لە یادی 15 ساڵەی کۆچی دوایی دانیال میتراندا گەلەرییەکی وێنە لە هەولێر کرایەوە
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بە بۆنەی یادی 15 ساڵەی کۆچی دوایی دانیال میتران، "دایکی کوردان"، گەلەرییەکی تایبەت بە وێنەی سەردانەکانی بۆ کوردستان کراوەتەوە. کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنساش لە هەولێر جەخت لە فراوانترکردنی هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکاتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ ژمارەیەک لە دەزگاکانی راگەیاندن ئاماژەی بەوە کرد، لە یادی 15 ساڵەی کۆچی دوایی دانیال میتران، کە بە "دایکی کوردان" ناسراوە، گەلەرییەکی تایبەت بە وێنەی سەردانەکانی بۆ هەرێمی کوردستان کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، وێنەکان پشتیوانی و پشتگیریی دانیال میتران بۆ پرس و دۆزی کورد پێشان دەدەن، بەتایبەت لەو کاتەی ژمارەیەکی زۆری کوردان ئاوارەی باکووری کوردستان ببوون و ناوبراو سەردانی کەمپەکان و هاووڵاتییانی کوردی دەکرد.
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "فەرەنسا هەمیشە و بەردەوام پشتیوانی لە کورد کردووە و ئەمڕۆش لەگەڵ کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا ئاماژەمان بە پەیوەندییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی فەرەنسا بەرامبەر بە کوردستان کردووە." جەختیشی کردەوە، حکوومەت و گەلی کوردستان ئەمەکدارن بەرامبەر بە فەرەنسا و لە هەرێمی کوردستان چەند شوێنێک بە ناوی دانیال میترانەوە ناونراون.
لەلای خۆیەوە، ئێمانوێل مینیۆ، کونسوڵی گشتیی نوێی فەرەنسا لە هەولێر، لە لێدوانەکەیدا رایگەیاند: "دانیال میتران خانمێکی زۆر میهرەبان بوو و میهرەبانیی خۆی بەرامبەر بە کورد گەیاندە هەموو فەرەنسییەکان." هەروەها سوپاسی پارێزگاری هەولێر و مەحموود هەولێری، وێنەگری هەولێری کرد بۆ ئەم گەلەرییە تایبەتە و گوتی: "هەولێر و هەرێمی کوردستان یادەوەری و میراتی دانیال میتران پێشان دەدەن." کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو، کە ئەوەی لە گەلەرییەکەدا زیاتر سەرنجی راکێشاوە، وێنەی دانیال میترانە لە نێوان سەرۆک بارزانی و مام جەلال. هاوکات ئاماژەی بەوە دا کە لە کاتی کۆچی دوایی دانیال میتراندا پەرلەمانی کوردستان ماتەمینی راگەیاندووە و دووپاتیشی کردەوە کە دەیانەوێت هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان فراوانتر بکرێت.
دانیال میتران، لە 29ـی تشرینی یەکەمی 1924 لە شاری ڤێردەنی فەرەنسا لەدایکبووە، هاوسەری فرانسوا میتێران سەرۆکی پێشووتری فەرەنسا بووە، پشتیوانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی فەرەنسا بووە، دامەزرێنەری دامەزراوەی فرانس لیبەرتێ، لە ساڵی 1991 تاوەکوو 2011 چەند جارێک سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد.
هەروەها پشتیوانییەکی زۆری لە دۆزی کورد کردووە و بە دایکی کوردان ناسراوە، لە لە 22ـی تشرینی دووەمی 2011 کۆچی دوایی کردووە.