بانکی ناوەندی: پرۆسەی پێدانی دۆلار لە فڕۆکەخانەکانی کوردستان چەند رێکارێکی ماوە

گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ئاشکرای کرد، پرۆسەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، تەنیا هەندێک رێکاری رێکخستنی ماوە، کە لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە مۆڵەتپێدراوەکانی فرۆشتنی دۆلار ئەنجام دەدرێت.

هەینی، 27ـی تشرینی دووەمی 2026، مەحموود داغر، گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی راگەیاند: پرسی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانەوە هێشتا پێویستی بە هەندێک رێکاری رێکخستن هەیە، کە ئەویش لە رێگەی هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە مۆڵەتپێدراوەکانی فرۆشتنی دۆلار ئەنجام دەدرێت.

سەبارەت بە ئاراستەی بازاڕی دراو و جیاوازیی نێوان بەهای فەرمی و بەهای بازاڕ، گوتەبێژەکە گوتی: پێم وایە بڕیارەکانی ئەمڕۆ لەبارەی پێناسی گومرگ، لەگەڵ زیادکردنی پشکی گەشتیاران بۆ 12 مانگ بە بڕی 3,000 دۆلار، بە دڵنیاییەوە بەشداری لە دابەزاندنی بەهای دۆلار بەرامبەر دیناردا دەکەن.

گوتەبێژی بانکی ناوەندیی عێراق ئاماژەی بەوەش دا، رەنگە جیاوازیی نێوان بەهای فەرمی دۆلار و ئەو بەهایەی کە لە بازاڕەکاندا هەیە بە شێوەیەکی پلەبەندی کەم ببێتەوە.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەو دەنگۆیانەی لەبارەی کەمبوونەوەی دراوەکانی جۆری 250 دینار و 500 دینارەوە لە بازاڕ بڵاو بوونەتەوە، مەحموود داغر دڵنیایی دا، کە هیچ گرفتێک لە ئارادا نییە و ئەو شتانەی کە بڵاوکراونەتەوە لەو بارەیەوە تەنیا دەنگۆیە.

هەر ئەمڕۆ بانکی ناوەندیی عێراق، بڕیاری دا رێگە بە گەشتیاران بدات بە درێژایی مانگەکانی ساڵ و مانگانە بە بڕی 3،000 دۆلار داواکاری بۆ وەرگرتنی دراوی بیانی پێشکەش بکەن، ئەوەش لە بری 6 جار وەک ئەوەی پێشتر پەیڕەو دەکرا.

پێشتریش ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاندبوو: "ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و هەر کاتێک بانکی ناوەندیی عێراق رەزامەندی بدات لەسەر دەستپێکردنەوەی پێدانی دۆلار بە گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستان، ئێمە بۆ جێبەجێکردنی پرۆسەکە ئامادەین.

هاوکات جەختی لەوە کردبووەوە، لە هەرێمی کوردستان فڕۆکەخانەی هەولێر و سلێمانی بوونەتە قوربانی فڕۆکەخانەیەکی دیکە بەهۆی ئەوەی پێدانی دۆلاریان لە ئێستا تەنیا بۆ ئەو فڕۆکەخانە بەدەست خستووە.