ئەوان بوونیان هەیە، مافیان هەیە و پێویستیان بە یەکسانی و دادپەروەری هەیە. بێگومان رۆڵی ئێمە، بە تایبەت سەرۆک بارزانی ئەو رۆڵەی کە گێڕای، لە دوورکەوتنەوە لە هەر جۆرە ململانێیەک یەکجار گەورە بوو. خۆلادان لە شەڕیش دەستکەوتێکی گەورە بوو. ئێستا، ئەوەی لەمەودوا روودەدات، بە شێوەیەکی بنەڕەتی پێویستە کورد و هەروەها دیمەشق دانوستاندنی لەسەر بکەن. بیستوومانە کە دیمەشق ئێستا رازی بووە بەوەی رەگەزنامە بداتە کورد کە بەداخەوە هەرگیز نەیانبووە ئەو دەرفەتەی وەک هاووڵاتیی یەکسانی سووری سەیر بکرێن. ئەمە هەنگاوێکە بەرەوپێش. ناڵێم هەموو مافەکانی کورد دەستەبەر دەکرێن، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمە دەرفەتێکی باش و هەنگاوێکی باشە بۆ پێشەوە. و هیوادارم کە، وەک دەزانن، لەگەڵ هەنگاونانیان بەرەو پێش، بتوانن بگەنە سیستمێک کە باشترین بێت بۆ هەمووان. تەنیا کورد نییە، وەک دەزانین، سووریا پێکهاتەی زۆری هەیە. بۆیە پێویستە هەموویان هەست بە ئارامی و یەکسانی بکەن لە وڵاتدا.

پێشکەشکار: دەگەڕێمەوە بۆ هەرێم، جەنابی سەرۆکوەزیران. ئەم ئەڵقەیەمان دەستپێکرد بەوەی لە هەرێم روودەدات بۆ ئەوەی کەمێک لە سیاسەت و خەمە سیاسییەکان دووربکەوینەوە، بەڵام دەگەڕێینەوە سەر خواستەکە، خواستەکە. دەزانم کە جەنابت هەموو رۆژێک پڕۆژەی نوێ رادەگەیەنیت، رۆژانە سەرسام دەبین بە وەبەرهێنانی نوێ و ژمارەی ئەو گەشتیارانەی دێنە کوردستان، نەک تەنیا لە عێراق و بەغدا و پارێزگاکانی باشوورەوە، بەڵکو لە دەرەوە و وڵاتانی عەرەبیشەوە. هەمووان ئەم سەرسامییەیان هەیە. هەندێک کەس دوبەییان لە یادە کاتێک لە لووتکەی گەشەدا بوو، ئەمڕۆش باسی هەولێر دەکرێت وەک دوبەیی نوێ، سەرەڕای جیاوازیی کولتوور و جیاوازیی سروشتەکەی، بەڵام ئەمڕۆ ئەوەی بنیات دەنرێت و بینیمان دەیکەیتەوە، هۆتێل یان هاوینەهەواری مۆڤێنپیک، پرسیارەکە لێرەدا چۆن دەتوانیت ئەم وەبەرهێنەرانە قایل بکەیت بێنە هەرێمێک لە دەوروبەرێکی هێندە گرژدا؟

