دانیاڵ مادلاند "ئاخۆ ئێستا"ی بڵاوکردەوە

دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، نوێترین بەرهەمی خۆی بەناوی "ئاخۆ ئێستا"، بەشێوەی ڤیدیۆ کلیپ بڵاوکردەوە.

دووشەممە، 23ی تشرینی دووەمی 2026، دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "هۆنراوەی گۆرانییەکە هی خۆمە و بۆخۆشم ئاوازەکەیم بۆ داناوە، میوزیکی بەرهەمەکە لە ستۆدیۆی دانیاڵ، بە هاوکاریی سیامەک فەقێزادە ئامادە کراوە و کاری چاککردنی کلیپەکەش لەلایەن سوپەر میدیایەوە ئەنجام دراوە."

دانیاڵ سەبارەت بە چۆنیەتیی دروستبوونی گۆرانیی "ئاخۆ ئێستا" دەڵێت، "ئەو دەستەواژەیە لە گۆرانیی کوردیدا بە کەمـی بەکارهاتووە و هەروەها شێوازی هۆنینەوەی هۆنراوەکەش تا راددەیەک جیاوازە و دووبارە نییە."

دانیاڵ مادلاند باسی لەوەش کرد، "بیرۆکەی بەشی یەکەمی هۆنراوە و ئاوازەکە نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر دروستبووە و لە شاری دیاربەکر کاری بۆ کراوە، کاتێک کەسێک چیرۆکی پەیوەندیی خۆشەویستیی خۆی بۆی گێڕامەوە، ئەو کەسە ماوەیەک بوو، لە خۆشەویستەکەی جیا ببووەوە و بە پرسیار و گومانەوە لە دۆخی ئەو کەسەی خۆشەویستەکەی دەدوا؛ لە گێڕانەوەکەیدا چەندین پرسیاری وەک؛ ئاخۆ ئێستا چی دەکات؟ ئاخۆ منی لەبیرە؟ هەبوون."

ئەو هونەرمەندە باس لە تۆمارکردنی ئەو گۆرانییە دەکات و دەڵێت، "من ئەو پرسیارانەم وەک بنەمایەک بۆ دروستکردنی بەشێک لە گۆرانییەکە بەکارهێناوە و لەگەڵ سەرکان تانیک، بە هاوکاریی پیانۆ بەشێک لە گۆرانییەکەم وەک تاقیکردنەوە تۆمار کردووە. دواتر کۆپلەی دووەمی هۆنراوەکەم نووسیوە و لە ستۆدیۆی تایبەتی خۆم لە هەولێر، بە هاوکاریی سیامەک فەقێزادە گۆرانییەکەم بە تەواوی تۆمار کردووە."

ئەو لەبارەی سەرچاوەی بەرهەمە هونەرییەکانییەوە روونی دەکاتەوە کە زۆربەی گۆرانییەکانی، بەڕادەی جیاواز، پشت بە چیرۆک و بەسەرهاتی راستەقینە دەبەستن؛ چیرۆکگەلێک هەندێکیان پەیوەندییان بە ژیانی خۆیەوە هەیە و هەندێکیشیان لە ژیان و ئەزموونی کەسانی ترەوە وەرگیراون."

دانیاڵ مادلاند، هونەرمەندی گۆرانیبێژی کورد، لەساڵی 1977 لە سەنگەسەر لەدایکبووە. دانیاڵ بە گۆرانی "بەبێ تۆ"، لەناو خەڵک ناسرا و ئەو گۆرانییەش بوو بە هۆکاری بەناوبانگ بوونی لە بواری گۆرانی کوردی. ناوبراو خاوەنی چەندین گۆرانی و بەرهەمی هونەرییە و هەواداری تایبەت بەخۆی هەیە.