شانۆگەریی 'دەنگی دارستان' بۆ گێڕانەوەی چیرۆکی ئەنفال لە کەرکووک نمایش دەکرێت
شانۆگەریی "دەنگی دارستان"، لە نووسینی نووسەر و رەخنەگری ناسراو عەواد عەلی و دەرهێنانی مەریوان زەنگەنەیە و کۆمەڵێک ئەکتەر رۆڵی تێدا دەگێڕن، لە هۆڵی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک نمایش دەکرێت.
پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، مەریوان زەنگەنە، دەرهێنەری شانۆگەرییەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەم شانۆگەرییە بە بەشداریی کۆمەڵێک هونەرمەندی ناودار و بەئەزموون لە بوارە جیاوازەکانی هونەر، لەگەڵ ژمارەیەک قوتابی، بەڕێوەدەچێت و بۆ نمایشەکە دوو کاستی جیاواز ئامادە دەکرێن؛ کاستێک بە زمانی کوردی و کاستەکەی دیکە بە زمانی عەرەبی، بەمەبەستی گەیاندنی چیرۆکی ئەنفال و راستییە مێژووییەکانی بە بینەرانی کورد و عەرەب."
مەریوان زەنگەنە سەبارەت بە چیرۆکی نمایشەکە گوتی، "شانۆگەرییەکە باس لە هاووڵاتییەکی کورد دەکات بەدوای ژن و کچەکەیدا دەگەڕێت، کە لە تاوانەکانی ئەنفالدا بوونەتە قوربانی. ئەو هاووڵاتییە دوای دۆزینەوەی تاوانبارەکە، بە زۆر دانپێدانانی لێ وەردەگرێت و شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان دەدۆزێتەوە، پاشان ئێسک و پەیکەری قوربانییەکان دەگەڕێندرێنەوە و رادەستی کەسوکاریان دەکرێن، هەروەها مۆنۆمێنتێک بۆ یادیان دروست دەکرێت."
ئەو دەرهێنەرە زیاتر باس لە چیرۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت، "لە بەشی کۆتایی چیرۆکەکەدا، ئەو هاووڵاتییە لە تاوانبارەکە خۆش دەبێت و رێگای گەڕانەوەی بۆ زێدی خۆی دەکاتەوە؛ بەو شێوەیە نمایشەکە لەگەڵ باسکردنی تاوانە مێژووییەکان، پەیامی لێبوردەیی و پێکەوەژیانیش دەخاتەڕوو."
مەریوان زەنگەنە باسی لەوەش کرد، "ئەو نمایشە لە رێگەی چیرۆک و تەکنیکە ئەدەبی و هونەرییە نوێیەکانەوە، بابەتەکانی ئەنفال، گۆڕە بەکۆمەڵەکان، دەستدرێژیی سەر ژنانی قوربانی و کاریگەرییە دەرونی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەو کارەساتە دەخاتەڕوو و هەوڵ دەدات دەنگی قوربانییان بگەیەنێتە بینەران."
شانۆگەری "دەنگی دارستان"، لە نووسینی نووسەر و رەخنەگری ناسراو عەواد عەلی و دەرهێنانی مەریوان زەنگەنەیە، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە، 26ی تشرینی دووەمی 2026، لە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی کەرکووک نمایش دەکرێت.