286 کۆمپانیای بیانی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی خۆراک لە هەولێر بەشدارن

بە بەشداریی 286 کۆمپانیا لە 20 وڵاتی جیاوازەوە، نۆیەمین پێشانگای خۆراک لە هەولێر کرایەوە؛ پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە پێشەنگیی پایتەخت کرد لە راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانیش وادەی دەستپێکردنەوەی پڕۆژە راگیراوەکانی نیشتەجێبوونی لە سەرەتای مانگی ئایاری ساڵی داهاتوودا راگەیاند. 

ئەمڕۆ دووشەممە، 23ـی تشرینی دووەمی 2026، پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە رێوڕەسمی کردنەوەی نۆیەمین پێشانگای خۆراک لە هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پێشانگای نێودەوڵەتیی هەولێر وەک ناوەندێکی گرنگ بۆ نمایشکردنی بەرهەمی خۆماڵی و راکێشانی کۆمپانیا بیانییەکان، لەسەر ئاستی عێراق لە پلەی یەکەمدایە.

ئومێد خۆشناو گوتی: لەو پێشانگایەدا زیاتر لە 286 کۆمپانیا لە 20 وڵاتەوە بەشدارییان کردووە. پارێزگاری هەولێر جەختیکردەوە، گەشەسەندنی بەردەوامی ئەو پێشانگایانە بەڵگەی پێشکەوتن و ئارامیی پایتەخت و هەرێمی کوردستانە و خواستی کۆمپانیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ بەشداریکردن، ئاماژەیەکی ئەرێنییە.

ئومێد خۆشناو سەبارەت بە ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی "هاوتەریب لەگەڵ بەرنامەکانی سەرۆکوەزیران بۆ گرنگیدان بە بەرهەمی ناوخۆیی، دەبینین بە هەماهەنگیی دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، ژمارەی کۆمپانیاکان لە زیادبووندان و ئەوەش نیشانەی ئایندەیەکی گەشە بۆ هەرێمی کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی چالاکییەکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکی رۆژنامەنووساندا سەبارەت بە وەستانی کارکردن لە زیاتر لە 30 پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە هەولێر و کێشەی کوالێتیی کەلوپەلەکانی بیناسازی، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان روونیکردەوە، راگرتنی ئەو پڕۆژانە بڕیارێکی کاتییە و تەنیا بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و پێداچوونەوەی وردە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان ئاشکرایکرد، پڕۆسەی راگرتنەکە کاتییە و پێشبینی دەکرێت لە 1ـی ئایاری 2027 کارکردن لەو پڕۆژانە دەستپێبکاتەوە. ئامانج لەم هەنگاوە رێکخستنەوەی هاوسەنگیی نێوان خواست و خستنەڕوو لە بازاڕی خانووبەرەی هەرێمی کوردستانە.

سەبارەت بە نیگەرانیی هاووڵاتییان لە کوالێتیی کەلوپەلەکانی بیناسازی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان جەختیکردەوە، بەشێکی زۆری کەرەستەکان لەناو هەرێمی کوردستان بەرهەم دەهێنرێن و خاوەنی کوالێتییەکی باشن. سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان گوتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاراستنی مافی وەبەرهێنەران و هاووڵاتییان، چاودێریی پڕۆژەکان چڕتر دەکاتەوە تا کوالێتییەکی باشتر بۆ بازاڕ دابین بکرێت.