دژوار فایەق : ئەوەی بەرامبەر هەرێمی کوردستان کراوە نادەستوورییە
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140، لە میانی بەشداریکردنی لە گەشتی هەواڵەکانی کوردستان24 رایگەیاند، یەکڕیزیی کورد و کۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە سلێمانی مژدەیەکی خۆشە بۆ خەڵکی کوردستان، جەختیشیانکردەوە، ئەو بڕیار و فشارانەی لە بەغداوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان دەکرێن نادەستوورین و تەنیا دەستوور چارەسەری سەرجەم کێشەکان دەکات.
شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، دژوار فایەق، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140 بۆ کوردستان24 رایگەیاند، مێژوو سەلماندوویەتی هەرکاتێک کورد بەتایبەتی پارتی و یەکێتی یەکڕیز بووبێت، دەستکەوتی گەورەی بەدەستهێناوە، هەر لە بەرەی کوردستانی و راپەڕینەوە تا رووخاندنی رژێمی پێشوو لە 2003ـەوە و نووسینەوەی دەستووری عێراق. بە گوتەی دژوار فایەق، ئەم یەکڕیزییە لە کاتێکدایە کە دۆخێکی دەروونیی سەخت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەهۆی لێدوانی گوتەبێژی سەربازیی عێراق، دروست بووە کە هەڕەشەی جووڵەی سوپای کردووە ئەگەر خاڵەکان جێبەجێ نەکرێن، هاوکات لایەنێکی دیکە هەڕەشەی بڕینی مووچە و بودجەی کردووە. فایەق پشتیوانیی خەڵک و هەڵوێستی حکوومەتی هەرێم و یەکێتیی بە وەڵامێکی واقیعی و عەقڵانی وەسفکرد بۆ گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستوور و سیستەمی فیدراڵی.
لە رووی دەستوورییەوە، نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140 روونیکردەوە، کە عێراق بەپێی ماددەی یەکی دەستوور دەوڵەتێکی فیدراڵیی پەرلەمانیی نوێنەرایەتییە و ماددەی 117ش بە روونی دانی بە هەرێمی کوردستاندا ناوە وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، بۆیە دەبێت مامەڵەی عێراق لەگەڵ هەرێمدا فیدراڵی بێت نەک ناوەندگەرا. فایەق باسی ماددەکانی دیکەی دەستوور کرد و گوتی، دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکوومەتی فیدراڵی لە ماددەی 110دا دیاری کراون کە نەوتیان تێدا نییە، بەڵکو لەو بوارەدا تەنیا باسی داڕشتنی سیاسەتی گومرگی دەکات، لە کاتێکدا لە ماددەی 114دا دەسەڵاتە هاوبەشەکان و لە ماددەی 112دا بەڕێوەبردنی نەوت و گاز بە «هاوبەشی» لە نێوان حکوومەتی فیدراڵی و هەرێم و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکاندا دانراوە، دابەشکردنی داهات بەپێی ژمارەی دانیشتووان و پشتیوانیی ناوچە کارەساتبارەکان دیاری کراوە، و ماددەی 115ش لە کاتی ناکۆکیدا لە دەسەڵاتە هاوبەشەکاندا لەپێشینەی داوە بە یاسای هەرێمەکان.
هەروەها جەختی لە ماددەی 121 کردەوە کە تێیدا دەسەڵاتەکانی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری بۆ هەرێم چەسپێنراون، لەگەڵ دابینکردنی بەشێکی دادپەروەرانە لە داهاتی عێراق بۆ هەرێم و پێدانی دەسەڵاتی پۆلیس، ئاسایش و پاسەوانی هەرێم (پێشمەرگە) کە بە وتەی ئەو، بەپێی دەستوور ئەرکی پێشمەرگە پاراستنی هەرێمی کوردستان و سنوورەکانە. سەبارەت بە ماددەی 126یش، دژوار فایەق گوتیشی، هەموارکردنەوەی دەستوور پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و بە روونی قەدەغەی کردووە دەستکاریی دەسەڵاتەکانی هەرێم بکرێت.
