یەکەمین کۆنسێرتی کۆڕاڵی کوردی لە سوید بەڕێوەچوو
یەکەم کۆنسێرتی کۆڕاڵی کوردی، بە بەشداریی ژمارەیەک لە هونەرمەندان و ئەندامانی گرووپی کۆڕاڵی کوردی و بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک لە کوردانی نیشتەجێی ئەو شارە، لە شاری ڤێستروس لە وڵاتی سوید بەڕێوەچوو.
دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، دانا توانا، یەکێک لە بەڕێوەبەرانی گرووپی کۆڕاڵی کوردی بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم کۆنسێرتە یەکەمین کۆنسێرتی کۆڕاڵی کوردییە لە شاری ڤێستروس پێشکەش کرا و هەنگاوێکی گرنگ بوو بۆ بەهێزکردنی ئامادەبوونی موزیک و گۆرانیی کوردی لە نێو کۆمەڵگەی کوردیی نیشتەجێی سوید، هەروەها دەرفەتێک بوو بۆ ئەوەی گۆرانی و شیعری کوردی لە رێگەی پێشکەشکردنی کارێکی هاوبەش و کۆڕاڵییەوە بگەنە گوێی خەڵکی زیاتر."
دانا توانا سەبارەت بە تایبەتمەندییەکانی کۆنسێرتەکە گوتی، "یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی ئەم کۆنسێرتە، تێکەڵکردنی گۆرانی و شیعر لەگەڵ موزیکی کوردی بوو؛ ئەوەش وای کرد بەرنامەکە تەنیا پێشکەشکردنی چەند گۆرانییەک نەبێت، بەڵکو ببێتە دەرفەتێک بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی بەشێک لە یادەوەریی هونەری و کولتووری کورد لە ژینگەیەکی دوور لە نیشتمان."
بەڕێوەبەری گرووپەکە باسی لەوەش کرد، "لە کۆنسێرتەکەدا دەنگی گۆرانیی کوردی لەگەڵ ئامێرە موزیکییە جیاوازەکاندا تێکەڵ بوو و بەشداربووان بە شێوەیەکی هاوبەش بەشدارییان لە پێشکەشکردنی ئەم بەرنامە هونەرییەدا کرد. هەروەها بەشداربوونی مایسترۆ هەڵۆ و موزیکی ئەو، جۆش و تایبەتمەندییەکی زیاتری بە پێشکەشکردنەکە بەخشی بوو."
سەبارەت بە گۆرانی و شیعر و ئاوازە کوردییەکانی کۆنسێرتەکە، دانا توانا دەڵێت، "ئەو کۆنسێرتە بە گۆرانییە سۆزدارەکان، شیعر و ئاوازە کوردییەکان رازابووەوە و بووە شەوێکی تایبەت بۆ کۆمەڵگەی کوردیی ئەو شارە. هەروەها هیواخوازین ئەم گرووپە بتوانێت لە داهاتوودا کۆنسێرتەکانی خۆی لە شارەکانی دیکەی سویدیش پێشکەش بکات، تاکو ژمارەیەکی زیاتر لە کوردانی نیشتەجێی ئەو وڵاتە لە دەنگ و موزیک و بەرهەمە هونەرییەکانیان نزیک ببنەوە."
دانا توانا باس لە گرنگیی بەڕێوەچوونی ئەو کۆنسێرتە دەکات و دەڵێت، "گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە تەنیا لە پێشکەشکردنی بەرنامەیەکی موزیکی و خۆشگوزەرانی کۆمەڵایەتیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو لەو رۆڵە کولتوورییەدایە کە لە پاراستن و گواستنەوەی زمان و گۆرانی و شیعر و ناسنامەی کوردی بۆ نەوەکانی داهاتوو دەیگێڕن."
بەڕێوەبەری گرووپەکە ئاماژەی بەوەش دا، "بەتایبەتی بۆ ئەو کوردانەی لە دەرەوەی نیشتمان دەژین، گۆرانی و موزیک یەکێکن لەو پردە کولتوورییانەی کە پەیوەندییان بە زمان و خاک و یادەوەرییەکانی نیشتمانەوە دەپارێزن. پێکهێنانی گرووپی کۆڕاڵی کوردی و بەڕێوەبردنی کۆنسێرتی تایبەت بە گۆرانی و موزیکی کوردی، دەتوانێت هەنگاوێکی کاریگەر بێت بۆ ناساندنی دەوڵەمەندیی موزیکی کوردی لە ژینگەیەکی نێودەوڵەتیدا."
یەکەمین کۆنسێرتی کۆڕاڵی کوردی لە ڤێستروس، لەگەڵ ئەوەی رووداوێکی هونەری بوو، پەیامێکی کولتووریشی لەخۆگرتبوو؛ پەیامی ئەوەی کە گۆرانی و شیعر و موزیکی کوردی سنووری جوگرافیایی ناناسن و دەتوانن لە هەر شوێنێک، بە دەنگی هونەرمەندان و هاوئاهەنگیی دەنگەکان، زیندوو بمێننەوە.