زێلێنسکی: رووسیا پلانی هێرشی نوێی بۆ سەر ئۆکرانیا هەیە
ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا رایگەیاند، دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی زانیارییان لەبەردەستدایە، کە ئاماژە بە پلانی رووسیا بۆ دەستپێکردنی هێرشی نوێ دەکەن. داواشی لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کرد، ئەو زانیارییانە لەبەرچاو بگرن، چونکە دابینکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی پەیوەستە بە بڕیارەکانی ئەوانەوە.
زێلێنسکی لە گوتارێکدا کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە بڵاوکرایەوە، گوتی: "دەزگا هەواڵگرییەکانمان زانیارییان لەبارەی ئامادەکارییەکانی رووسیا بۆ هێرشی نوێ هەیە"، بەڵام کاتێکی دیاریکراوی بۆ دەستپێکردنی ئەو هێرشانە دیاری نەکرد.
سەرۆکی ئۆکرانیا ماوەیەکی درێژە داوای زیادکردنی دابینکردنی چەکی بەرگریی ئاسمانی دەکات و دوێنێ دووشەممە دووپاتیکردەوە، دڵنیابوون لە هەبوونی پێداویستییەکان، مۆسکۆ لە پیشاندانی بێڕێزی بەرامبەر بە دیپلۆماسی و ژیانی مرۆڤ بێبەش دەکات.
هەروەها روونیکردەوە، گرنگە ئەو ئاماژانە لە ئەمریکا و وڵاتانی دیکەشدا لەبەرچاو بگیرێن، بەو پێیەی بڕیارەکانیان کاریگەرییان لەسەر دابینکردنی سیستەمەکانی بەرگری دژی مووشەکە بالیستییەکان هەیە بۆ پاراستنی شارەکان و ژێرخانی ئۆکرانیا.
سەرۆکی ئۆکرانیا خۆشحاڵیی خۆی بەو پشتیوانییە دەربڕی کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی کۆمەڵەی پەرلەمانیی ناتۆ پێشانی درابوو و رایگەیاند، ئەم هەڵوێستە دەریدەخات ئۆکرانیا شایستەی ئەوەیە پێگەیەکی لە هاوپەیمانییەکەدا هەبێت.
هێزەکانی رووسیا لە ئەیلوولی رابردووەوە بە بەردەوامی هێرشی ئاسمانی دەکەنە سەر کیێڤ و شارەکانی دیکە. لەو چوارچێوەیەدا، دوێنێ دووشەممە هێرشێک بۆ سەر گەڕەکێکی ناوەندیی پایتەخت، بووە هۆی برینداربوونی 5 کەس. یەکشەممەی رابردووش هێرشێکی دیکە بۆ سەر شارۆچکەیەک لە ناوچەی کیێڤ، 11 کوژراوی لێکەوتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، مۆسکۆ بەردەوام دژایەتیی خۆی بۆ هەر بیرۆکەیەکی ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ دەربڕیوە. هەفتەی رابردووش پاش دەستپێکردنەوەی دانوستانە سێقۆڵییەکان لەگەڵ کیێڤ و واشنتن بۆ چارەسەرکردنی ئەو ململانێیەی 4 ساڵ و نیوە بەردەوامە، جارێکی دیکە هەڵوێستەکەی خۆی دووپاتکردەوە.
زێلینسکی سەرەتای ئەم مانگە رایگەیاند، دانوستانکارانی ئەمریکی بیرۆکەی کشانەوەی ئەگەریی ئۆکرانیایان لە ناوچەی دۆنباس لە رۆژهەڵاتی وڵاتەکەیان لە بەرامبەر ئەندامێتی لە ناتۆ خستووەتەڕوو.
هاوکات ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا هەفتەی رابردوو پاش کۆبوونەوەی وڵاتانی پشتیوانیکاری ئۆکرانیا گوتی: "پێموایە دەبێت جارێکی دیکە پرسی ئەندامێتیی ئۆکرانیا لە ناتۆ بخەینەوە بەرباس".
لە بەرامبەردا، کۆشکی کرملین رەتیکردەوە هیچ لێدوانێک لەبارەی ئەو قسانەی زێلینسکی بدات کە سەبارەت بە پێشنیازی دانوستانکارانی ئەمریکی خستبوویەڕوو.