سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی کوردستان: زمانی هێز و زەبر مەترسییە بۆ سەقامگیریی عێراق

 سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا لێدوانەکانی ئەم دواییەی گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقی دژی هەرێمی کوردستان بە جێی مەترسی و نیگەرانی وەسف کرد.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، دادوه‌ر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دەستووری عێراق بە روونی شێواز و رێکارەکانی پەیوەندی و دابەشکردنی ماف و دەسەڵاتەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و دەوڵەتی فیدراڵیی عێراقی دیاریکردووە.

عەبدولجەبار عەزیز حەسەن روونیکردەوە، پێویستە کێشە و گرفتەکان لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و رێزگرتن لە گفتوگۆ و رێککەوتنەکان چارەسەر بکرێن، نەک بە زمانی زەبر و هێز کە خزمەت بە هیچ لایەنێک ناکات و ئارامی و سەقامگیریی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵی کراوە بەردەوام بن لە دۆزینەوەی چارەسەری دەستووری بۆ کێشە و گرفتەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. هەر هەوڵ و رێکارێکی دیکە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەستووری و یاسایی دادپەروەری بەدی ناهێنێت و زیان بە گشت عێراق دەگەیەنێت.