کۆریای باکوور سەرۆکی نوێنەرایەتیی سویسرا لە وڵاتەکەی دەردەکات

بەگوێرەی میدیا فەرمییەکانی کۆریای باکوور، وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکە فەرمانی بە سەرۆکی نوێنەرایەتیی دیپلۆماتیی سویسرا کرد، لە ماوەی 48 کاتژمێردا وڵاتەکە چۆڵ بکات. 

ئاژانسی هەواڵی ناوەندیی کۆریای باکوور بڵاویکردەوە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری دیموکراتی گەلی کۆریا، سەرۆکی نووسینگەی دیپلۆماتیی سویسرای لە وڵاتەکەی وەک کەسێکی نەخوازراو ناساندووە و داوای لێکردووە لە ماوەی 48 کاتژمێردا خاکی وڵاتەکە جێبهێڵێت.

ئاژانسەکە روونیکردەوە، پاک هیون سو، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەوروپا لە وەزارەتی دەرەوەی کۆریای باکوور، سێلڤان ئاستییێ، سەرۆکی نووسینگەی دیپلۆماتیی سویسرای بانگهێشتکرد و یاداشتێکی فەرمیی پێشکەشکرد، تێیدا داوای داخستنی نووسینگەکە دەکات.

هەروەها پیۆنگیانگ روونیکردەوە، داواکردن لە ئاستییێ بۆ چۆڵکردنی وڵاتەکە لەسەر بنەمای ئەو کارە دوژمنکارییە بووە کە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سویسراوە کراوە، دوای ئەوەی کەمپی نێودەوڵەتیی منداڵانی سۆنگدوونیان خستە نێو لیستی سزاکانەوە.

سێشەممەی رابردوو، کیم یو جۆنگ، خوشکی کیم جۆنگ ئون، سەرۆکی کۆریای باکوور هەڕەشەی داخستنی نووسینگە دیپلۆماتییەکەی سویسرای کردبوو. کیم یو جۆنگ هاوکات ئەو سزا نوێیانەی سویسرای شەرمەزار کرد کە بەسەر کەمپەکەدا لە وۆنسان سەپێنراون؛ کەمپێک کە پێشوازی لە منداڵانی چین و رووسیا دەکات.

کەمپی نێودەوڵەتیی منداڵانی سۆنگدوون تۆمەتبارە بەوەی یارمەتیدەرە لە مێشکشۆردن و چاندنی بیری توندڕەوی لەو منداڵە ئۆکراینیانەی لەو خاکانەوە هێنراون کە رووسیا داگیری کردوون.

سویسرا لە 4ـی تشرینی دووەم سزای بەسەر کەمپەکەدا سەپاند و تۆمەتباری کرد بە بەشداریکردن لە گواستنەوەی منداڵانی ئۆکراینی لەو خاکە ئۆکراینیانەی بە شێوەیەکی کاتی داگیرکراون بەرەو کۆریای باکوور، هاوکات تۆمەتباری کرد بە بەشداریکردن لە هەوڵێکدا کە ئامانجی مێشکشۆردنی ئایدیۆلۆژییە.

ئەم هەڵوێستەی کۆریای باکوور لە کاتێکدایە، چەند هەفتەیەک لەمەوبەر وەزیری دەرەوەی سویسرا بە مەبەستی تاوتوێکردنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان سەردانی پیۆنگیانگی کردبوو.