هاوپەیمانیی عەرەبی هۆشداریی توند بە حووسییەکان دەدات

 پاڵاوگەی نەوتی جازان لە سعوودیە جارێکی دیکە لەلایەن حووسییەکانەوە کرایە ئامانج، هاوکات هاوپەیمانی عەرەبی لە بارەی بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر دامەزراوە بازرگانی و مەدەنییەکانی سعوودیە، هۆشداری توند بە حووسییەکان دەدات.

پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026،  تورکی مالکی، گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن، رایگەیاند، پاڵاوگەی جازان کەوتووەتە بەر هێرشی حووسییەکان. هاوکات وردەکاریی زیاتری لەبارەی سروشتی هێرشەکە و زیانەکان نەخستەڕوو.

گوتەبێژی هێزەکانی هاوپەیمانیی پشتیوانیی شەرعییەت لە یەمەن، لە بەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە، بە ئامانجگرتنی هاووڵاتییانی مەدەنی و دامەزراوە مەدەنییەکان، وەڵامێکی سەربازیی توندی بەدواوە دەبێت. تورکی مالکی پێشتر لە پێنجشەممە رایگەیاندبوو، دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە ناوچەی رۆژهەڵات تێکشکێندراون و دوو مووشەکی بالیستیش کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوون، پووچەڵکراونەتەوە.

لە بەرامبەردا، حووسییەکان چوارشەممەی رابردوو رایانگەیاند، دوو ئۆپەراسیۆنی سەربازییان ئەنجامداوە، یەکێکیان بەندەری جەدە و ئەوی دیکەیان بەندەری جیزانی کردووەتە ئامانج. حووسییەکان بانگەشەی ئەوە دەکەن، ئەو دوو ئۆپەراسیۆنە زیانیان بەو شوێنانە گەیاندووە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە کە حووسییەکان لە تەممووزی 2026ـەوە هێرشەکانی دژی سعوودیە چڕکردوونەتەوە. ئەو هێرشانە لە تشرینی یەکەمی رابردوودا بەهۆی زۆربوونی هاویشتنی مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر فڕۆکەخانە و دامەزراوە نەوتییەکان و پێگە سەربازییەکانی شانشینەکە، زیاتر پەرەی سەندووە.

هاوکات، ئەم دۆخە لە سێبەری پەرەسەندنی ململانێکان لە نێوان حووسییەکان و هێزەکانی سەر بە سعوودیە لە یەمەن دێت. ململانێکان بەتایبەتی لەگەڵ فراوانبوونی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە باشووری رۆژئاوای یەمەن، بەتایبەت لە پارێزگای تائیز و ناوچەکانی نزیک لە گەرووی باب مەندەب، زیاتر بوون.

سعوودیە لە ئاداری 2015ـوە سەرکردایەتیی هاوپەیمانییەکی سەربازی دەکات بۆ پشتیوانیکردنی حکوومەتی یەمەن، کە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا دانی پێدانراوە. ئەو هەنگاوەش لە بەرامبەر حووسییەکانە کە لە ئەیلوولی 2014ـەوە دەستیان بەسەر سەنعا و چەند پارێزگایەکی دیکەدا گرتووە.