باندێکی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستە لە بەغدا دەستگیرکرا

سەرچاوە ئەمنییەکان لە عێراق رایانگەیاندووە، کۆمەڵێک نووسینگەی ساختە بە ناوی کاری مرۆییەوە هاووڵاتییان بۆ ناو تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤ رادەکێشن، چینە هەژارەکانی کۆمەڵگە دەکەنە ئامانج. لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان بەردەوامن لە بەدواداچوون بۆ ئەو نووسینگانە، هەروەها داواکارییەکان بۆ توندوتۆڵکردنی رێکارە ئەمنییەکان و سەپاندنی سزای توندتر روو لە زیادبوونە.

پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026، دەزگای هەواڵگری و لێکۆڵینەوەی فیدراڵیی عێراق ئەم هەفتەیە دەستگیرکردنی سەرجەم ئەندامانی تۆڕێکی بازرگانیکردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤی راگەیاند. بەپێی بەیاننامەی دەزگاکە: "تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ لە کەرخ، دوای هەوڵێکی هەواڵگریی ورد، نووسینگەیەکیان ئاشکراکردووە، وەک بەرگێکی ساختەی کاری مرۆیی بەکارهاتووە بۆ راکێشانی هاووڵاتییان و ژمارەیەک تۆمەتباریش لەو تاوانە دەستگیرکراون".

دەزگاکە رایگەیاند، تۆمەتباران نووسینگەکەیان لەژێر ناوی هاوکاریکردنی هەژاران کردووەتەوە و بە سوودوەرگرتن لە دۆخی سەختی بژێوی، بە هاوکاریی ژنێک هاووڵاتییانیان بۆ پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی ئەندامانی جەستە راکێشاوە. دوای لێکۆڵینەوە، تۆمەتباران دانیان بە تاوانەکانیاندا ناوە و دۆسیەکانیان رەوانەی دادگا کراوە.

هاوکات سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاندووە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هاووڵاتییان تووشی ئەوە بوون، ئەندامانی جەستەیان بەرامبەر بە بڕە پارەیەک بفرۆشن. ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، بەدواداچوونی هەواڵگری بۆ نووسینگەی دیکەش کراوە گومانیان لەسەرە و لەژێر چاودێریدان بۆ ئاشکراکردنی هەر پەیوەندییەکی ئەگەری لەگەڵ تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

شارەزایان پێیانوایە پەنابردنی ئەو تۆڕانە بۆ بەرگی کاری مرۆیی، ئاماژەیە بۆ سوودوەرگرتن لە لاوازیی هۆشیاریی بەشێک لە چینەکان و بوونی کەلێن لە چاودێریی ئەمنیی ئەو لایەنانەی خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.

مەترسیی ئەم تاوانانە لە عێراق تەنیا لایەنی دارایی تێپەڕاندووە، چونکە قوربانییان رووبەڕووی مەترسیی تەندروستی و دەروونی دەکاتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە نەشتەرگەرییەکان لە دەرەوەی چوارچێوە پزیشکی و یاساییەکان ئەنجامدەدرێن و هەڕەشەی جیددی لەسەر ژیانی قوربانییان دروست دەکەن.

ئەم کەیسە ئاستەنگەکانی بەردەم چاودێریکردنی ئەو چالاکییانە دەخاتە بەر باس ناونیشانی مرۆیی بەکاردەهێنن. بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە پێویستی بە هەماهەنگیی نێوان دەزگا ئەمنییەکان، لایەنە چاودێرەکان و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان هەیە، لەگەڵ بەرزکردنەوەی هۆشیاریی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی پێداویستی نەبێتە هۆیەک بۆ بەکارهێنانیان.

سەرەڕای جووڵەی ئەمنیی بەرفراوان لە عێراق بۆ سنووردارکردنی تاوانی رێکخراو، بەڵام کاریگەرییەکەی هێشتا سنووردارە. فازڵ غەرراوی، سەرۆکی ناوەندی ستراتیژیی مافی مرۆڤ لە عێراق، پێشتر داوایکردبوو ستراتیژییەکی ئەمنی و مەدەنیی راستەقینە جێبەجێ بکرێت بۆ لەناوبردنی تۆڕەکانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ و سواڵکردن، هاووڵاتییانی هەژار و بێلانە بەکاردەهێنن.