نوێنەری هەرێمی کوردستان لە لیژنەی ماددەی 140، حکوومەتی عێراقی تۆمەتبار کرد بەوەی بەگوێرەی خواستی خۆی لە جێبەجێکردنی دەستووردا مامەڵە دەکات و رایگەیاند، نزیکەی 55 ماددەی دەستووریی پەیوەست بە مافەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ نەکراون، لەوانە ماددەی 140 کە دادگای فیدراڵی خۆی لە ساڵی 2019دا بڕیاری دا هێشتا کارایە، کەچی بەغدا بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژی هەرێم بە ئیلزامی دەزانێت و بڕیاری ماددەی 140 جێبەجێ ناکات. هەروەها رایگەیاند، کە دادگای فیدراڵی بۆ دۆسیەکانی وەک یاسای کۆمپانیاکانی نەوت 248 رۆژ، دەسەڵاتی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دوو ساڵ و یاسای هەڵبژاردن 133 مانگی پێ چووە، بەڵام لە دوایین بڕیارەکانیدا لە ماوەی 24 کاتژمێردا وەڵامی داوەتەوە. فایەق گوتیشی، گۆڕینی فەرماندەی ئەمنی و سەربازی بەبێ گەڕانەوە بۆ پەرلەمان پێچەوانەی ماددەکانی 61 و 81ـی دەستوورە.
سەبارەت بە هۆکاری ئەم هەڵکشانە خێرایەی بەغدا، دژوار فایەق بە بۆچوونی خۆی هۆکارەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران، لە جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی بە ئەمریکای دابوو - وەک کۆنترۆڵکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت، بەقاچاخبردنی دۆلار و نەوت و دۆسیەی جورف سەخر - شکستی هێناوە. بە وتەی فایەق، ئەو حکومەتەی خۆی بەرامبەر هەرێمێک نمایش دەکات کە داوای دەستوور و یاسا و گفتوگۆ دەکات، نەیتوانی بچێتە جورف سەخر تا نوێنەری ئێران، قاانی هات، بۆیە لە ژێر فشاردا بە پەلە ئەم بڕیارانەی دەرکرد و دادگای فیدراڵیش بە خێرایی وەڵامی دایەوە. فایەق پێی وابوو کێشەی سەرەکیی عێراق لە دەستووردا نییە، بەڵکو لە «عەقڵییەتی حاکم»دایە کە دەیەوێت بە دیکتاتۆرییەتی زۆرینە، ناوەندگەرایی، دەستوەردانی دەرەکی و شۆڤێنییەتی عەرەبی بەرەو ناوەندگەرایی بگەڕێتەوە، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزیی هەموارکردنەوەی دەستوورەوە پێیان ناکرێت.
لە وەڵامی تۆمەتە داراییەکانیشدا، نوێنەری هەرێمی کوردستان رەتیکردەوە، کە هەرێم لە ساڵی 2008ـەوە 100 ملیار دۆلار زیانی بە عێراق گەیاندبێت و رایگەیاند، هەرێم تەنیا دوای بڕینی بودجە و مووچە لە لایەن بەغداوە لە ساڵی 2014 دەستی بە فرۆشتنی سەربەخۆی نەوت کردووە، و پێشتریش لە 2009دا بە هاوکاریی سۆمۆ و بەغدا بووە. فایەق پرسیاری ئەوەی کرد کە بۆچی باس لە داهاتی هەزار و 200 ملیار دۆلار یان زیاتر لە دوو تریلیۆن دۆلاری عێراق لە 2003ـوە تا حکوومەتی سوودانی ناکرێت، و بۆچی لە کاتی کارەسات و لافاوەکانی هەولێردا بەغدا هیچ هاوکارییەکی نەناردووە و لە کاروباری وەک پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی و جیاوازیی مووچەی شەهیدان، زیندانییانی سیاسی و پێشمەرگەدا جیاکاری دەکرێت.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی شاندی باڵای هەرێمی کوردستان لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە سێشەممە 1ـی کانوونی یەکەم، دژوار فایەق جەختی کردەوە کە دەبێت شاندی کوردستان بە بەڵگە و حوججەی یاسایی و دەستوورییەوە بەرگری لە مافەکانی پێشمەرگە، مووچە، بودجە، نەوت، گومرگ، ماددەی 140 و دابەشکردنی دەسەڵاتەکان بکات، هاوکات رایشیگەیاند، لە رێککەوتنی بەرنامەی وەزاریی حکوومەتی پێشووی محەمەد شیاع سوودانیشدا بەڵێنی پێکهێنانەوەی دادگای فیدراڵی، جێبەجێکردنی ماددەی 140، دەرکردنی یاسای نەوت و گاز و دامەزراندنی ئەنجوومەنی هەرێمەکان (فیدراڵی) درابوو، بەڵام جێبەجێ نەکران. فایەق جەختیشی کردەوە کە ئەم کێشە 25 ساڵییانە بە کۆبوونەوەیەکی یەک رۆژی و یەک کاتژمێری چارەسەر نابن، بەڵکو پێویستە لیژنەیەکی پسپۆڕی عێراقی و کوردستانی پێک بهێنرێت و داوای راوێژ و نێوەندگیری لە وڵاتانی ئەورووپی، ئەمریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان (UN) بکرێت.