فیدان: کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بۆ پرۆسەی ئاشتی گرنگ بوو
فیدان: پرسی گەرووی هورمز چەقیوە و تێچووی جەنگی ئەمەریکا و ئێران زیاتر دەبێت
وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، جەنگی ئەمەریکا و ئێران و چەقبەستوویی گەرووی هورمز بارگرانیی ئابوورییان لەسەر جیهان قورستر کردووە، هاوکات ئاشکرای کرد کە دۆناڵد ترەمپ فەرمانی بە روبیۆ کردووە پرسی سزاکانی کاتسا دژی تورکیا چارەسەر بکات.
شەممە 21ی تشرینی دووەمی 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی «تی جی ئاڕ تی خەبەر» (TGRT Haber)باسی لەوە کرد، ئەو سیستەمە هەژموونگەرایەی دوای جەنگی جیهانیی دووەم بۆ 55 دەوڵەتی تۆمارکراو دامەزرا، ئیدی ئەمڕۆ وەک جاران کار ناکات.
لەبارەی لووتکەی نێوان ترەمپ، شی جینپینگ و پووتنیش، وەزیری دەرەوەی تورکیا گوتی، کۆبوونەوەی ئەو سێ وڵاتە و گفتوگۆکردن بۆ رێگری لە خراپتربوونی کێشەکان زۆر گرنگە، هەرچەندە بە بۆچوونی کەسیی خۆی پێدەچێت لە پرسی چەکی ئەتۆمیدا هەنگاوێکی زۆر گەورە نەهاوێژرێت.
سەبارەت بە جەنگی ئەمەریکا و ئێران، فیدان گوتی تێچووی ئابووریی ئەم جەنگە رۆژ بە رۆژ بۆ زۆرێک لە وڵاتان سەختتر دەبێت و بەرەو کاریگەریی وێرانکەر دەچێت. روونیشی کردەوە، پرۆسەکە لەبارەی گەرووی هورمزەوە لە چەقبەستووییدایە و رێککەوتنی ئەمەریکا و ئێران نەک تەنیا بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز، بەڵکوو بۆ کەمکردنەوەی قەیرانی دارایی جیهانیش گرنگە. فیدان گوتیشی، کاتێک ئەمەریکا وەک هێزێکی بریکار بۆ وڵاتێکی دیکە دەچێتە جەنگەوە، لێپرسینەوەی لێ دەکرێت کە ئایا پێش هەموو شتێک ئەمەریکا یان پێش هەموو شتێک ئیسرائیل؟
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لە بوونی پەیوەندییەکی جددی لە نێوان سەرۆککۆماری تورکیا و دۆناڵد ترەمپدا کرد و گوتی: کشانەوەی ئەمەریکا لە سووریا و عێراق بۆ پڕۆژەی ناوچەی ئاشتی ئێمە بابەتێکی زۆر گرنگ و ناوەندی بوو.
سەبارەت بە سزاکانی کاتسا ، فیدان رایگەیاند کە لە بابەتە یاساییەکاندا دەسەڵاتی ئیدارەی ئەمەریکا سنووردارە، بەڵام رەخنەی گرت لەوەی زۆر وڵات سیستەمی بەرگریی رووسییان کڕیوە و پرسیاری کرد ئەمەریکا کامەیانی خستووەتە ژێر ئەو سزایانەوە. گوتیشی: لۆبیی ئیسرائیل و یۆنان لە ئەمەریکا دژی هەڵوێستی تورکیا کار دەکەن، بەڵام ئیرادەی سیاسی بۆ هەڵگرتنی سزاکان هەیە و ترەمپ فەرمانی بە روبیۆ کردووە ئەم بابەتە چارەسەر بکە.
لەبارەی دۆخی سووریاوە، فیدان گوتی کە کێشەکە نیەتەکانی ئیسرائیلە و باسی لەوە کرد کە لە باشووری سووریا درووزییەکان دابەش بوون بەسەر سێ هۆزی گەورەدا؛ دوو هۆزیان لەگەڵ حکوومەتی سووریان و دژی ئیسرائیلن، بەڵام یەکێکیان لەلایەن ئیسرائیلەوە پشتگیری دەکرێت و هەفتانە لە رێگەی هێلیکۆپتەرەوە چەک و تەقەمەنییان بۆ دەبردرێت، هەوڵی ورووژاندنیش دژی سوپای سووریا دەدەن تا سوپای ئیسرائیل بیکاتە بیانوو بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک دژی سووریا.
لەبارەی دۆخی غەززەشەوە، فیدان رایگەیاند، بڕێکی دیاریکراو خۆراک دەچێتە ناو غەززە، بەڵام تەنیا خۆراک بەس نییە؛ بە گوتەی ئەو، سەرۆککۆماری تورکیا فەرمانی کردبوو هەزاران کۆنتێنەری سەردەمی بوومەلەرزە رەوانەی غەززە بکرێن، بەڵام ئیسرائیل بە پاساوی ئەوەی کانزان و دەکرێت لەلایەن حەماسەوە بۆ دروستکردنی چەک بەکار بهێنرێن، رێگە بە چوونەژوورەوەیان نادات. گوتیشی هەر لایەنێک راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ یارمەتیی جینۆسایدی غەززە بدات، بەردەوام دەبێت لە دانی باجی سیاسی.
لەبارەی هاوپەیمانیی مەککەوە، فیدان گوتی کارە دامەزراوەییەکان بە باشی بەڕێوە دەچن و بڕیارە سەرەکییەکان دراون، و وڵاتانی ئەندام دڵنیایی بە یەکتر دەدەن کە هێرش ناکەنە سەر یەکتر. سەبارەت بە رەخنەکانی ئۆپۆزسیۆن لەسەر ناردنی سەرباز بۆ یەمەن، وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕوونی کردەوە کە هیچ بڕیارێک بۆ هێشتنەوەی سەرباز لەناو یەمەندا نییە، بەڵام پشتگیریی پێویست بۆ بەرگری لە سعوودیە دەکرێت کە لەگەڵ نزیکەی 30 وڵاتدا هاوکاری دەکات، دووپاتیشی کردەوە کە بەشداریکردن لە هەر جەنگێکی گشتگیردا پێویستی بە بڕیاری پەرلەمان هەیە.