وەزارەتی تەندروستیی عێراق: بە هەوکردنی پەردەی مێشک 15 کەس گیانیان لە دەستداوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق: 4358 کەس تووشی نەخۆشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، 4358 کەس لە وڵاتەکە تووشی نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون. لە پارێزگای واست کێشە لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە هەیە و ئاماژەکان نیگەرانکەرن و پێویستە بەهەند وەربگیرێن، چونکە یەکەمین یەکەی کارگێڕییە پەتاکەی تێدا بڵاوبووەتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی تسرینی دووەمی 2026، عەبدولحوسێن مسەوی وەزیری تەندروستیی عێراق روونیکردەوە، چوار حاڵەتی مەترسیدار لە واست هەن کە لە رێگەی ڤایرۆسەوە تووشی هەوکردنی پەردەی مێشک بوون و پێویستیان بە چارەسەری بەپەلە هەیە. بەشێکی دیکە لە نەخۆشەکان گومانلێکراون و شیکاریی خوێن، چاندنی خوێن و پشکنینی PCRـیان بۆ دەکرێت تاوەکو دیاریبکرێت ئایا هۆکارەکەی بەکتریایە، ڤایرۆسە، یاخود پەیوەندیی بە هۆکاری دیکەوە هەیە. هاوکات پشکنینی نزیکەی 290 حاڵەت دەریخستووە هۆکارەکەی بەکتریا بووە.

سەبارەت بە گیانلەدەستدان لە واست، روونیکردەوە لە سەرەتای ئەمساڵەوە گومان لەسەر گیانلەدەستدانی 15 کەس هەبووە، بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونی کابینەی حکوومەتی ئێستاوە، پێنج کەس گیانیان لەدەست داوە کە چوار قوتابی و مامۆستایەک بوون. هەروەها جەختیکردەوە ژیانی هەموو هاووڵاتییەک گرنگە، بەڵام ئەم ئامارە رێژەیەکی زۆر نییە و پێدەچێت گیانلەدەستدانی ئەوانی دیکە بەهۆی لاوازیی بەرگریی جەستەیانەوە بووبێت.

هاوکات بە ئاماژەدان بە هەڵسەنگاندنەکانی، روونیکردەوە پێویستە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکان بکرێت بەبێ بڵاوکردنەوەی ترسێکی بێپاساو. وەزارەتەکە رایگەیاند لە خزمەتی خەڵکدان و داوای لە هاووڵاتییان و میدیاکاران کرد ترس بڵاو نەکەنەوە و نەبنە هۆکاری دروستبوونی دوودڵی.