خەلیلزاد و تایلەر هۆشداری لە گرژییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەن

دوو بەرپرسی پێشووی ئەمریکا تیشک دەخەنە سەر قەیران و گرژییەکانی نێوان حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لەبارەی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان، هۆشداری لە مەترسییەکانی ئەو دۆخە دەدەن و داوا دەکەن واشنتن بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و گەیشتن بە چارەسەر بێتە سەر خەت.

زەڵمای خەلیلزاد، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، چەند هەفتەیەک دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی ناوەندیی عێراق و هەرێمی کوردستان کەوتوونەتە ناو قەیران.

خەلیلزاد روونیکردەوە، ئەم قەیرانە دوای فەرمانە بەرفراوانەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەریهەڵدا، کە تایبەت بوو بە خستنەژێر دەسەڵاتی فیدراڵی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان لە ناوچە جێناکۆکەکانی ژێر کۆنترۆڵی کورد. هاوکات باسی لەوە کرد، لە کاتێکدا دادگای باڵای عێراق بە خێرایی پشتیوانی لەو هەنگاوە کرد، حکوومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانەکەی وەک زێدەڕۆیی دەسەڵاتی فیدراڵی رەتکردەوە و گومانی خستە سەر شەرعییەتی دادگاکە.

ئەو دیپلۆماتکارەی پێشووی ئەمریکا هۆشداری دا، ئەم گرژی و رووبەڕووبوونەوەیە مەترسیی ناسەقامگیری و پێکدادانی نێوان بەغدا و هەولێری لێ دەکەوێتەوە، ئەمەش دەرەنجامێکی مەترسیدارە و هەڕەشە لە بەرژەوەندییەکانی عێراق بە هەرێمی کوردستانیشەوە، هەروەها ناوچەکە بە گشتی و ئەمریکا دەکات.

سەبارەت بە چارەسەرکردنی دۆخەکە، خەلیلزاد جەختیکردەوە، بۆ رێگریکردن لە توندوتیژی و پشێوی، پێویستە هەردوولا خۆیان لە هەڵکشانی گرژییەکان بەدوور بگرن. هەروەها دەستووری عێراقی بە باشترین رێگەچارە بەرەو پێشەوە ناوبرد، بەو پێیەی دەسەڵاتە تایبەتەکانی فیدراڵی لە بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکان و دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان جیاکردووەتەوە.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، خەلیلزاد پێویستیی گەیشتن بە رێککەوتنێکی نێوان بەغدا و هەولێری لەسەر نەخشەڕێگایەک بۆ جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییە هاوبەشەکان خستەڕوو و رایگەیاند، ئەمریکا کە پێشتر لە پرسی داڕشتنی دەستووردا هاوکار بوو، دەتوانێت لە گەیشتن بە رێککەوتن لەسەر ئەو نەخشەڕێگایەشدا هاوکار بێت.

لەلایەکی دیکەوە، ڤیکتۆریا تایلەر، یاریدەدەری پێشووی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق و ئێران، داوا لە ئیدارەی ئەمریکا دەکات بۆ هێورکردنەوەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بێتە سەر خەت و دەشڵێت، جورفولسەخەر و هەرێمی کوردستان وەک یەک نین.

تایلەر، کە ئێستا بەڕێوەبەری دەستپێشخەریی عێراقە لە ئەنجوومەنی ئەتڵەنتیک، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: تێبینییەکان لەسەر بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق بۆ ناردنی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و دەستبەسەرداگرتنی کێڵگە نەوتییەکانی ناوچە جێناکۆکەکان بەردەوامە.

بە گوتەی ناوبراو، بۆ بەغدا ئەم هەنگاوانە دوو ئامانجیان هەیە؛ یەکەمیان ئەوەیە حکوومەتی عێراق نیشانی بدات تەنیا قاچاخکردنی نەوتی شیعە لە جورفولسەخەر بە ئامانج نەگرتووە، دووەمیشیان بەردەوامبوونی هەوڵەکانە بۆ بەهێزکردنی کۆنترۆڵی فیدراڵی بەسەر سەرچاوەکانی نەوت و گازی عێراق، کە ئەمەش بەشێکە لە رەوتێکی گشتی بۆ بەهێزکردنی دەسەڵاتی ناوەند و کەمکردنەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان.

تایلەر راشیگەیاندووە، پێویستە روون بێت مامەڵەکردن لەگەڵ فرۆشتنی نەوت لە جورفولسەخەر و هەرێمی کوردستان وەک یەک نین؛ فرۆشتنی نەوتی جورفولسەخەر داهاتی بۆ گرووپێکی چەکداری نزیک لە ئێران دابین دەکرد کە هێرش لەناو عێراق و دژی دراوسێکانی دەکات، بە پێچەوانەوە، هەرێمی کوردستان بەپێی دەستووری عێراق هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆیە.

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە، پێویستە کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە رێگەی دانوستانەوە چارەسەر بکرێن، نەک بە فەرمان و بەکارهێنانی هێز، هەروەها پێویستە سەرکردە سیاسییەکانی بەغدا سەرنجیان بخەنەوە سەر گرووپە چەکدارەکان، کە بە هەموو پێوەرێک هەڕەشەن بۆ سەر دەوڵەتی عێراق.

لە کۆتاییشدا داوا لە ئەمریکا دەکات کاریگەرییە گەورەکەی خۆی بەکاربهێنێت بۆ هێورکردنەوەی ئەم دۆخە و یارمەتیدانی گەیشتن بە چارەسەرێک کە هاوسەنگیی گرنگی نێوان بەغدا و هەولێر بپارێزێت.