بەرگریی شارستانی هەولێر: ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ کراوە و زیانی گیانی نەبووە
پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ ئاگر لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چبس کەتووەتەوە، گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێریش رایگەیاند، ئاگرە کۆنتڕۆڵ کراوە و هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24 لە هەولێر رایگەیاند، کارگەیەکی بەرهەمهێنانی چبس لەسەر رێگەی هەولێر- بەحرکە ئاگری گرت و بە هۆیەوە زیانێکی زۆری ماددی بە شوێنەکە کەوتووە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.
هاوکات شاخەوان سەعید، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر بە کوردستان24ـی گوت، سەرەتای دروستبوونی ئاگرەکە تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنەکە و بە تەواوی کۆنتڕۆڵ کراوە، گوتیشی: خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانیی نەبووە، بەڵام لە لایەنی مادییەوە بە هۆی ئەوەی شوێنەکە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی باش و چالاکی نەبووە، ئاگرەکە تەشەنەی کردووە و زیانێکی گەورەی مادی بە کارگەکە کەوتووە.
گوتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر، داوای لە هاووڵاتییان و خاوەن پڕۆژە و کارگەکان کرد بۆ دوور بوون لە زیانی هاوشێوە پابەندبن بە رێنماییەکانی بەرگریی شارستانی بن و لە کاتی کەوتنەوەی ئاگر بە زووترین کات بەرگریی شارستانیی ئاگادار بکەنەوە.