ئۆکرانیا؛ پیاوان بۆ خۆدزینەوە لە سەربازی هاوسەرگیری لەگەڵ خەسووی پێشوویان دەکەن
بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی چێرنۆبڵ لە رۆژئاوای ئۆکرانیا ئاشکرای کرد، ژمارەیەکی بەرچاو لە پیاوانی ناوچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتی بە تەمەن و تەنانەت خەسووە پێشووەکانیشیاندا دەکەن، وەک هەوڵێک بۆ خۆدزینەوە لە سەربازی.
هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، سێرگی زیوبانینکۆ، بەڕێوەبەری پۆلیسی ناوچەی چێرنۆبڵ لە رۆژئاوای ئۆکرانیا، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕی لەوەی ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەکە هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتانی بە تەمەندا دەکەن، کە لە نێویاندا خەسووە پێشووەکانیشیان هەن.
بەڕێەبەری پۆلیسی ناوچەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، هۆکاری ئەم دیاردەیە بۆ ویستی خۆدزینەوە لە بانگهێشتی سەربازی دەگەڕێتەوە.
زیوبانینکۆ روونیشی کردەوە، کە لە مانگی شوباتی 2022ـەوە تا ئێستا، 850 حاڵەتی هاوسەرگیری لە ناوچەی چێرنۆبڵ تۆمار کراون کە تێیاندا بووک زیاتر لە 20 ساڵ لە زاوا گەورەتر بووە، بە شێوەیەک کە تەنیا لە ساڵی 2026ـدا ژمارەی ئەو هاوسەرگیرییانە گەیشتووەتە 188 حاڵەت.
هەروەها زیوبانینکۆ ئاشکرای کرد، لە ناوچەکەدا چەند حاڵەتێک تۆمار کراون تێیاندا پیاوان هاوسەرگیری لەگەڵ خەسووە پێشووەکانیاندا دەکەن.
لە پاساوهێنانەوە بۆ کارەکەی، یەکێک لەو پیاوانەی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییەی کردووە، نووسیویەتی: خۆشەویستیم بۆ هاوسەرەکەم بوو بە هەڵم، بۆیە هاوسەرگیریم لەگەڵ خەسوومدا کرد.
زیوبانینکۆ جەختی کردەوە، پۆلیس دەست دەکات بە پشکنین و دڵنیابوونەوە لە یاساییبوونی ئەو جۆرە هاوسەرگیرییانە، بە تایبەتی لەو حاڵەتانەدا کە پیاوانی داواکراو بۆ خزمەتی سەربازیی ناچاری، هاوسەرگیری لەگەڵ ئافرەتی خاوەن پێداویستیی تایبەتدا دەکەن.
ئۆکرانیا لە مانگی شوباتی 2022ـەوە لەژێر حوکمی عورفی و بانگهێشتی گشتیی سەربازیدایە، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەرزبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئاراستەکردنی تۆمەت بۆ لایەنەکانی سەربازگیری بە بەکارهێنانی شێوازی زۆرەملێ لە بانگهێشتکردنی تاکەکاندا.
لە بەرامبەردا، ژمارەیەکی زۆر لەو پیاوانەی لە تەمەنی سەربازیدان، پەنا دەبەنە بەر رێگەی جیاواز بۆ خۆدزینەوە لە پەیوەندیکردن بە خزمەتی سەربازییەوە، کە جێهێشتنی وڵات بە شێوەی ناڕاستەوخۆ یان خۆشاردنەوە دەگرێتەوە.