سعوودیە تێکشکاندنی مووشەکێکی کرووزی حووسییەکانی راگەیاند

وەزارەتی بەرگریی سعوودیە رایگەیاند، مووشەکێکی کرووز، کە لەلایەن حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوو، تێکشکێنرا.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، تورکی مالیکی، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی سعوودیە، لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند "مووشەکێکی کرووز کە لەلایەن میلیشیا حووسییەکانەوە ئاراستەی ریاز کرابوو، تێکشکێنرا".

ئەم پێشهاتە دوای ئەوە دێت، ئاژانسی هەواڵی سەبای یەمەنی، کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەڕێوەدەبرێت، بڵاویکردەوە، هێرشێکی سعوودیە گەڕەکی نیشتەجێبوونی بیر ئەبو شەممەی لە ناوچەی تەحریری سەنعای پایتەخت کردووەتە ئامانج. ئاژانسەکە روونیکردەوە، بەهۆی هێرشەکەوە زیان بە 8 ماڵ و 3 دووکان گەیشتووە، هاوکات کەناڵی مەسیرەی سەر بە حووسییەکانیش بڵاویکردەوە، 13 کەس بەهۆی ئەم هێرشەوە بریندار بوون.

لەو کاتەوەی شەڕ لە یەمەن دەستیپێکردووە، سعوودیە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لە حکوومەتی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیی یەمەن، بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکاندان.

لە بەرامبەردا، حووسییەکان هێرشەکانیان بۆ سەر خاکی سعوودیە چڕکردووەتەوە، کە بەگوێرەی ئاژانسی فرانس پرێس،  رۆژانە دامەزراوەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ناوچەی دارایی لە ریاز دەکەنە ئامانج.