توێژینەوەیەک؛ شەقیقە و جگەرەکێشان بەیەکەوە مەترسیی جەڵتەی مێشک لای ئافرەتان زیاد دەکەن
توێژینەوەیەکی زانستیی نوێ ئاشکرای دەکات، هەبوونی سەرئێشەی نیوەیی (شەقیقە) و جگەرەکێشان پێکەوە، مەترسیی تووشبوون بە جەڵتەی پێشوەختەی مێشک لای ئەو ئافرەتانەی منداڵیان بووە بە رێژەی 3.6 هێندە بەرز دەکەنەوە.
بەگوێرەی توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری "نیورۆلۆجی"ی سەر بە ئەکادیمیای ئەمریکی بۆ پزیشکیی دەمار بڵاوکراوەتەوە، توێژەران شیکارییان بۆ تۆمارە تەندروستییەکانی نزیکەی ملیۆنێک و 700 هەزار ئافرەت لە دانیمارک کردووە، کە تەمەنیان لە نێوان 15 بۆ 60 ساڵدا بووە لە ماوەی نێوان ساڵانی 1996 تا 2022.
ئەنجامەکان دەریانخستووە، تووشبوون بە شەقیقە بە تەنیا مەترسیی جەڵتەی پێشوەختەی مێشک بەهۆی گیرانی خوێنبەرەکانەوە بە رێژەی 85% زیاد دەکات، لە کاتێکدا جگەرەکێشان مەترسییەکە بۆ زیاتر لە دوو هێندە بەرز دەکاتەوە.
توێژینەوەکە روونیشیکردووەتەوە، کۆبوونەوەی هەردوو هۆکاری شەقیقە و جگەرەکێشان پێکەوە، مەترسیی جەڵتەی مێشک بەهۆی خوێنبەربوونەوە بۆ 2.6 هێندە و مەترسیی مردنیش بۆ زیاتر لە 3 هێندە بەرز دەکاتەوە. توێژەران ئاماژەیان بەوەش کردووە کە کاریگەریی ئەم دوو هۆکارە پێکەوە زۆر زیاترە لەوەی کە هەریەکەیان بە جیا دروستی دەکەن.
لە کۆتاییدا توێژەران جەختیان لەسەر گرنگیی لەبەرچاوگرتنی شەقیقە کردووەتەوە لە کاتی هەڵسەنگاندنی مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن و داوای وازهێنانی دەستبەجێیان لە جگەرەکێشان کردووە، هاوکات داوایان کردووە توێژینەوەی زیاتر ئەنجام بدرێت کە پیاوان و ئەو ئافرەتانەش بگرێتەوە کە منداڵیان نەبووە.