عێراقچی واشنتن بە پەکخستنی کارەکانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی تۆمەتبار دەکات
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تۆمەتبار دەکات بەوەی بە ئەنقەست ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە، ئەویش لە رێگەی پەکخستنی کارەکانی رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی و نەدانی پشکە داراییەکانی بەو رێکخراوە نێودەوڵەتییە.
عێراقچی لە لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی، سەرەڕای ئەوەی واشنتن نیگەرانی خۆی سەبارەت بە چەکی کیمیایی نیشان دەدات، بەڵام رێگریی لە کارەکانی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکەی تایبەت بە چاودێریکردنی ئەو جۆرە چەکانە دەکات.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کردووە، رەنگە رێکخراوەکە ناچار بێت چالاکییەکانی هەڵپەسێرێت و بەرنامە گرنگەکانی کەمبکاتەوە، هەروەها پێیوایە واشنتن بە ئەنقەست ئاشتی و ئاسایشی جیهان دەخاتە مەترسییەوە و ئەو هەڵسوکەوتەی ئەمریکاشی بە "شەرمەزارکەر" وەسف کردووە.
قەیرانی دارایی رێکخراوەکە
رێکخراوی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی رووبەڕووی قەیرانێکی دارایی بووەتەوە بەهۆی دواکەوتنی وڵاتانی ئەندام لە پێدانی پشکەکانیان بۆ ساڵی 2026، کە لە سەرووی هەموویانەوە ئەمریکا دێت. بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی (رۆیتەرز) کە لە زاری شارەزایەکی ئەمریکیی بواری چەکی بایۆلۆژی و کیمیاییەوە گواستوویەتییەوە، واشنتن تەنیا نزیکەی 20%ی پشکی ساڵانەی خۆی داوە کە بڕەکەی 17 ملیۆن یۆرۆیە.
سابرینا دالافیۆر، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوەکە، لە میانی 31ەمین خولی کۆنفرانسی وڵاتانی ئەندام لە رێککەوتننامەی قەدەخەکردنی چەکی کیمیایی لە لاهای رایگەیاند، ئەو پارانەی نەدراون دەگەنە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ، کە دەکاتە نزیکەی 25%ی بودجەی ساڵانەی رێکخراوەکە، هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە یەدەگی دارایی رێکخراوەکە کە زیاتر لە 8 ملیۆن یۆرۆ بووە، بە تەواوی خەرج کراوە.
دالافیۆر روونیشیکردەوە، رێنمایی دەرکردووە بۆ هەڵپەساردنی چالاکییە کارگێڕییەکان لە رێکەوتی 1ی کانوونی یەکەمەوە بە مەبەستی پێداچوونەوە بە پلانەکانی کارکردن بۆ ساڵی 2027. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر شایستە داراییەکان نەدرێن، لە 1ی کانوونی دووەمی داهاتووەوە پرۆسەکانی پشکنین، هاوکارییە تەکنیکییەکان، هەندێک لە نێردە تایبەتەکان و بەرنامەکانی بنیاتنانی تواناکان بە هەڵپەسێردراوی دەمێننەوە.
کاردانەوەکان لە واشنتن و کاریگەریی لەسەر سووریا
بەگوێرەی راپۆرتەکەی رۆیتەرز، رەنگە لێکەوتەکانی ئەم قەیرانە پرۆسەکانی دڵنیابوونەوە لە لەناوبردنی چەکی کیمیایی لە سووریاش بگرێتەوە، هاوکات باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە لاهای دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانی بۆ لێدوان لەسەر ئەم بابەتە نەداوەتەوە.
لە هەمان چوارچێوەدا، رۆژی سێشەممە 7 ئەندامی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا داوایان لە ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کرد، دەستبەجێ شایستە داراییە دواکەوتووەکانی رێکخراوەکە بدات و هۆکاری دواکەوتنی پارەکان روون بکاتەوە. ئەو سیناتۆرانە هۆشدارییان داوە لەوەی ئەم دۆخە هەوڵەکانی لەناوبردنی چەکی کیمیایی، لێکۆڵینەوە لە بەکارهێنانی و رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی لاواز دەکات.