هاووڵاتییان داوای یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردییەکان دەکەن

هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان جەختدەکەنەوە، یەکدەنگی و تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی فشارەکانی بەغدا.

لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان، هاووڵاتییان چاوەڕوانی یەکڕیزیی نێوماڵی کوردن و پێیان وایە مێژوو سەلماندوویەتی، هەرکاتێک لایەنە کوردستانییەکان تەبا بووبن، هیچ هێزێک نەیتوانیوە زیان بە قەوارەی هەرێمی کوردستان بگەیەنێت.

فەرمان عوسمان، هاووڵاتی بە کوردستان24ـی راگەیاند: "یەکڕیزیی ماڵی کورد، پاراستنی قەوارەکە و پاراستنی خوێنی شەهیدانە. ئەگەر ئێمە یەک بین، بێگومان هیچ هێزێک لە جیهاندا ناتوانێت رووبەڕوومان بێتەوە. بەهیوام هەر سبەی، نەک تەنیا پارتی و یەکێتی، بەڵکو سەرجەم پارتە کوردستانییەکان و پێکهاتە جیاوازەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ببەستن و بە تێکڕای دەنگ داواکارییەکانی زەیدی و حکوومەتی عێراق رەت بکەنەوە."

داواکاریی سەرەکیی هاووڵاتییان لە پارتی و یەکێتی، پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و هەبوونی هەماهەنگیی بەردەوامە. خەڵک جەختدەکەنەوە قوربانییەکانی گەلی کورد لە ئەنفال و کیمیاباران و خوێنی شەهیدان، رێگە نادەن دەستدرێژی بکرێتە سەر مافەکانی هەرێمی کوردستان.

شێرزاد مەجید، هاووڵاتی گوتی: "ئەم بابەتە نابێت تەنیا بۆ ئەم کاتە بێت، بەڵکو دەبێت لەنێوان پارتی و یەکێتی هەمیشە هاوبەشی و هاوڕایی هەبێت. هیوادارین حکوومەتێکی باش پێکبهێنن بۆ ئەوەی بەرەوڕووی حکوومەتی بەغدا ببنەوە. ئێمە ساڵانێکی درێژ خەبات و شۆڕشمان کردووە، شەهیدمان داوە و رووبەڕووی ئەنفال و کیمیاباران بووینەتەوە، بۆیە مەحاڵە حکوومەتی بەغدا بتوانێت هەرێمی کوردستان داگیر بکاتەوە و شتی وا هەرگیز روونادات."

لە دیدی هاووڵاتییاندا پەیامێکی روون هەیە، ئەویش ئەوەیە بەهێزبوونی هەرێمی کوردستان و بەردەوامیی ئارامی و ئاوەدانییەکەی، راستەوخۆ پەیوەستە بە یەکدەنگیی نوێنەرانی کورد لە بەغدا.

لەلایەکی دیکەوە کاوە محەمەد، هاووڵاتی روونیکردەوە: "ئەگەر ئەوان پشتی یەکتر بگرن، بەغدا ناتوانێت فشار دروست بکات؛ خەڵکیش تەنیا یەکگرتوویی ئەو دوو پارتەی دەوێت."

هاوکات سۆکار بەختیار، هاووڵاتی گوتی: "ئەگەر لایەنەکان یەکگرتوو بن، بەغدا ناتوانێت هەڕەشە لە خاکی کوردستان بکات. هیوادارم کوردستان تەبا بێت، گرنگ نییە چەندین حیزب هەبن، گرنگ ئەوەیە لە بەغدا هەمووان یەکدەنگ بن بۆ ئەوەی ئارامی و ئاسایش لە وڵاتدا بەرقەرار بێت."

ئەم داواکارییانەی شەقام لە کاتێکدایە پێشهاتە سیاسییەکان و بڕیارەکانی بەغدا، جارێکی دیکە پێویستیی یەکڕیزیی ناوخۆیی و داڕشتنی ستراتیژێکی هاوبەشی نێوان هێزە کوردستانییەکانی کردووەتە پێویستییەکی سەرەکی.