مەزڵوم عەبدی: هۆشداری لە هەڕەشە بەردەوامەکانی داعش دەدات
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە"جەختدەکاتەوە، مەترسییەکانی داعش و شانە نووستووەکانی ئەو رێکخراوە بەردەوامن. ئەم لێدوانە لە کاتێکدایە هێرشێک کرایە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە، کە بەهۆیەوە دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکیش برینداربوون.
عەبدی لە پەیامێکدا لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو هێرشە تیرۆریستییەی شانەیەکی سەر بە داعش بۆ سەر بنکەیەکی ئاسایشی ناوخۆ لە حەسەکە کردوویەتی، دەریدەخات مەترسییەکانی ئەو رێکخراوە و شانە نووستووەکانی هێشتا ماون، هەروەها هەوڵەکانیان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکەمان بەردەوامە."
فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات دووپاتیشیکردەوە، ئەو هێرشانە کاریگەرییان لەسەر بڕیاری هێزە ئەمنییەکان نابێت و ناتوانن ئەوان لە بەردەوامبوون لە هەوڵەکانیان بۆ راوەدوونانی شانەکانی داعش و پاراستنی ئاسایشی دانیشتووان و سەقامگیریی ناوچەکە سارد بکەنەوە.
دوێنێ چوارشەممە 25ـی تشرینی دووەمی 2026، عەمید مەڕوان عەلی، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە لێدوانێکی ڤیدیۆیی دا گوتی: رایگەیاند، شانەکانی رێکخراوی داعش بە زیاتر لە هێرشێکی خۆکوژی پەلاماری یەکێک لە بارەگا ئەمنییە یەکخراوەکانیان داوە و لە ئەنجامدا دوو سەرباز گیانیان لەدەست داوە و پێنجی دیکەش بریندار بوون.
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە پارێزگای حەسەکە وەک نەریتی خۆی، داعش دوای ئەو سەقامگیرییەی لە شار و پارێزگای حەسەکە بەدەست هاتووە، ویستی لە رێگەی تەقینەوەیەک یان زیاتر لە تەقینەوەیەکی خۆکوژییەوە بۆ سەر یەکێک لە بارەگا ئەمنییە یەکخراوەکان پەیامێک بگەیەنێت.
فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی حەسەکە باسی لەوەش کرد کە بە گوێرەی ئاماری سەرەتایی، هێرشەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دوو سەرباز و برینداربوونی پێنجی دیکە.