پارێزگاری هەولێر وادەی دابەشکردنی نەوت و چارەسەری نۆرەی بەنزین رادەگەیەنێت

 پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری و سیاسی، لەوانە دابەشکردنی نەوتی سپی و بەنزین، هەڵوێستی هەرێمی کوردستان لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا و دۆسیەی دەروازە سنوورییەکان، کێشەی کارەبای بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون و ئامادەکارییەکان بۆ شەپۆلی بارانبارینی رۆژانی داهاتوو.

شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو،  پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە دۆسیەی نەوتی سپی رایگەیاند، پارێزگای هەولێر پێویستی بە 105 ملیۆن لیتر نەوتە و تا ئێستا تەنیا 15 ملیۆن لیتری دابین کراوە، لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان پێویستی بە نزیکەی 280 ملیۆن لیترە و تەنیا 50 ملیۆن لیتری بۆ دابین کراوە. بەگوێرەی گوتەی خۆشناو، بە ناچاری لە ناوچە شاخاوییەکانەوە دەست بە دابەشکردن کراوە، ئەمڕۆ سنووری قەزای هەریر و ناحیەی بالیسان تەواو دەبن، سبەی لە شەقڵاوە و پیرمام دەستپێدەکات و رۆژانی دووشەممە و سێشەممەش لە کۆیە و تەقتەق دەستپێدەکات. رایگەیاند، ئەو بڕەی ئێستا هەیە تەنیا بەشی ناوچە شاخاوییەکان دەکات، بەڵام هیواخوازن لە قۆناغی دووەمدا پشکەکە لە بەغداوە زیاد بکرێت تاوەکو بتوانرێت لە سەنتەر و دەوروبەری هەولێریش دابەش بکرێت، پارساڵ نەیانتوانی دابەشی بکەن.

لەبارەی دروستبوونی نۆرە لە بەشێک لە بەنزینخانەکاندا لە ماوەی دوو بۆ سێ رۆژی رابردوودا، ئومێد خۆشناو روونیکردەوە، پێشتر پارێزگای هەولێر رۆژانە 20 تا 22 تانکەری 36 هەزار لیتریی بەنزینی وەردەگرت و دوای قەیرانەکەی پێشوو بە بڕیاری سەرۆکوەزیران و کۆبوونەوەکان رێژەکە بۆ نزیکەی 40 تانکەر بەرزکرایەوە، بەڵام لەم چەند رۆژەدا بڕەکە کەم بووەتەوە و کاریگەریی لەسەر نۆرەکان هەبووە. گوتیشی، سیستمی کارتی ئەلیکترۆنی بەردەوامە و هەنگاوێکی باشە بۆ دادپەروەری، هاوکات هەوڵ دەدرێت رێژەکە بەرزبکرێتەوە بۆ لانیکەم 45 تا 50 تانکەری 36 هەزار لیتری بۆ هەولێر و داواشیان لە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کردووە بەپێی ئاماری ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی وەزارەتی ناوخۆ پشکی هەولێر وەک خۆی دابین بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەدا و لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بڕیارەکانی حکوومەتی عێراق لەسەر دەروازە سنوورییەکان، پارێزگاری هەولێر جەختیکردەوە، هەرێمی کوردستان خوازیاری کۆنترۆڵکردنی هەموو عێراقە، بەڵام ئەو بەقاچاخبردنە زۆرەی باس دەکرێت لە شارەکانی دیکەی عێراقە کە گرووپەکان دەروازە سنوورییەکان بەڕێوە دەبەن، لە کاتێکدا لە هەرێمی کوردستان بەشی هەرە زۆری سنوورەکان پاسەوانی سنووری لێیە، دامەزراوەکانی حکوومەت بە شێوەی ئۆنلاین پەیوەندیی راستەوخۆیان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵدا هەیە و دەروازەکانیش بەراورد بە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە ستاندارد کار دەکەن.

پارێزگاری هەولێر  رایگەیاند، هەوڵی بەردەوام هەیە بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و پێشێلکردنی دەستوور و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکانی هەرێم، وەک ئەو دەڵێت، عەقڵییەتێک لە بەغدا لە فیدراڵییەت و عێراقی نوێ پاشگەز بووەتەوە و بیانوو بە هەرێمی کوردستان دەگرێت، لە کاتێکدا چەندین ماددەی گرنگی دەستوور ماوەی 15 بۆ 20 ساڵە جێبەجێ نەکراون، لەوانە ماددەی 140، پێکنەهێنانی ئەنجوومەنی فیدراڵی کە دوا وادەکەی ساڵی 2010 بوو، هەروەها رێژەی کورد لە هێزە سەربازی و ئەمنییەکانی فیدراڵدا کە لە خوار 1٪ـەوەیە. لە هەمان کاتدا خۆشحاڵیی خۆی بە هەنگاوەکانی یەکخستنەوەی نێوماڵی کوردستانی و کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەربڕی و ئاشکرای کرد کە لە یەک دوو رۆژی داهاتوودا شاندی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستپێشخەرییەکەدا لە بەغدا دەبێت، جەختیشی کردەوە، هەرێم چارەسەری کێشەکان لە چوارچێوەی دەستووردا دەوێت و هەر هەوڵێک لە دەرەوەی یاسا و دەستوور بۆ لاوازکردنی هەرێم رەتدەکرێتەوە.

سەبارەت بە گرفتی کارەبای بەشێک لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون، بەتایبەتی پرۆژەی نیشتەجێبوونی مامۆستایان، پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، دوای بڕیارەکەی ئەنجوومەنی وەزیران و تیمی پرۆژەی رووناکی، ناڕەزایەتی لێ کەوتەوە و ئەوانیش دوای ئەنجامدانی توێژینەوە پێشنیارەکانیان خستووەتە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران بە ئومێدی چارەسەرکردن. ئاماژەی بەوەش دا کە تا دەرچوونی بڕیاری یەکلاکەرەوە، بڕیاری کاتی دراون و دەبێت بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزاریی ئەو شارانە پابەند بن، هەرچەندە لە مامۆستایان لەم دوو رۆژەدا پابەندی نەبووە، جەختی کردەوە کە ئەمڕۆش لەگەڵ لیژنەی شارەکان قسەیان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا و لەبارەی پێشبینییەکان بۆ شەپۆلی بارانبارین، خۆشناو رایگەیاند، لە دوو هەفتەی رابردوو و دوای لافاوەکەی هەولێر، بە شەو و رۆژ کار کراوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسییەکانی لافاو. گوتیشی: بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە سبەیەوە بارانبارین دەستپێدەکات و دووشەممە بەردەوام دەبێت، و بەگوێرەی دوایین راپۆرتیش لە سێشەممەدا پێشبینی دەکرێت لە سەنتەری هەولێر سەرووی 50 میلیمەتر باران ببارێت. خۆشناو ئاشکرای کرد کە سبەی ژووری ئۆپەراسیۆن و دووسبەیش لە دیوانی پارێزگا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کۆبوونەوە دەکرێت بۆ خستنەئامادەباشیی تیمەکان، و داوای لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن و لە کاتی بارانی بەخوڕدا ئەگەر بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت نەچنە سەر شەقامەکان.