پەرلەمانتارانی پێکهاتەکان: زمانی هێز و سەربازی خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات

پەرلەمانتارانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆک، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان دەربڕی، جەختیان کردەوە کە ئەو رێکارانە پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵین و پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوورن.

سێشەممە، 24ـی تشرینی دووەمی 2026، پەرلەمانتارانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆک، لە راگەیەنراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر لێدوانەکەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق دژی هەرێمی کوردستان دەربڕی.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەم رێکارانە پێچەوانەی بنەماکانی سیستەمی فیدراڵین و پێشێلکردنی ماددەکانی دەستوورن، هەروەها ئاشتی و سەقامگیری لە عێراقدا لاواز دەکەن و پێکەوەژیانی پێکهاتەکان زیاتر دەخەنە ناسەقامگیرییەوە.

ئەو پەرلەمانتارانە جەختیان کردووەتەوە، چارەکردنی کێشەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق دەبێت لەسەر بنەمای دەستوور و رێزگرتن لە سەروەریی هەرێمی کوردستان بێت، نەک بەکارهێنانی زمانی هێز و سەربازی، چونکە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات.

پەرلەمانتارانی کلدان، سریان، ئاشووری و ئەرمەن لە هەولێر و دهۆک رایانگەیاندووە، لەم هەلومەرجە سەختەدا، داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەکەین، بە هەڵوێستێکی هاوبەش و یەکگرتوو پارێزگاری لە قەوارەی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتەکانی بکەن.