ئەڵمانیا: مۆسکۆ بەنیازە مانگێکی دەستکردی هەڵگری ئەتۆمی رەوانەی بۆشایی ئاسمان بکات

حکوومەتی ئەڵمانیا رایگەیاند، ئەو راپۆرتانەی باس لەوە دەکەن رەنگە رووسیا پلانی هەبێت کۆتایی ئەمساڵ مانگێکی دەستکردی هەڵگری چەکی ئەتۆمی هەڵبداتە بۆشایی ئاسمان، زۆر بە جددی وەردەگرێت؛ لە بەرامبەردا مۆسکۆ ئەو زانیارییانەی بە پڕوپاگەندە و بێبنەما رەتکردەوە.

دووشەممە 23ـی تشرینی دووەمی 2026، بە گوێرەی راپۆرتێکی هاوبەشی کەناڵەکانی (NDR) و (WDR) و رۆژنامەی زوددۆیچە تسایتۆنگی ئەڵمانی کە پشتیان بە هەڵسەنگاندنی دەزگا هەواڵگرییەکانی رۆژئاوا بەستووە، دەزگای هەواڵگریی ئەڵمانیا (BND) و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە زانیارییان ئاڵوگۆڕ کردووە کە نیشانی دەدەن مانگێکی دەستکردی رووسی بە ناوی سپوتنیک-ئێس چەند ساڵێک پێش ئێستا کۆکراوەتەوە و لە ناوچەی مۆسکۆدا جێگیر کراوە.

راپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە هۆشدارییەکانی سەرەتای مانگی تشرینی دووەم خستیانەڕوو رەنگە مانگە دەستکردەکە لە ماوەی 60 رۆژدا هەڵبدرێت و ماوەیەکی کەم دوای ئەوە بکەوێتە کار. لە ئەگەری پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەنگاوەدا، دەبێتە پێشێلکردنی پەیماننامەی بۆشایی ئاسمانی ساڵی 1967 کە مۆسکۆ واژۆی لەسەر کردووە، هەروەها پەیماننامەی قەدەخەکردنی بەشەکیی تاقیکردنەوە ئەتۆمییەکانی ساڵی 1963، کە دانانی چەکی ئەتۆمی لە خولگەی زەوی و تەقاندنەوەی تاقیکاری لە بۆشایی ئاسماندا قەدەخە دەکەن.

ئەم راپۆرتانە هاوکاتن لەگەڵ بەرزبوونەوەی نیگەرانییەکان لەبارەی بەسەربازیکردنی بۆشایی ئاسمانەوە، دوای ئەوەی ترۆی مەینک، وەزیری هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا لە مانگی ئەیلوولدا بۆ یەکەم جار دانی بەوەدا نا کە واشنتن چەکی کۆنترۆڵکردنی بۆشایی ئاسمان لە خولگەدا جێگیر کردووە.

لە بەرامبەردا، دیمیتری پیسکۆڤ، گوتەبێژی کرێملن بە رۆژنامەنووسانی گوت: نەخێر، راپۆرتەکەمان نەبینیوە، بەڵام ئەوەندە بانگەشەی گوایە و ئەگەری تێدایە کە کەس نازانێت دەدرێتە پاڵ کێ، بۆیە هەر شایەنی ئەوە نییە بە جددی وەربگیرێت.

باڵیۆزخانەی رووسیا لە بەرلینیش رایگەیاند ئاگاداری هیچ پلانێکی وا نییە و راپۆرتەکانی بە بانگەشەی بێبنەما و بەشێک لە هەڵمەتێکی پڕوپاگەندە ناو برد، دووپاتیشی کردەوە چالاکییە ئاسمانییەکانی مۆسکۆ بە گوێرەی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و تەنیا بۆ ئامانجی ئاشتییانەن.

لە لایەکی دیکەوە، مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ فریدریش مێرتس، راوێژکاری ئەڵمانیا رایگەیاند کە هاوپەیمانییەکە بەردەوام دۆخی بەرپەرچدانەوە و بەرگریی خۆی هەڵدەسەنگێنێت و گوتی: دڵنیاتان دەکەمەوە هەمیشە بەرگری لە هەر بستێکی خاکی ناتۆ دەکەین، ئەوەش دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیمان لە لایەنی بۆشایی ئاسمانیش دەگرێتەوە.

پێشتریش لە ساڵی 2024، رووسیا و ڤلادیمێر پووتین لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکایان رەتکردەوە لەبارەی پەرەپێدانی چەکێک بۆ تێکشکاندنی تۆڕەکانی مانگی دەستکرد وەک سیستەمی ستارلینک کە سەربازانی ئۆکرانیا بەکاری دەهێنن لە رێگەی تەقینەوەی ئەتۆمی و دروستکردنی شەپۆلی کارۆموگناتیسی (EMP).

لەو کاتەدا جۆن کێربی، گوتەبێژی ئەوکاتی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا پشتڕاستی کردبووەوە، رووسیا چەکێکی نیگەرانکەری دژەمانگی دەستکرد پەرە پێ دەدات، و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەوکاتی ئەمەریکاش هیوای خواستبوو مۆسکۆ هەنگاوێکی زیانبەخش نەنێت.

سەرەتای ئەمساڵیش، جەنەراڵ مایکڵ تراوت، فەرماندەی فەرماندەیی بۆشایی ئاسمانی ئەڵمانیا بە پۆلیتیکۆی گوتبوو ناتوانێت ئەگەری کارکردنی رووسیا لەسەر تەکنەلۆژیای دانانی تەقەمەنیی ئەتۆمی لە خولگەدا رەتبکاتەوە و هۆشداریی دابوو کە تەقینەوەیەکی ئەتۆمی لە بۆشایی ئاسماندا رەنگە کاریگەری لەسەر سێیەکی مانگە دەستکردەکانی خولگەی نزمی زەوی دروست بکات و بەشێکی خولگەکە بۆ دەیان ساڵ بێسوود بکات. گومانەکانیش لە ساڵی 2022ەوە لە کاتی هەڵدانی مانگی دەستکردی تاقیکاریی کۆسمۆس 2553 زیاتر ببوون.