ئایشەگوڵ: نابێت راپۆرتی پشتڕاستکردنەوە ببێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی ئاشتیدا

گوتەبێژی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، نابێت راپۆرتی پشتڕاستکردنەوە و دیاریکردن ببێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکەدا و گوتیشی: "پێویستە بە زووترین کات پرۆسەکە ببرێتە قۆناغێکی پێشکەوتووتر. ئەو زانیارییانەی لای ئێمەن ئاماژە بەوە دەکەن هیچ دۆخێک نییە کە ببێتە رێگر و نابێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە نێو مشتومڕەکانی دەوروبەری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەییدا نقوم بکرێت."

ئەمڕۆ هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، گوتەبێژی دەم پارتی، کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی لەبارەی کۆبوونەوەی دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی (MYK) پارتەکەی ساز کرد.

ئایشەگوڵ، لە قسەکانیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی تورکیا (MGK) کرد و سەبارەت بە دەرنەکردنی بڕیاری پشتڕاستکردنەوەی چەکدانانی پەکەکە رایگەیاند: "نابێت راپۆرتی پشتڕاستکردنەوە و دیاریکردن ببێتە بەربەست لەبەردەم پرۆسەکەدا، دەبێت بڕیارەکە بێ دواکەوتن و بە زووترین کات رابگەیەندرێت و هەنگاوەکانی پرۆسەکە بە خێرایی بنرێن."

گوتەبێژی دەم پارتی دووپاتی کردەوە کە نابێت پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە نێو ئەو مشتومڕانەدا بخنکێندرێت کە لە دەوری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەسوڕێنەوە و گوتی: "بڵاوکردنەوەی زانیاریی بێبنەما لەم بارەیەوە، تەنیا کاتێک رێگریی لێ دەکرێت کە لایەنە پەیوەندیدارە راستەوخۆکانی بابەتەکە رای گشتی ئاگادار بکەنەوە."

ئایشەگول پرسیاری ئەوەشی کرد: "بۆچی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی دەرنەچوو و ئەو دۆخە چییە کە رێگرە لە دەرچوونی؟" و لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئەو زانیارییانەی لای ئێمە هەن ئەوە دەردەخەن کە هیچ دۆخێک نییە ببێتە رێگر، هەروەها نابێت بەهۆی چاوەڕوانکردنی ئەم بڕیارەوە ئەو هەنگاوانەی پێویستن بنرێن، دوابخرێن. دەبێت میکانیزمە دامەزراوەکان بکەونە کار؛ پێویستە دەستەی ئاشتی و بەسیاسیکردن بێ هیچ دواکەوتنێک چیتر لەژێر هەماهەنگیی ئۆجەلاندا کار بکات، ئەندامان و پێکهاتەی دەستەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێن، سەردانی پێویست بۆ دوورگەی ئیمراڵی ئەنجام بدرێت و رای گشتی بە شێوەیەکی فەرمی لەم بارەیەوە ئاگادار بکرێتەوە."

لە وەڵامی پرسیارێکیشدا، گوتەبێژی دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا کە عەبدوڵڵا ئۆجەلان پەیامێکی بۆ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گشتیی پارتی نوێ (یەنی پارتی) ناردووە کە بڕیاری نەناردنی ئەندامی بۆ کۆمیسیۆنی چاودێری داوە، بەڵام هیچ زانیارییەکیان لەسەر ناوەڕۆکی پەیامەکە نییە.

ئایشەگوڵ دۆغان لەم بارەیەوە گوتی: "ئەوە راستە کە لەلایەن ئۆجەلانەوە پەیامێک بۆ ئۆزگور ئۆزەل نێردراوە. ئێمە ناوەڕۆکی پەیامەکە نازانین، بەڵام شاندی ئیمراڵیمان لەم بارەیەوە روونکردنەوەی پێویست دەدات. دوای ئەنجامدانی ئەو دیدارەش، ئەگەر ئۆزەل بە گونجاوی بزانێت، بێگومان پەیامەکە لەگەڵ رای گشتیدا بەش دەکات. ناوەڕۆکەکەی نازانین، بەڵام ئەو زانیارییە راستە کە پەیامێکی لەو شێوەیە لە رێگەی شاندەکەمانەوە دەگەیەندرێتە ئۆزەل."