لەبەردەم قەڵای هەولێرەوە "کوردستان شەرەف و ناسنامەمانە"
بڕیارە کاتژمێر 10:30ـی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، لەبەردەم قەڵای هەولێر، خۆپیشاندانێکی جەماوەریی بەرفراوان بۆ پشتگیریکردن لە قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و دژایەتیکردنی بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق ئەنجام بدرێت.
هاوشێوەی خۆپیشاندانەکانی رابردوو کە بۆ پشتگیریکردنی رۆژئاوای کوردستان لە هەمان شوێن بەڕێوەچوون، ئەمڕۆش سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگا لە منداڵێکی بچووکەوە تا بەتەمەنترین کەس؛ لە قوتابی، مامۆستا، فەرمانبەر، کاسبکار و خانەنشینان، روویان لە بەردەم قەڵای هەولێر کردووە و تەنها ئاڵای کوردستان بەرز دەکرێتەوە. ئازەر فارووق، پەیامنێری کوردستان 24 ئاماژەی بەوە کرد، پێشبینی دەکرێت خۆپیشاندانەکە یەکێک بێت لە قەرەباڵغترین گردبوونەوە جەماوەرییەکان.
لە میانی رووماڵەکەدا، یەکێک لە بەشداربووان رایگەیاند، کوردستان تەنها خاکێک نییە، بەڵکوو شەرەف، کەرامەت و ناسنامەیانە و دژی بڕیارە شۆفێنییەکانی عێراق دەوەستنەوە. ناوبراو پەیامێکی ئاراستەی حکوومەتی عێراق کرد و گوتی “ئێرە جورف سەخر نییە، ئێرە کوردستانە؛ پێشمەرگە حزبوڵڵا نییە، پێشمەرگە ناسنامە و شەرەفمانە.” هەروەها جەختی کردەوە، لە ئەگەری پێویستدا، بە گیان و خوێن شان بە شانی هێزەکانی پێشمەرگە و بە فەرمانی سەرۆک مەسعوود بارزانی، بەرگری لە قەوارەی هەرێم دەکەن و رێگە بە تێکدانی نادەن.
لە لایەکی دیکەوە، مامۆستایەک کە هاوکات بەڕێوەبەری قوتابخانەیە و لەسەر سنووری تورکیاوە بۆ بەشداریکردن لە خۆپیشاندانەکە هاتبوو، ئاماژەی بەوە دا، پرسی بەرگریکردن لە هەرێمی کوردستان بە مووچەوە نەبەستراوەتەوە و گوتی: ئەمە بابەتی مووچە نییە، بەڵکوو بابەتی خاک، نامووس، شەرەف و پاراستنی کەرامەتی کوردە. ئێمە شەهیدمان بۆ مووچە نەداوە.
ئەو مامۆستایە دووپاتی کردەوە، هاووڵاتییانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیش ئامادەیی خۆیان بۆ خزمەتکردنی باشووری کوردستان دەربڕیوە. هەروەها شەڕەکانی پردێ و سحێلای وەک نموونەی مێژوویی هێنایەوە و جەختی کردەوە کە پێشمەرگە گەورەترین راوچی دوژمنە و ئاڵای کوردستان بە خوێنی شەهیدان بەرز راگیراوە.