سێ کەشتی نەوت بەهۆی مین لە گەرووی هورمز دەتەقنەوە

 هێزی دەریایی سوپای پاسداران  رایگەیاند، بەگوێرەی راپۆرتە مەیدانییەکان لە چەند کاتژمێری رابردوودا سێ کەشتی نەوتی سەرپێچیکار لە ئاوەکانی گەرووی هورمز بەهۆی بەرکەوتن بە مینی دەریایی تووشی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە بوون.

سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ئاژانسی تەسنیم بڵاویکردووەتەوە، یەکێک لەو کەشتییانە لە کەناراوەکانی باشوور و دوو کەشتی دیکەش لە رۆژهەڵاتی گەرووی هورمز تووشی رووداو بوونە. رایگەیاند، ئەم رووداوە لە کاتێکدا روویداوە کەشتییەکان لەژێر چاودێری و پاسەوانیی ئاسمانیی سوپای ئەمریکادا بوون و سوپای ئەمریکا نەیتوانی رێگری لە رووداوەکان بکات.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران  جەختیکردەوە، گەرووی هورمز شوێنی تاقیکردنەوەی رێڕەوە نایاساییەکان و گوێنەدان بە هۆشدارییە دەریاییەکان نییە. هاوکات سوپای پاسداران  هۆشداریی دایە خاوەن کەشتییەکان، فەرماندەکان و کۆمپانیاکانی کەشتیوانی پاسەوانیی سەربازیی سوپای ئەمریکا جێگەی پابەندبوون بە رێساکانی دەریایی و رێنماییەکانی ناوەندی کۆنترۆڵی هاتوچۆی هێزی دەریایی سوپا ناگرێتەوە.

هەروەها رایگەیاند، هەر جۆرە هاتوچۆیەک لە رێڕەوە نایاساییەکان و بێبایەخکردنی هۆشدارییە راگەیەندراوەکان بە سەرپێچی و هاوکاری لەگەڵ هێزەکان هەژمار دەکرێت و بەپێی رێساکانی راگەیەندراوەکان بە توندی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.