حەسەن شێخانی: عەقڵییەتی بەڕێوەبردنی عێراق پایەکانی دەوڵەتی هەڵوەشاندووەتەوە

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامی جەختی لەوە کردەوە، پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی و سازان لە لایەن بەغداوە، متمانەی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی گەیاندووەتە قۆناخێکی دژوار.

هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، حەسەن شێخانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، بۆ کوردستان24 روونی کردەوە، ئەو عەقڵییەتەی ئێستا عێراق بەڕێوەدەبات، پایەکانی دەوڵەتی نوێی هەڵوەشاندووەتەوە.

شێخانی جەختی کردەوە، لەدەستدانی متمانەی کورد لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە هەڵەیەکی چارەنووسساز بوو، چونکە گێڕانەوەی ئەو متمانەیە لە کاتێکدا کە هەرێمی کوردستان خاوەن پێگەیەکی بەهێزی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، کارێکی مەحاڵە.

هاوکات گوتیشی: پشتگوێخستنی پرەنسیپەکانی هاوبەشی و سازان لە لایەن بەغداوە، متمانەی سیاسیی نێوان پێکهاتەکانی عێراقی گەیاندووەتە قۆناخێکی دژوار.

ئەو ئەندامەی بزووتنەوەی ئیسلامی ئاشکرای کرد، تا ئێستا پرسی جورف سەخر نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک، بەڵام لەو رێگەیەوە زەیدییان بەلاڕێدا بردووە، تا دۆسیەی ئەو ناوچەیە بکاتە پاساوێک بۆ رەوایەتیدان بە هەنگاوەکانی دژی هەرێمی کوردستان؛ هاوکێشەیەک کە ئامانج لێی دروستکردنی تەنگژەی سیاسیی نوێیە.