پارتی سۆسیال دیموکرات: بەغدا هیچ دەرفەتێک بۆ کەمکردنەوەو مافەکانی کوردستان لەدەست نادات
پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هەڵوێستی بەرامبەر بڕیارەکانی ئەمڕۆی حکوومەتی عێراق راگەیاند و دەڵێت: زۆر لەمێژە گوتوومانە ئەو عەقڵیەتەی لەبەغدا حکووم دەکات هەمان ئەو عەقڵیەتەیە، کە بەدرێژایی مێژوو دژی کورد و مافەکانی کوردبووەو هیچ کاتێک هیچ دەرفەتێک لەدەست نادەن بۆ کەمکردنەوەو مافەکانمان. هەروەها داوای پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بۆ هەرێمی کوردستان دەکات.
د. فەرهاد تۆفیق، گوتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 24ی تشرینی یەکەمی 2026م، لە راگەیەندراوێکدا رەخنەی توندی لە بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵ بەرامبەر بە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان گرت و دەڵێت: بەداخەوە هەنگاوەکانی لەقاڵبدان و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە قۆناخێکی نوێ و بەجۆرێک، کە راستەوخۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت وەک تەواوی پارێزگاکانی عێراق کۆنتڕۆڵی هەرێمی کوردستانیش بکات.
هەر لە هەڵوێستەکەدا، پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان بە چەند خاڵێک مەرامەکانی حکوومەتی عێراق دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستان خستووەتەڕوو و رایگەیاندووە "زۆر لەمێژە ئێمە گوتوومانە ئەو عەقڵیەتەی لە بەغدا حکووم دەکات هەمان ئەو عەقڵیەتەیە، کە بەدرێژایی مێژوو دژی کورد و مافەکانی کوردبووەو هیچ کاتێک هیچ دەرفەتێک لە دەست نادەن بۆ کەمکردنەوەو مافەکانمان".
هەروەها ئاماژەیداوە کە پارتی سۆسیال دیموکرات هەر لەسەرەتای دەستبەکاربوونی ئەم سەرۆکوەزیرانەوە رایگەیاندووە، کە بەگوتەو بەڵێن و نمایشەکانیان تێمەکەون و هەرکەسێکیان دەسەڵاتی هەبێت لەوەی پێشتر خراپتر دەبێت و ئێستاش وا وردەوردە ئەنجامەکەی دەردەکەوێت.
گوتەبێژەکە پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ دەستووری عێراق و دەڵێت: لە مادەکانی 121 ، 115 ، 114 ، 112 ، 111 دا بەڕوونی مافەکانی هەرێمی کوردستان دیارەو دەسەڵاتەکانی حکوومەتی ناوەندی سنووردار کردووە و دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی بابەتە فیدراڵییەکانی وەک نەوت و وزەو گومرگییەکان بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم دیاریکردووە.
هەروەها داوا دەکات کە نابێت سەرکردایەتی سیاسیی کورد بچێتە ژێرداخوازییە پاوانخوازییەکانی سەرۆکوەزیران و بەغدا.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، پارتی سۆسیال دیموکرات داوا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بە زووترین کات تیمێکی یاسایی شارەزا پێکبهێنێت و لە رێگەی دادگا فیدڕاڵی و نێودەوڵەتییەکانەوە رێگە لەم خواست و هەوڵانە بگرن.
هەروەها داوا لە لایەنەکان دەکات واز لە ململانێ حزبی بێنن و بە زووترین کات لەسەر بابەتەکان رێکبکەون تا چیتر کورد و هەرێمی کوردستان باجی ململانێکان نەدات، هاوکات بە پێویستی دەزانێت لەم بارودۆخەدا دروستکردنی بەرەیەکی هاوبەش بە پێویستییەکی هەنووکەیی و جددی دەزانن و جەخت لە پێکهێنانی ئەنجوومەنی باڵای بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان دەکاتەوە.