ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازیی رووسیا کۆریای باشووریان خستە ئامادەباشییەوە
بەگوێرەی ئاژانسی یۆنهاپ، ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازیی رووسیا چوونە ناو ناوچەی دیاریکراوی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور، لە کاتێکدا ئەو ئاژانسە سەرەتا باسی لەوە کردبوو فڕۆکەیەکی گوماناویی کۆریای باکوور سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەی بەزاندووە.
سوپای کۆریای باشوور بە ئاژانسەکەی راگەیاند: "ژمارەیەک فڕۆکەی سەربازیی رووسیا، نەک فڕۆکەی کۆریای باکوور، چوونەتە ناو ناوچەی دیاریکراوی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور لە سەرووی دەریای رۆژهەڵات (دەریای ژاپۆن)".
فڕۆکەکان دوای چوونە ناو ناوچەکەوە لە دوورگەی ئولۆنگدۆ نزیکبوونەوە، ئەمەش بەرپرسانی ناوچەکەی ناچارکرد هۆشدارییەک بۆ دانیشتووانی ناوچەی ئولۆنگ لە کەناراوەکانی رۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەربکەن. هاوکات وەزارەتی ناوخۆ و سەلامەتی ئاگادارییەکی بەپەلەی بۆ دانیشتووانی دوورگەکە نارد و داوای لێکردن پەنا بۆ پەناگەکان یان ناو باڵەخانەکان ببەن.
هۆشدارییەکە نزیکەی کاتژمێر 7:58، واتە پێنج خولەک دوای دەرچوونی هەڵوەشایەوە. پێشتریش یۆنهاپ رایگەیاند: "تەنێکی فڕیو کە پێدەچێت فڕۆکەیەکی کۆریای باکوور بێت، کاتژمێر 7:52 (22:52 بە کاتی گرینویچی دوێنێ دووشەممە) سنووری ئاسمانیی کۆریای باشووری بەزاندووە".
سوپای کۆریای باشوور روونیکردەوە، فڕۆکە رووسییەکان سنووری ئاسمانیی وڵاتەکەیان نەبەزاندووە. وەزارەتی بەرگریی کۆریای باشووریش رایگەیاند، فڕۆکە رووسییەکان لە سەرووی دەریای رۆژهەڵاتەوە چوونەتە ناو ناوچەی دیاریکراوی بەرگریی ئاسمانیی کۆریای باشوور و دواتر لێی دەرچوون، "لەکاتێکدا هێزەکانمان رێوشوێنی سەربازییان دەگرتەبەر"، کە ناردنی فڕۆکەی جەنگیشی لەخۆگرتبوو.
وەزارەتەکە روونیکردەوە، فڕۆکە سەربازییەکانی رووسیا تا سنووری ئاسمانیی ئێمە فڕین و هۆشدارییەکەش وەک رێوشوێنێکی خۆپارێزی دەرکراوە.
لەلایەکی دیکەوە، چۆنگ بینا، گوتەبێژی وەزارەتەکە گوتی: "سێئول بەنیازی بانگهێشتکردنی ئەتەشەی سەربازیی رووسیایە لە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، بۆ ئەوەی ناڕەزایەتییەکی توند لەسەر رووداوەکە پێ رادەست بکات".
ناوچەی دیاریکراوی بەرگریی ئاسمانی، ناوچەیەکی دابڕاوە لە دەرەوەی سنووری ئاسمانیی سەروەریی وڵاتان و بۆ چاودێریکردن و ناسینەوەی ئەو فڕۆکانە بەکاردێت کە لێی نزیک دەبنەوە.