لیبیا خوازیارە کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە
وەزیری لاوانی لیبیا سڵاوی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی گەیاندە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێی راگەیاند، حکوومەتی لیبیا خوازە کونسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بکاتەوە.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 24ـی تشرینی دووەمی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە هەیسەم ئەلزەحاف، وەزیری لاوانی لیبیا کرد.
وەزیری لاوانی لیبیا، وێڕای خۆشحاڵی دەربڕین بە سەردانی هەرێمی کوردستان و بەشداریکردنی لە لووتکەی جیهانیی لاوان لە هەولێر، سڵاو و رێزی سەرۆکوەزیرانی لیبیای بە سەرۆکی حکوومەت گەیاند و جەختی لە گرنگیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان کردەوە و ئاماژەشی بەوە دا کە خوازیارن لە ئاییندەدا، کونسوڵخانەی لیبیا لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە.
سەرۆکی حکوومەت، ئامادەییی هەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لەگەڵ لیبیا دەربڕی.