عێراقچی: ئەرکی لەپێشینەمان شکاندنی گەمارۆکانە

وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای بەردەوامیی نێوەندگیرییەکانی قەتەر و پاکستان و تاوتوێکردنی ژمارەیەک بیرۆکەی نوێ، بەڵام هەڵوێستی ریشەیی تاران نەگۆڕە و دەبێت سەرەتا داواکارییەکان جێبەجێ بکرێن بۆ ئەوەی دواتر گەرووی هورمز بکرێتەوە؛ جەختیش دەکاتەوە، ئەرکی لەپێشینەیان خۆڕاگریی و شکاندنی سزا و گەمارۆکانە.

پێنجشەممە، 26ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی ئاشکرای کرد، قەتەر و پاکستان لە نێوەندگیرییەکانیان بەردەوامن و بە تایبەت لە گەیاندن و ئاڵوگۆڕی پەیام و پێشنیازەکانن، بەڵام کردنەوەی گەرووی هورمز و رێککەوتنی کۆتایی پەیوەستە بە مەرجەکانی جێبەجێکردنی خاڵەکانی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد.

عێڕاقچی ئاشکرای کرد، کۆمەڵێک پیشنیاز و بۆچوون خراونەتەڕوو و لە لێکۆڵینەوەدان. گوتیشی:"بە بڕوای من دەکرێت رێگەکان بکرێنەوە، بەڵام هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمە نەگۆڕاوە. ئێمە کۆمەڵێک داواکاریمان هەیە؛ دەبێت ئەو داواکارییانە بە کردار جێبەجێ بکرێن، بۆ ئەوەی گەرووی هورمز بکرێتەوە و دواجار لە رێگەی دانوستاندنەوە رێککەوتنی کۆتایی بکرێت."

وەزیری دەرەوەی ئێران بە ئاماژەدان بە قسەیەکی رێبەری پێشووی وڵاتەکەی کە گوتوویەتی: "ئەو کارەی وەزارەتی دەرەوە لەبارەی دانوستانەوە دەیکات، لەوانەیە 1%ـی ئەرکەکانی وەزارەتەکەش نەبێت"؛ رایگەیاند، کۆماری ئیسلامی تەنیا بیری لە دانوستان نەکردووەتەوە، بەڵکو لە ژێر چاودێریی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی، دانوستان بەشێکە لە کارەکانمان و لەبیرمان نەکردووە، بەڵام لە دۆخەدا، ئەرکی گرنگ ئەوەیە سزا و گەمارۆکان تێکبشکێنین و دوژمنان لە فشارەکانیان بێ هیوا بکەین."

عێڕاقچی باسی لەوەش کردووە، بەردەوامن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بۆ دابینکردنی پێداویستییە ناوخۆییەکانی ئێران، بۆ ئەوەی رێگە بازرگانییەکان و دابینکردنی کاڵا پێویستەکان  کراوەیی بمێنێتەوە، ئەمەش وەک هەنگاوێک ناوبرد کە "گەمارۆکان چۆک بە کۆماری ئیسلامی دانانێن".