حووسییەکان: فڕۆکەخانەی ریاز و چەند دامەزراوەیەکی وزەی سعوودیەمان کردە ئامانج

حووسییەکانی یەمەن رایانگەیاند، لە ماوەی 48 کاتژمێری رابردوودا پێنج هێرشیان بۆ سەر فڕۆکەخانەی ریاز و چەند دامەزراوەیەکی نەوت، گاز و کارەبای سعوودیە ئەنجام داوە.

ئەمڕۆ شەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2026، هێزە چەکدارەکانی سەر بە حووسییەکانی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایان کرد، لە وەڵامی بۆردوومانکردنی وێستگەکانی کارەبا و شوێنە مەدەنییەکانی سەنعا و چەند پارێزگایەکی دیکە، زنجیرەیەک هێرشیان کردووەتە سەر قووڵایی خاکی سعوودیە.

بەپێی راگەیەندراوەکە، لە هێرشەکاندا فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی خالید لە ریازی پایتەخت، دوو رادار لە ناوچەکانی ئەبها و خەمیس مشێت، پاڵاوگەی جیزان، کارگەی گازی حەویە لە باشووری ئەحسا و هەردوو وێستگەی کارەبای شەقیق و جیزان کراونەتە ئامانج.

حووسییەکان بانگەشەی ئەوەیان کردووە، سەرجەم ئامانجەکان بە وردی پێکراون، هەردوو رادارەکە لە کار کەوتوون، ئاگرێکی گەورە لە پاڵاوگەی جیزان و کارگە گازییەکە کەوتووەتەوە و زیانێکی زۆریش بەر وێستگەکانی کارەبا گەیشتووە.

هاوکات هۆشداریشیان داوە کە هێرشەکانیان بۆ سەر قووڵایی سعوودیە و پێگە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە ناوەستێنن، تا ئەو کاتەی هێرش و گەمارۆکانی سەر یەمەن کۆتاییان پێ نەیەت.

هەر ئەمڕۆ شەممە، هاوپەیمانییەکە بۆ پشتگیریکردنی حکوومەتی یەمەنی دانیپێدانراوی نێودەوڵەتی کار دەکات، دوای نوێبوونەوەی ململانێکان لە یەمەن بەردەوام هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر ئەو ناوچانەی لەژێر کۆنترۆڵی حووسییەکانی نزیک لە ئێراندا. لە بەرامبەردا حووسییەکان رۆژانە ناوچە نەوتییەکانی سعوودیە دەکەنە ئامانج و هێرشەکانیان دامەزراوەکانی وزە، فڕۆکەخانەکان و ناوچە داراییەکانی ریازی گرتووەتەوە.

 تورکی مالیکی، گوتەبێژی هاوپەیمانییەکە لە پلاتفۆرمی ئێکس نووسی: "تێکشکاندن و لەناوبردنی مووشەکێکی کرووز لەلایەن میلیشیای حووسییەوە ئاراستەی ریاز کرابوو". دوای چەند کاتژمێرێک مالیکی ئاشکرایکرد، بەرگریی ئاسمانی دوو مووشەکی دیکەی بالیستیی تێکشکاندووە لەلایەن هەمان میلیشیاوە بەرەو ناوچەی باشوور هاوێژرابوون، ئەمەش دوای ئەوە هات پێشتر هەواڵی تێکشکاندنی مووشەکێکی دیکە لە هەمان ناوچە راگەیەندرا.