وۆڵ ستریت جۆرناڵ: ئێران و رووسیا لە پشت هێرشی ئەلیکترۆنی کەشتییەکانن

رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" بڵاویکردەوە، ئەمریکا لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانی ئێران لە دەیان هێرشی ئەلیکترۆنی دەکات، کە کەشتییەکانی گواستنەوەی کەرتی وزەیان کردووەتە ئامانج. ئەم هەنگاوە دوای دروستبوونی نیگەرانی دێت لەوەی تاران مەودای پێکدادان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی دیجیتاڵی و پیلانگێڕان دژی هاووڵاتییانی ئەمریکی لە دەرەوەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست فراوان بکات.

رۆژنامەکە لە زاری بەرپرسانی ئەمریکی و کەسانی ئاگادار لە دۆسیەکە بڵاویکردەوە، پێدەچێت نزیکەی 50 کەشتی کە نەوت، گازی سروشتیی شل، چڕکراوەکان و کەرەستە مەترسیدارەکانی دیکە دەگوازنەوە، رووبەڕووی ئەو هێرشانە بووبێتنەوە.

هەروەها روونیکردەوە، هەندێک لەو کەشتییانە هۆشداری و هەڕەشەی بوونی بۆمبیان پێگەیشتووە، کە بە مەبەستی ئەگەری تەقاندنەوەیان بووە.

بەگوێرەی بڵاوکراوەکە، لە کاتێکدا ئێران وەک گومانلێکراوی سەرەکیی هێرشەکان دادەنرێت، دەسەڵاتدارانی ئەمریکاش پێیانوایە رەنگە روسیا لایەنێکی دیکەی ئەگەریی پشت ئەو هێرشانە بێت.