جێگری سەرۆکی جەهەپە: دەست لە تێکدانی ئارامیی ناو کوردان هەڵبگرن

جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، لە ئامەدەوە هۆشداریی دایە حکوومەتی عێراق و داوای لێ کرد دەست لە تێکدانی ئارامیی ناو کوردان هەڵبگرێت و دەستبەجێ گوشارەکانی بەغدا کۆتاییان پێ بێت، هاوکات داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان کرد بەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگ نەبن.

شەممە 28ی تشرینی دووەمی 2026 یڵدرم کایا، جێگری سەرۆکی پارتی گەلی کۆماریی تورکیا (جەهەپە)، لە لێدوانێکدا بۆ ماهیر یوکسەل، پەیامنێری کوردستان24 لە ئامەد گوتی: لێرەوە بانگەواز ئاراستەی حکوومەتی عێراق دەکەم؛ ناوچەکە تینووی ئاشتی بووە، دەست لە تێکدانی ئارامیی ناو کوردان هەڵبگرن. ئەگەر لە عێراق ئاشتی بەدی نەیەت، لە تورکیاش ئاشتی بەدی نایەت.

جێگری سەرۆکی جەهەپە دووپاتی کردەوە کە ئاشتیی ئەم ناوچەیە بە تەبایی و دەستلەناودەستنانی هەولێر و بەغدا تێدەپەڕێت، گوتیشی: دەبێت هەولێر و سلێمانی بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان دەست بدەنە یەکتر و یەکێتیی خۆیان پێک بهێنن، و دەبێت گوشار و پەستانەکانی بەغدا دەستبەجێ کۆتاییان پێ بێت.

یڵدرم کایا لە درێژەی قسەکانیدا بانگەوازی ئاراستەی جیهان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و گوتی: سووریا بووە گۆمی خوێن چی بەدەست هات؟ ئێران بووە گۆمی خوێن چی بەدەست هات؟ ئەگەر جارێکی دیکە لە ناوچەکەدا شەڕ هەڵبگیرسێت، نە عێراق سەردەکەوێت و نە جیهان سەردەکەوێت؛ نابێت وڵاتان بەرامبەر ئەم دۆخە بێدەنگ بن و دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکانیش چاوی خۆی دانەخات.

جێگری سەرۆکی جەهەپە جارێکی دیکە هۆشداریی دایە حکوومەتی بەغدا و داوای کرد لە هەڵوێستەکانی دژی کوردان پاشگەز ببێتەوە.