پەرلەمانتارێکی فەرەنسا: بڕیارەکانی بەغدا داهاتووی ئابووری و سیاسیی کوردستانیان کردووەتە ئامانج
پەرلەمانتارێکی فەرەنسا و سەرۆکی گرووپی لێکۆڵینەوەکانی کورد رایگەیاند، بەهۆی بڕیارەکانی ئەم دواییەی بەغدا سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان، هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری 2005دا دانی پێدا نراوە کەوتووەتە ژێر مەترسییەوە؛ دووپاتیشی کردەوە کە دەبێت رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی گەلی کورد بگیرێت.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، تۆماس پۆرتس، ئەندام پەرلەمانی فەرەنسا لەسەر لیستی (LFI) و سەرۆکی گرووپی لێکۆڵینەوەکانی کورد، رایگەیاند، هەرێمی کوردستان کە لە دەستووری ساڵی 2005دا دانی پێدا نراوە، ئێستا لەژێر مەترسیدایە، و دووپاتی کردەوە کە دەبێت گەلی کورد ئازاد بێت لە بڕیاردان لە داهاتووی خۆی و رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی بگیرێت.
تۆماس پۆرتس، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: لە 24ـی تشرینی دووەمدا بەغدا فەرمانی دا بە سەپاندنەوەی کۆنترۆڵ بەسەر دەروازە سنوورییەکان و چەند کێڵگەیەکی نەوتیدا کە لەلایەن کوردەکانەوە بەڕێوە دەبرێن، رۆژی دواتریش دادگای باڵای عێراق رێگەی دا بە بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان بە درێژایی سنوورەکانی هەرێمە خۆبەڕێوەبەرەکە.
ئەو پەرلەمانتارە فەرەنسییە باسی لەوەش کردووە کە لە پشت ئەم بڕیارانەوە کە بەغدا بە ناوی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچیتییەوە پاساوی بۆ هێناونەتەوە، داهاتووی ئابووری، خاک و سیاسیی کوردستان هەیە.
پۆرتس وەبیری هێناوەتەوە کە لە 26ـی تشرینی دووەمدا هەزاران کورد بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان رژاونەتە سەر شەقامەکان و جەختی کردووەتەوە: دەبێت گەلی کورد ئازاد بێت لە بڕیاردان لەسەر داهاتووی خۆی و دەبێت رێز لە مافی چارەی خۆنووسینی بگیرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە کە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە چەند رۆژی رابردوودا گرژیی تێ کەوتووە، لە دوای بڕیارەکانی حکوومەتی فیدراڵیی عێراق لەبارەی کێڵگە نەوتییەکان، دەروازە سنوورییەکان و راگرتنی کاتیی بەشە بەرهەمە نەوتییەکانی کارگە و کۆمپانیاکانی هەرێمی کوردستان، هەروەها بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی سنووری دەسەڵاتی هەرێم و بڵاوەپێکردنی هێزە فیدراڵییەکان لە سنوورەکاندا.
لە بەرامبەردا سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێم و هەردوو پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بڕیارە تاکلایەنەکان و زمانی سەربازییان رەت کردەوە و داوای پابەندبوون بە دەستووریان کرد؛
هاوکات رۆژی پێنجشەممە 26ـی تشرینی دووەمی 2026 هەزاران هاووڵاتی لە بەردەم قەڵای هەولێر بۆ پشتگیریکردنی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندانیان کرد و ئامادەییش نیشان دراوە بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ نیشتمانییەکەی 1ـی کانوونی یەکەم بە سەرپەرشتیی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق.