سوپای یەمەن: لە 24 کاتژمێردا 816 هێرشمان کردووەتە سەر حووسییەکان
هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا 816 ئۆپەراسیۆنی سەربازییان دژی پێگە، هێزی پاڵپشتی و کۆبوونەوەکانی حووسییەکان کردووە و لە ئەنجامدا 149 سەرکردەی مەیدانی و چەکداری حووسی کوژراون یان بریندار بوون و 71 ئۆتۆمبێل و کەرەستەی جەنگی تێکشکێنراون.
شەممە 21ـی تشرینی دووەمی 2026، عەقید روکن ماجید عەبدوڵڵا نوزەیلی، گوتەبێژی فەرمیی هێزە چەکدارەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا کە لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردووەتەوە، رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی پڕۆژەی بەرەبەیانی یەمەن و بە پاڵپشتیی بەرگریی جەماوەری کراون. بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ئۆپەراسیۆنەکان بریتی بوون لە 699 تۆپبارانی مەیدانی، 65 ئۆپەراسیۆن بە درۆن، 38 ئۆپەراسیۆن بە مووشەکهاوێژەکان و 14 هێرشی ئاسمانی، هاوکات هێزەکانیان بەردەوامن لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بەرپەرچدانەوەی هێرش و هەوڵەکانی دزەکردنی حووسییەکان و بێدەنگکردنی سەرچاوەکانی تەقەکردنیان لە بەرە جیاوازەکاندا.
سەبارەت بە دۆخی بەرەکانی شەڕ، گوتەبێژەکەی هێزە چەکدارەکانی یەمەن رایگەیاندووە، عەدەن ئارامە و سەرجەم پێکهاتە سەربازییەکانی تایبەت بە پاراستنی عەدەن و پارێزگاکانی باشوور لە ژێر فەرماندەییەکی یەکگرتوودا کار دەکەن، و زیانیشیان بە حووسییەکان لە پێگەکانی پێشەوەدا گەیاندووە. هەروەها رایگەیاندووە، هێزەکانیان لە پارێزگاکانی لەحج، زالع و ئەبیەن هەوڵەکانی پێشڕەوی و دزەکردنی حووسییەکانیان پووچەڵ کردووەتەوە و ناچاریان کردوون بکشێنەوە، لە کاتێکدا پێگە بەرگرییەکانی خۆیان بەهێز دەکەن و بەپێی پێشهاتە مەیدانییەکان مامەڵە دەکەن.
لە تەعزیش، وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، هێزە چەکدارەکان بە هاوکاریی بەرگریی جەماوەری بەرپەرچی هێرشی فراوانی حووسییەکانیان لە چەندین بەرەی شارەکە و دەوروبەری داوەتەوە و هەوڵەکانی دزەکردنیان پووچەڵ کردووەتەوە و دوای گەیاندنی زیانی مرۆیی و مادی ناچار بە پاشەکشەیان کردوون. هاوکات هێرشە ئاسمانی و تۆپبارانەکان پێگە، هێزە پاڵپشتەکان و کۆگاکانی چەکی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج، کە تێیدا نوزەیلی جەختی کردووەتەوە کە تەعز نەکەوتووە و ناکەوێت.
لە پارێزگاکانی جەوف و مەئریبیش، گوتەبێژەکە ئەوەی خستووەتەڕوو کە هێزەکانیان دەستیان بە سەرجەم پێگەکانی خۆیانەوە گرتووە لە هێڵەکانی پێشەوە و ئەو شوێنانەی کۆنترۆڵیان کردوون، هەروەها بەردەوامن لە کردنی ئۆپەراسیۆنی شەڕکردن و چاودێریکردنی جووڵەکانی حووسییەکان و کردنە ئامانجی پێگە و کۆگاکانی چەکیان. لە شەبوە و لەحجیش وەڵامی سەرچاوەکانی تەقەکردنیان داوەتەوە و پێگە و کۆبوونەوەکانی حووسییەکانیان بە ئامانج گرتووە، لەگەڵ بەردەوامبوون لە چاودێریکردنی کۆکردنەوەی هێزەکانی حووسییەکان لە ژمارەیەک بەرەدا و پاراستنی ئاستێکی بەرزی ئامادەیی سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەر هەڵکشانێکدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن حووسییەکانیان تۆمەتبار کردووە بە بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان لە رێگەی هاویشتنی مووشەکی بالیستی بۆ سەر ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی حکوومەت و تۆپبارانکردنی ماڵان لە گوندەکانی دەوروبەری تەعز، هەروەها تۆمەتباریان کردوون بە بەکارهێنانی گەمارۆ و برسیکردن دژی دانیشتووانی تەعز و ئەو کارانەیان بە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی وەسف کردووە و بەرپرسیارێتیی بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی ناسەربازی و موڵک و ماڵیانی خستووەتە ئەستۆی حووسییەکان.
لە کۆتاییدا، هێزە چەکدارەکانی یەمەن جەختیان کردووەتەوە کە هەڵکشانی سەربازیی حووسییەکان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پاشگەزیان ناکاتەوە و لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکانیان لە چوارچێوەی پڕۆسەی «بەرەبەیانی یەمەن»دا تا بەدیهێنانی ئامانجەکانیان بەردەوام دەبن، لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە ناسەربازییەکان بەپێی حوکمەکانی یاسای نێودەوڵەتیی مرۆیی.