هەولێر.. شوکر بلباس لە رێگەی تابلۆکانییەوە خەم و ئازارەکانی جیهان پیشان دەدات
شوکر بلباس، هونەرمەندی شێوەکاری کورد، پێشانگەیەکی تایبەتی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "دەردی جیهان"، لە گەلەری جیهان لە هەولێر دەکاتەوە.
یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، شوکر بلباس، هونەرمەندی شێوەکاری کورد بە کوردستان24ی راگەیاند، "لە بەرهەمە نوێیە هونەرییەکانم دا دەستم داوەتە باسکردنی چەمکی "ڤێلتشمێرت"، کە وشەیەکی ئەڵمانییە و بە واتای خەم و ماندووبوونی جیهان دێت؛ بووەتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ دروستکردنی چەندین بەرهەمی نوێی شێوەکارییەکانم؛ دۆخێکی هەستی مرۆڤ کاتێک تووشی دەبێت هەست دەکات جیهانی راستەقینە پڕە لە ئازار، نادادی و ناتەواوی، و ناتوانێت ئەو چاوەڕوانییە جوان و ئایدیاڵانەی مرۆڤ لە پێشتر لە ناخ و خەیاڵیدا بۆ ژیان و جیهان دروستی کردوون، بەدی بهێنێت."
بلباس سەبارەت بە گرنگیی ئەم چەمکە گوتی، "ئەم چەمکە زیاتر لەوە دەدوێت کە مرۆڤ چۆن لە نێوان ئەو جیهانەی لە خەیاڵیدا دروستی کردووە و ئەو جیهانەی بە راستی تێیدا دەژی، دووچاری ناکۆکی و جیاوازی دەبێتەوە؛ چونکە زۆرجار ئەو وێنایە جوان و تەواوەی مرۆڤ لە مێشکیدا بۆ ژیان و بوون هەیە، لەگەڵ واقیعی پڕ لە ئازار و نادادی و ناتەواوییەکانی ژیان یەک ناگرێتەوە. ئەم جیاوازییەش دەتوانێت هەستی خەمێکی قووڵ و دڵتەنگییەکی فەلسەفی لە مرۆڤدا دروست بکات."
ئەو شێوەکارە باسی لەوەش کرد، "ڤێلتشمێرت، جۆرێکە لە خەمۆکییەکی فەلسەفی یان خەمێکی قووڵ بەرامبەر بە هەموو بوون؛ هەستێک تەنیا بە رووداوێکی تایبەت یان ئازارێکی تاکەکەسی سنووردار نابێت، بەڵکو پەیوەندی بە تێڕوانینی مرۆڤەوە هەیە بۆ ژیان، جیهان و ئەو ناتەواوییانەی لە دەوروبەریدا دەیبینێت."
سەبارەت بە تێگەیشتن لە روانینی ئەو بیرۆکەیە، بلباس دەڵێت، "لە روانگەی ئەم بیرۆکەیەوە، مرۆڤ هەمیشە لە هەوڵی گەیشتن بە جیهانێکی جوانتر و تەواوترە، بەڵام کاتێک رووبەڕووی واقیعێک دەبێتەوە کە پڕە لە نادادی، ئازار و ناتەواوی، ئەو جیاوازییەی نێوان خەون و راستی دەبێتە هۆی دروستبوونی هەستێکی قووڵی خەم و بێئومێدی. لە هەمان کاتدا، ئەم هەستە دەتوانێت ببێتە سەرچاوەی بیرکردنەوەی قووڵتر لەبارەی مانا و سروشتی بوون و شوێنی مرۆڤ لە جیهاندا."
شوکر بلباس ئەم بابەتەی کردووەتە یەکێک لە تەوەرە سەرەکییەکانی بەرهەمە نوێیەکانی، بەو شێوەیەی بیرۆکە و هەستەکانی پەیوەندیدار بە خەم و دڵتەنگیی مرۆڤ بەرامبەر بە جیهان، دەبنە بنەمای دروستکردنی کاری هونەری. لەم ڕوانگەیەوە، شێوەکاری تەنیا ئامرازێک بۆ پیشاندانی جوانی و رووکار نییە، بەڵکو دەتوانێت ببێتە زمانێک بۆ دەربڕینی ئەو هەستانەی بە وشە بە ئاسانی ناگوترێن."
شوکر بلباس ئاماژەی بەوەش دا، "بەرهەمەکانی من بانگهێشتێکن بۆ ئەوەی بینەر لە رێگەی هونەرەوە لەگەڵ پرسیارە قووڵەکانی ژیان و بووندا رووبەڕوو ببێتەوە و لەبارەی پەیوەندی مرۆڤ و جیهانی دەوروبەری بیر بکاتەوە؛ جیهانێک لە لایەکەوە مرۆڤ خەونی جوانی و تەواوی دەبینێت و لە لایەکی دیکەوە رووبەڕووی ئازار و ناتەواوییەکانی دەبێتەوە."
پێشانگەی شێوەکاری "دەردی جیهان"، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، لە گەلەری جیهان لە هەولێر بکرێتەوە و ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت.
شوکر بلباس، نووسەر و شێوەکاری کوردە، دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی زانکۆی سەلاحەددینی هەولێرە. چەندین نووسین و بڵاوکراوەی هەیە لە زۆربەی رۆژنامە و گۆڤارەکاندا بڵاوکراوەتەوە. ناوبراو چەندین پێشانگەی تایبەتی کردۆتەوە و بەشداری چەندین پێشانگەی هاوبەشی کردووە.