سەنتەری میترۆ: زمانی سەربازی لە گوتاری سیاسی و میدیایی عێراق تۆختر بووە
سەنتەری میترۆ، نیگەرانیی قووڵی خۆی لە هەڵکشانی زمانی سەربازی لە گوتاری سیاسی و میدیایی عێراقدا دەربڕی و، بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ورووژاندنی رقوکینەی نەتەوەیی و تایفەگەریی لە لایەن کەناڵە ئاسمانییەکانی سەر بە گرووپە چەکدارەکانەوە کرد.
چوارشەممە، 25ـی تشرینی دووەمی 2026، سەنتەری میترۆ لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەزموونەکان سەلماندوویانە قسەکردن لەگەڵ هەولێر یان هەر پێکهاتەیەکی نیشتمانی بە زمانی هەڕەشە و هێز کێشەکە چارە ناکات، بەڵکو ئاڵۆزتری دەکات و زیان بە بەرژەوەندیی سەرجەم عێراقییەکان دەگەیەنێت.
لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە، کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان بەغدا و هەولێر، جا دەستووری بن، ئابووری یان ئەمنی، بە پلەی یەکەم پرسی سیاسی و مافپەروەرین و، ناتوانرێت بە ئاسن و ئاگر یان بە بڕیاری تاکلایەنە چارە بکرێن، بەڵکو پێویستیان بە گفتوگۆیەکی ئاشتییانەی جیددی هەیە کە پابەند بێت بە دەستوور و رێککەوتنە دووقۆڵییەکانەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، سەنتەری میترۆ بە توندی سەرکۆنەی هەوڵەکانی ورووژاندنی رقوکینەی نەتەوەیی و تایفەگەریی کردووە کە زۆرینەی ئەو کەناڵە ئاسمانییانە پەیڕەوی دەکەن کە بە پارەی گرووپە چەکدارەکانەوە بەڕێوە دەبرێن؛ ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کەناڵانەی ژمارەیان بە دەیان هەژمار دەکرێت، چیدی سەکۆی میدیایی نین بەقەد ئەوەی بوونەتە ئامرازی هاندەر کە بەرەو سەرکێشیی سەربازی هان دەدەن و دابەشبوونی کۆمەڵایەتی قووڵتر دەکەنەوە.
سەنتەرەکە رایگەیاندووە، گوتاری رەگەزپەرستانە و هاندەرانە دژی کورد و هەرێمی کوردستان کە لە لایەن سەرکردەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە لە رێگەی ئەو پلاتفۆرمانەوە پەخش دەکرێن؛ رێبازێکی رەتکراوەیە لە رووی نیشتمانی و ئەخلاقییەوە و هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی گشتیی عێراق.
هاوکات سەنتەری میترۆ رەتکردنەوەی تەواوەتیی خۆی بۆ هەموو گوتارێکی رقوکینەی نەتەوەیی، تایفەگەری یان ئایینی راگەیاندووە؛ جەختیشی کردووەتەوە، ناکرێت ئازادیی راگەیاندن بگۆڕدرێت بۆ پەردەپۆشێک بۆ هاندانی توندوتیژی، سووکایەتیکردن بە پێکهاتە نیشتمانییەکان یان زیانگەیاندن بە شیرازەی کۆمەڵایەتی.
سەنتەری میترۆ لە کاتێکدا داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکات زمانی عەقڵ و حیکمەت بخەنە پێشەوە، داواش لە هەمووان دەکات گوتاری رقوکینە وەلا بنێن، پەرەسەندنی میدیایی و سەربازی رابگرن و پابەندی میکانیزمە دەستوورییەکان بن بۆ چارەکردنی ناکۆکییەکان.
هەروەها داوای لە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندنی عێراق، بە تایبەت ئەوانەی لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە پارەدار دەکرێن، کردووە کە دەست لە گوتاری رقوکینە و هاندانی نەتەوەیی و تایفەگەری هەڵبگرن و پابەندی پێوەرەکانی پیشە و بنەما ئەخلاقییەکانی میدیای ئازاد بن.
سەنتەرەکە داواشی لە دەستەی راگەیاندن و گەیاندن و دەسەڵاتی دادوەریی عێراق کردووە کە بەرپرسیارێتیی خۆیان هەڵبگرن لە گرتنەبەری رێکاری یاسایی و لێپێچینەوە لەو کەناڵانەی گوتاری رقوکینە و هاندانی توندوتیژی پەخش دەکەن، بەبێ هیچ لایەنگری یان جیاکردنەوەیەک.
سەنتەری میترۆ بانگەوازی ئاراستەی دەستەبژێرە سیاسی، رۆشنبیری و میدیاییەکانی عێراق و کوردستان کردووە تا کار بکەن بۆ بەهێزکردنی کولتووری لێبووردەیی؛ هەروەها داوای لە رۆشنبیران، ئەکادیمییەکان، نووسەران و رۆژنامەنووسە شەرەفمەندەکانی عێراق بە ئاراستە جیاوازە نەتەوەیی، ئایینی و سیاسییەکانیانەوە کردووە رۆڵی نیشتمانیی خۆیان بگێڕن و هۆشداری لە مەترسیی گوتاری رقوکینە بدەن و داوا لە کەناڵە میدیاییەکان بکەن گوتارێکی بەرپرسانە بگرنە بەر کە پارێزگاری لە یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان بکات و بەرژەوەندیی باڵای وڵات بخاتە سەرووی هەموو شتێکەوە.