سلێمانی.. دیداری سینەمای کورد لە باشوور و رۆژهەڵات بەڕێوەدەچێت

بەبۆنەی تێپەڕبوونی سەد ساڵ بەسەر بەرهەمهێنانی یەکەم فیلمی کوردی "زارێ" لە ساڵی 1926، دیداری سینەمای کورد،  بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی سینەمای کورد لە باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، رەوەز حەمەساڵح، سەرپەرشتیاری دیدارەکە بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئامانجی سەرەکیی ئەو دیدارە، دروستکردنی بوارێکی هاوبەشە بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی دۆخی سینەما، کێشە و ئاستەنگەکانی بەرهەمهێنانی فیلم و بەهێزکردنی پەیوەندیی نێوان سینەماکارانی ئەو دوو بەشەی کوردستان."

رەوەز سەبارەت بە بابەتە گرنگەکانی دیدارەکە گوتی، "لە چوارچێوەی ئەم دیدارەدا، چەندین بابەتی گرنگ و بنەڕەتیی پەیوەست بە سینەمای کورد دەخرێنە بەرباس وەکو،   پرسی شوناس و چۆنیەتی رەنگدانەوەی ناسنامەی کوردی لە بەرهەمە سینەماییەکان، پرسی ژن و شوێن و رۆڵی لە سینەما، پرسی جینۆساید و گێڕانەوەی یادەوەرییە مێژووییەکان لە رێگەی فیلمەوە، هەروەها کێشەکانی بەرهەمهێنان، دابینکردنی پێداویستییەکانی فیلمسازی و بڵاوکردنەوە و گەیاندنی بەرهەمە سینەماییە کوردییەکان بە بینەر و فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەکان."

سەرپەرشتیاری دیدارەکە باسی لەوەش کرد، "ئەم دیدارە جگە لەوەی دەرفەتێک بۆ ئاڵوگۆڕی ئەزموون و بیرۆکە لە نێوان سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵات دەڕەخسێنێت، هەوڵێکیشە بۆ دروستکردنی تۆڕێکی فراوانتری پەیوەندیی پیشەیی لە نێوان ئەو کەسانەی لە بواری سینەما و فیلمسازیی کوردیدا کار دەکەن، بە مەبەستی ناسینەوەی هاوبەشییەکان، دیاریکردنی کێشە هاوبەشەکان و گەیشتن بە راسپاردەیەکی هاوبەش بۆ پەرەپێدانی ئەم بوارە."

سەبارەت بە بیرۆکەی دیدارەکە، رەوەز حەمەساڵح دەڵێت، "بیرۆکەی بەستنی ئەم دیدارەش لەو پێویستییەوە سەرچاوەی گرتووە پێشتر لە رۆژئاوا و باکووری کوردستان و هەروەها لە دیاسپۆرا کۆنفرانسی سینەماکاران بەستراون. ئەو کۆنفرانسانەش جگە لە دروستکردنی بوارێک بۆ گفتوگۆ و تاوتوێکردنی کێشەکانی سینەما، ئامانجیان گەیشتن بە راسپاردە و بڕیارێکی هاوبەش بووە بۆ بەرەوپێشبردنی دۆخی فیلمسازیی کوردی و هەماهەنگیکردنی هەوڵەکانی سینەماکاران."

رەوەز ئەوەشی روونکردەوە، "لە هەمان چوارچێوەدا، دیداری سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵاتیش بەشێکە لەو پرۆسەیە و بە مەبەستی بەشداری و نوێنەرایەتیی ئەو دوو بەشەی کوردستان لە کۆنفرانسی گشتیی داهاتوو بەڕێوە دەچێت. بەمەش دیدارەکە تەنیا کۆبوونەوەیەک بۆ باسکردنی کێشەکانی سینەما نییە، بەڵکو هەنگاوێکی ئامادەکارییە بۆ بەستنەوەی هەوڵە ناوچەییەکان بە یەکەوە و دروستکردنی چوارچێوەیەکی سەرتاسەری بۆ سینەمای کورد."

رەوەز باس لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیدارەکە دەکات و دەڵێت، "یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی دیدارەکەش ئەوەیە کە بەشداریی سینەماکارانی باشوور و رۆژهەڵات لە کۆنفرانسی گشتیی داهاتوو شەرعیەت پەیدا بکات و نوێنەرانی ئەو دوو بەشە لە ناو خودی ئەم دیدارەدا دیاری بکرێن، بۆ ئەوەی لە کۆنفرانسی سەرتاسەریدا بەشدارییەکی رێکخراو و کاریگەر هەبێت."

سەرپەرشتیاری دیدارەکە ئاماژەی بەوەش دا، "داڕشتنی راسپاردە بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی گەورە لە ئاستی هەر چوار پارچەی کوردستان و دیاسپۆرا و دامەزراندنی فیدراسیۆنێکی نێودەوڵەتیی سینەماکارانی کورد، لە گرنگترین ئامانجەکانی ئەم دیدارە دەبێت؛ دامەزراوەیەک بتوانێت ببێتە چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ نوێنەرایەتیکردن، هەماهەنگی و پشتیوانیکردنی سینەماکارانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان و دیاسپۆرا."

دیداری سینەمای کورد لە باشوور و رۆژهەڵات، بڕیارە ئەمڕۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ی تشرینی دووەمی 2026، لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.