جەمال کۆچەر: پێناچێت سێشەممە رەشنووسی بودجە بنێردرێتە ئەنجوومەنی وەزیران

"سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق بەڵێنی ناردنی مووچەی هەرێمیان داوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەک نییە"

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، ئاشکرای کرد، رەشنووسی بودجە بە خواستی ئەوان و حکوومەتی هەرێمی کوردستان نییە و پێشبینی دەکرێت پەسەندکردنی بکەوێتە ساڵی داهاتوو؛ جەختی لەوە کردەوە، سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی فیدراڵ بەڵێنی بەردەوامی ناردنی مووچەی هەرێمیان داوە، بەڵام هیچ گەرەنتییەکیش نییە.

شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی کوردستان24، تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی رەشنووسی بودجە، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، پشکی هەرێمی کوردستان لە دامەزراندن و گرێبەستەکان، هەروەها پرسی مووچە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان.

سەبارەت بە وادەی ناردنی رەشنووسی بودجە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و دەنگدان لەسەری، جەمال کۆچەر رایگەیاند: تا ئێستا کاتەکەی دیار نییە و بە باوەڕی من تا کۆبوونەوەی سەرۆکایەتییەکان نەکرێت و جۆرێک لە رێککەوتن نەیەتە ئاراوە، بابەتەکە یەکلا نابێتەوە؛ بەڵام ئەگەر بێئومێد بن و رێکنەکەون، رەنگە رەشنووسەکە بەبێ رەزامەندیی هەرێمی کوردستانیش رەوانەی ئەنجوومەن بکەن.

دەربارەی ئەگەری کەوتنە ساڵی داهاتووی بودجە بەهۆی دەستپێکردنی پشووی وەرزی یاسادانانی پەرلەمان لە یەکی کانوونی یەکەمدا، جەمال کۆچەر ئاماژەی بەوە دا، پەسەندکردنی رەشنووسی بودجە گفتوگۆی زۆری دەوێت و بێگومان دەکەوێتە ساڵی داهاتوو، بەڵام بەپێی دەستوور و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان، هەر کاتێک بودجە هاتە پەرلەمان، دەبێت لیژنە پەیوەندیدارەکان پشووی خۆیان ببڕن و بێن یاساکە دەربکەن؛ ئێمە بە یاسا راسپێردراوین کە هەر کاتێک بودجە گەیشت، خوێندنەوەی یەکەم و دووەم لە کۆبوونەوەی گشتیدا بکرێت و لە نێوانیشیاندا تا دەنگدان، لیژنەی دارایی کۆبوونەوەکانی بەردەوام دەکات، ئەگەر پەرلەمان لە پشووی یاسادانانیشدا بێت.

سەبارەت بە گەرەنتیی ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان لە ئەگەری دواکەوتنی پەسەندکردنی بودجە بۆ ساڵی داهاتوو، جەمال کۆچەر جەختی کردەوە، مووچە دەنێردرێت و سەرۆکوەزیران و وەزیری دارایی عێراق بەڵێنیان داوە، بەڵام نازانین ئایا لەسەر قسەکانی خۆیان دەمێنن یا نا.

لە بارەی ئەوەی تا چەند خواست و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە رەشنووسەکەی بودجەدا جێگیر کراون، جەمال کۆچەر بە راشکاوی گوتی: رەشنووسەکە بە  دڵی کورد نییە، هەر لەبەر ئەوەشە ناڕازین.

ئاماژەی بەوەش دا، چەند دۆسیەیەکی گەورە لە رەشنووسەکەدا هەن کە هیچیان بە خواستی هەرێمی کوردستان نین و بە راستی ئەگەر بەم شێوازە تێپەڕێت، هەرێمی کوردستان زیان دەکات، لەبەر ئەوە ئێمە پێی رازی نەبووین.

لە بارەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەستدا، ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی جەختی لەوە کردەوە، تا ئێستا هیچ بەڵێنێک بۆ بەهەمیشەییکردنی گرێبەستەکانی هەرێم نەدراوە و هەموو شتێک بەستراوەتەوە بە پابەندبوون و رێککەوتنی هەرێم و بەغداوە؛ گوتیشی: ئەگەر رێککەوتن هەبێت، هەموو ئەو شتانە دەبن، ئەگەر رێککەوتنیش نەبێت هیچ ناکرێت.

سەبارەت بە بوونی گەرەنتیی یاسایی بۆ جیاکردنەوەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە ململانێ سیاسییەکان، جەمال کۆچەر دووپاتی کردەوە، هیچ گەرەنتییەک نییە، جگە لە بەڵێنێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق.