بۆ رێگریکردن لە لافاو؛ شارەوانیی هەولێر تیم و ئامێرەکان جێگیر دەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئێوارەی رۆژی شەممە 28ـی تشرینی دووەمی 2026، بۆ دانانی پلانی ئامادەکاریی وەرزی زستان و رووبەڕووبوونەوەی شەپۆلێکی چڕی بارانبارین کۆبووەوە و داوای لە هاووڵاتییان کرد لە کاتی چڕبوونەوەی باراندا بۆ کاری زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە.

بەگوێرەی راگەیاندراوێکی راگەیاندنی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، کارزان عەبدولهادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، بە ئامادەبوونی سەرپەرشتیار، لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتییەکان و ژمارەیەک لە سەرۆک بەشەکانی سەرۆکایەتیی شارەوانی کۆبووەتەوە

لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر پێداگریی لە توندوتۆڵکردنی رێکارەکان و چارەسەرکردنی خاڵە لاوازەکان کردووەتەوە، لە رێگەی جێگیرکردنی تیمی شارەزا و ئامێری هەمەجۆری گەورە و مامناوەند و دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی چارەسەرکردنی هەر حاڵەتێکی کۆبوونەوەی ئاو لە شەقام و گەڕەکەکاندا.

هەروەها شارەوانییەکان راسپێردراون بۆ حاڵەتە لەناکاوەکان لە ئامادەباشیدا بن و هاوئاهەنگیی تەواو لەگەڵ تیمە ئێشکگر و تیمە خزمەتگوزارییەکانی دیکەی حکوومەتدا بکەن بۆ رێگریکردن و کەمکردنەوەی مەترسییەکانی دروستبوونی لافاو، بڕیاریش دراوە تیمە فریاگوزاری و خزمەتگوزارییەکان لە شەقام و کۆڵانەکاندا بڵاوەیان پێ بکرێت، بە تایبەت لەو شوێنە هەستیارانەی گومانی کۆبوونەوەی ئاویان لێ دەکرێت.

لە راگەیاندراوەکەدا، سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر هۆشداریی داوەتە هاووڵاتییان کە لە کاتی چڕبوونەوەی شەپۆلەکانی بارانباریندا، بۆ سەلامەتیی خۆیان و سەر و ماڵیان، ئەگەر بۆ کارێکی زۆر پێویست نەبێت لە ماڵەکانیاندا بمێننەوە، تا قەرەباڵخی لە شەقامە گشتییەکاندا دروست نەبێت و تیمە فریاگوزارییەکان بتوانن لە کاتی هەر رووداوێکدا بە خێرایی بگەنە شوێنی مەبەست.

هاوکات بە گوێرەی راگەیاندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان، کەشوهەوا بە نمەباران و بارانی پچڕپچڕ دەستپێدەکات و لە کاتەکانی شەودا رێژەی دابارین زیاد دەکات، و کاریگەریی ئەم شەپۆلەش زیاتر لەسەر سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی زاخۆ دەبێت.

لەبارەی خێرایی با و مەودای بینینەوە، کەشناسیی هەرێم باسی لەوە کردووە کە خێرایی با لەسەرخۆ بۆ مامناوەند دەبێت لە نێوان 10 بۆ 20 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و ئاراستەکەشی باکووری رۆژهەڵات دەبێت؛ هەروەها مەودای بینین لە نێوان 8 بۆ 10 کیلۆمەتردا دەبێت و پلەکانی گەرماش لە تۆمارەکانی ئەمڕۆ نزیک دەبنەوە.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر: 22 پلە

پیرمام: 20 پلە

سلێمانی: 20 پلە

چەمچەماڵ: 22 پلە

هەڵەبجە: 21 پلە

دهۆک: 22 پلە

زاخۆ: 22 پلە

سۆران: 18 پلە

گەرمیان: 26 پلە

حاجی ئۆمەران: 13 پلە