گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەکرێت

فراوانبوونی خێرای شار، ماستەرپلان و نەخشە کۆنەکان بەرەو کۆتایی دەبات و قۆناخێکی نوێ لە رێکخستنەوەی شارسازی لە سۆران دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026،قەیتەران حەسەن، سەرۆکی شارەوانی سۆران وردەکاری گۆڕینی ماستەرپلانی شارەکەی بۆ کوردستان24 ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت، دوای فراوانبوونی شار و زیادبوونی پێویستی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بڕیاریانداوە بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیای جێبەجێکار گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی شار بکەن. 

گوتیشی، گۆڕانکاری لە نەخشەکان دەکرێت و لەمەودوا نەخشەی کۆن کاری پێناکرێت و نەخشەیەکی نوێ ئامادە کرێت و بڕیاریشە سەرەتای ساڵی داهاتوو دیزاینی گۆڕانکاری لە ماستەرپلانی سۆران تەواو بکرێت.

سەرۆکی شارەوانی سۆران ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم هەنگاوە ئامانجی ئەوەیە کۆتایی بە گەشەی بێسەروبەر بهێنێت و هاوسەنگی لە نێوان ژێرخانی شار و زیادبوونی خێرای دانیشتوواندا دروست بکات و هەروەها لە نێوان 25 بۆ 30 ساڵ ماستەرپلانی شار دەگۆڕێت و فراوان دەکرێت. بڕیاریشە چەندین پڕۆژەی دیکەی خزمەتگوزاری لە چوارچێوەی گۆڕانکارییەکان دا زیاد بکڕێن و بە چەند قۆناخێک گەشەی زیاتر بە شارەکە بدرێت.

لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەزار و 442 پڕۆژە بۆ ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێکراون و لە سەدا 80 ـی پرۆژەکانیش تەواو کراون.