ترەمپ: گەمارۆی بەندەرەکانی ئێران گەورەترین گەمارۆی مێژووی دەریاییە

سەرۆکی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بە گەورەترین گەمارۆی دەریایی لە مێژوودا وەسف کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە رێوڕەسمێکی جەژنی سوپاسگوزاریدا لە کۆشکی سپی گوتی: "هیچ کەشتییەکی ئێرانی نەیتوانیوە گەمارۆکەمان بشکێنێت لەو کاتەوەی لە نیسانی رابردوودا سەپێنراوە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی ئەمریکا روونیکردەوە، ئێران ئێستا توانایەکی سنوورداری بۆ هاویشتنی مووشەک هەیە.

ترەمپ ئاشکرایکرد، جەنگی ئێران تا کانوونی دووەمی داهاتوو پارەی بۆ دابینکراوە و هیوای خواست دژایەتیی دیموکراتەکان لە کۆنگرێس نەبێتە هۆی ئەوەی جەنگەکە زوو کۆتایی بێت.

لە دیدارێکیشدا لەگەڵ رۆژنامەی "نیویۆرک پۆست"، ترەمپ دووپاتیکردەوە واشنتن سەرکەوتنی لە ئێران بەدەستهێناوە و دەتوانێت هەر کاتێک بیەوێت جەنگەکە کۆتایی پێ بهێنێت، هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران بەردەوام دەبێت.

سەبارەت بە ئامانجی ئیسرائیل بۆ رووخاندنی دەسەڵاتی ئێران، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو ئامانجە دەکرێت بەدی بێت، بەڵام ئامانجی کەسیی ئەو نییە. جەختیشی کردەوە نایەوێت تاران ببێتە خاوەنی چەکی ناوکی و گۆڕینی رژێمیش لای ئەو پێوەر نییە.

لە کۆتاییشدا گوتی: "جەنگ لەگەڵ ئێران لە ساڵی 1979 دەستی پێکردووە و من تاکە سەرۆکم کە ئەو جەنگەم کردووە".

لە بەرامبەردا، موحسین رەزایی، ئەمینداری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران لە هەژماری خۆی لە سەکۆی ئێکس دووپاتیکردەوە، وڵاتەکەی سوورە لەسەر شکاندنی گەمارۆکەی ئەمریکا و بە هەموو هێزێکەوە وەڵامی هەر هێرشێکی نوێ دەداتەوە.

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران بەردەوامن، بە ئامانجی گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان.

لەلایەکی دیکەوە، محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و گەورە دانوستانکاری ئەو وڵاتە، پێداگریی لەسەر حەوت مەرجەکەی بۆ دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دووپاتکردەوە.

سەرۆکی ئەمریکا پێشتریش پێشنیازە دەستکاریکراوەکەی ئێرانی، کە حەوت داواکاری لەبەرامبەر کردنەوەی گەرووی هورمز لە ماوەی دوو رۆژدا لەخۆ دەگرێت، بە "قبووڵنەکراو" وەسف کردبوو.

ترەمپ هۆشداریدا ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، رەنگە دوای سەرەتای ساڵی نوێی 2027 ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران دەست پێبکەنەوە؛ ئەمەش لە سایەی بەردەوامیی گرژییە سەربازییەکان، پەرەسەندنەکان لە ناوچەکە و هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی هاتوچۆی دەریایی لە هورمز.

هەینی رابردوو، سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی گوتی: "تاران رێککەوتنێکی دەوێت بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارییەکان، بەڵام ئێمە دەمانەوێت رێککەوتنێکی راستەقینە بکەین نەک ساختە".

ئێران پێشتر پێشنیازێکی نوێی بۆ کردنەوەی هورمز لە ماوەی دوو رۆژدا پێشکەشکردبوو کە حەوت داواکاری لەخۆ دەگرت، لەوانە: راگرتنی جەنگ لە هەموو بەرەکان، هەڵگرتنی گەمارۆکان، هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرەکانی، ئازادکردنی پارە بەستراوەکانی لە دەرەوە و کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری وڵاتەکە.