مەسرور بارزانی: متمانە. متمانە کلیلەکەیە. پێموایە متمانەیان پێمە و، سەلماندوومە کە هیچ مەبەستێکم نییە جگە لە خزمەتی خەڵک و رێزگرتن لە مافەکانیان. بێگومان، لەژێر سزادا بووین بە بەردەوامی. بودجەکەمان هەرگیز لە کاتی خۆیدا یان بە تەواوی نەنێردرا. مووچەکانمان نەدەدران. بەڵام نەوەستاین. نەماندەتوانی مل بۆ ئەو گوشارە ئابوورییە بدەین کە خرابووە سەرمان. دەبوو بەرەو پێش بچین. دەبوو دڵنیابین لەوەی ئابووریمان گەشە دەکات و خەڵکەکەمان گۆڕانکاری ببینن و رۆژانە زیاتر و زیاتر خزمەتیان بکەین. شایستەی خزمەتگوزاریی زیاترن. بۆیە سەرنجم خستە سەر ئەوە بوو سەرەتا سەیری ژێرخان بکەم و چی باشترینە کە خەڵک پێویستیان پێیەتی. دەزانن خەڵک پێویستی بە هەموو خزمەتگوزارییەکانە، جا کارەبا بێت، ئاو بێت و، گواستنەوە، بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان، نەهێشتنی رۆتین و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، گرنگیدانی زیاتر بە پەروەردە و کەرتی تەندروستی. بۆیە هەموویانمان تاقیکردەوە. بەداخەوە سندووقی پێویستمان نەبوو بۆ پشتگیریکردنی هەموو دیدگا و کارنامانەی کە بەشێکن لەو ئامانجانەی لە کارنامەکەماندا هەن بۆ ئەوەی ئابوورییەکی زۆر باشتر لە ئەمڕۆشمان هەبێت. ئەوەش لەبەر ئەوە بوو سزا بەسەرماندا هەبوو. و هێشتاش دەبینین بەربەست هەن. لە راستیدا هاوکارییەکی ئەوتۆمان لە کەسەوە پێ نەگەیشتووە لەو بارەیەوە. بەڵام دڵنیاتان دەکەمەوە لە هەموو ئەو کاتانەدا کە هیچمان نەبوو، هێشتا هیوامان هەبوو. ئەگەر نەمتوانیبێت هیچ شتێک پێشکەشی خەڵک بکەم، هەمیشە هیوام پێداون. ئەوەش وایکرد لەسەر پێی خۆیان بمێننەوە. سوپاسی کەرتی تایبەتیش دەکەم. کەرتی تایبەت رۆڵێکی گرنگی گێڕا لە هاتنە پێشەوە و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی و خۆیان پڕۆژەکانیان جێبەجێکرد. زۆر جار پرسیار دەکرێت سندووقی ئەم هەموو پڕۆژەیە لەکوێ دەهێنن؟ پێمان نییە. کەرتی تایبەت دەیکات. تەنیا ئەوەیە چۆن میکانیزمی گونجاو دەدۆزیتەوە و کار لەگەڵ کەرتی تایبەت دەکەیت بۆ رێزگرتن لێیان و دەستەبەرکردنی مافەکانیان. ئەوە یەکەم. دووەم، دەبینن کە هەندێک جار گازندە دەبیستین لەوەی بۆچی لە هەندێک ناوچە پڕۆژەی زیاتر هەیە و لە هەندێک ناوچەشدا پڕۆژەی ئەوەندە زۆر نین. پشتگیریی ناوخۆیی و کۆمپانیا ناوخۆییەکان و کەرتی تایبەت وەڵامەکەن. لە هەندێک ناوچەدا، کەرتی تایبەت زیاتر متمانە بە دەسەڵاتی ناوخۆ دەکات. بۆ نموونە لە هەولێر و دهۆک ئەم گەشە و پێشکەوتنە دەبینیت، بەڵام لە هەندێک ناوچە نایبینیت. ئەوەش چونکە دەسەڵاتی خۆجێی، کەرتی تایبەت ناچاردەکات ببنە هاوبەشیان و پشکیان پێبدەن. بێگومان ئەوە سوودی نییە. هاوکاری ناکات. بۆیە پێموایە حوکمڕانیی خراپ، حوکمڕانیی ناوخۆیی لە شوێنێکدا بووەتە ئەو هۆکارەی کە هەندێک جار بە هەڵە لێکدرایەوە یاخود بڕیاری هەڵەی لەسەر درا. بەڵام راستییەکە ئەوەیە کاتێک متمانە دروستدەکەیت، بێگومان دەتوانیت پشتگیریی کەرتی تایبەت بەدەستبهێنیت و پێکەوە کاربکەن. ئەوەی کردوومانە، دڵنیات دەکەمەوە دەمانتوانی زۆر زیاتریش بکەین ئەگەر ئەگەر پشتگیریم هەبووایە، لە ناوخۆ و لە ناوچەکەشدا زیاتر لەوەی ئێستا هەمانە.

پێشکەشکار: دوا پرسیارم، بەڕێز سەرۆکوەزیران، چونکە ماوەیەک لە ئەمریکا ژیاون، هەستدەکەم کولتوورێکی ئەمریکی هەیە کە ئێوە پێی کاریگەر بوون. نازانم لەسەر حەقم یان نا، بە تایبەت کاتێک باسی دیموکراسی دەکەن و لە سیاسەتدا هیچ لە هەڵبژاردنی رابردوودا بینیمان دیموکراتەکان بردیانەوە. ساڵی دیکە بۆ کۆمارییەکان. لە لایەکی دیکەوە، سەرنجتان لەسەر ژێرخان و پێشخستنی هەرێم، تەنانەت بە زانستیشەوە، ئەگەر لێتان بپرسم، بە چ پڕۆژەیەک شانازی دەکەن؟ باسی کولتووری ئەمریکی پشت بە میرات دەبەستێت. مرۆڤ چی جێدەهێڵێت دوای بەجێهێشتنی پۆستەکەی؟ بە چی یادی بکەن؟ دەتەوێت جەنابت خەڵکی کوردستان مەسرور بارزانی بە چی لەیاد بکەن؟

مەسرور بارزانی: دەمەوێت باوەڕ بکەن کە من بە هەموو دڵسۆزییەک و بە هەموو توانامەوە خزمەتم کردوون. دڵخۆشی و رەزامەندیی ئەوان، گەورەترین پاداشتە بۆ من. هیچم لەوان ناوێت. دەمەوێت دڵخۆش بن. دەمەوێت ژیانێکی باش بژین. گەورەترین پاداشتە بۆم. بێگومان لە خەڵک فێردەبیت. مەبەستمە، من لە ئەمریکا بووم و خوێندم، بەڵام زۆربەی ژیانم لێرە ژیاوم. کەواتە کاتێک هەست بە خەڵکەکەت دەکەیت، کاتێک لەگەڵیان دەژیت، لەگەڵیان داهاتوو بنیاد دەنێیت، ئامادەیت لەگەڵیان بژیت و بمریت، ئەوەیە ئەو پەیوەندییە دروست دەکات لەنێوان تۆ و خەڵکدا. دەمەوێت ئەو پەیوەندییە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر بێت. گەلی من باشترین سەرمایەیە، باشترین دەستکەوتە و هەموو شتێکە کە هەمانە.

پێشکەشکار: سەرۆکوەزیران، سوپاس بۆ دیدارەکە، بریا کاتمان دەبوو، شت زۆرە باسی بکەین، بە هیوای دیدارێکی دیکەتان، بە ویستی خوا، دەتوانین قسەی لەسەر بکەین بەڵام ئەمە دەمانهێڵێتەوە بەم زووانە. سوپاس بۆ پێشوازیکردن و پێدانی ئەم دەرفەتە. بینەران، لەم دیدارە تایبەتەدا لەگەڵ سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی بووین. بە هیوای دیدارێکی دیکە.

مەسرور بارزانی: زۆر سوپاس.