تاران پێشنیارێکی نوێ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز دەخاتەڕوو
وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، پلانی دوو رۆژە بۆ گەرووی هورمز هێشتا لەسەر مێزی گفتوگۆکانە. عێراقچی ئەو پلانەی بە هەنگاوێکی واقیعی ناوبرد کە رەنگە ببێتە هۆی کردنەوەی گەرووەکە لە ماوەیەکی کورتدا.
یەکشەممە 29ـی تشرینی دووەمی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە تاران روونیکردەوە، هیچ پێشهاتێکی نوێ لەبارەی گفتوگۆکانەوە لە ئارادا نییە و جەختیکردەوە، پێشنیارەکە وەک خۆی ماوەتەوە.
لە پەیوەندییەکی نزیک لەم بابەتە، وەزیری دەرەوەی ئێران بە بەرپرسە عێراقییەکەی راگەیاند: پێویستە رێگری لە هەر لایەنێکی سێیەم یان توخمێکی تیرۆریستی بکرێت، خاکی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاربهێنن.
عێراقچی جەختیشی کردەوە رێگریکردن لەو جۆرە هێرشانە پابەندبوونە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان. هاوکات ئەوە داواکارییەکە دەوڵەتێکی دۆست لە دەوڵەتێکی دراوسێی چاوەڕێ دەکات، ئەمەش بەپێی ئەو زانیارییانەی ئاژانسی بڵومبێرگ بڵایکردووەتەوە.
ئەم لێدوانانە لەکاتێکدایە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەهۆی رووبەڕووبوونەوەی سەربازی و سنووردارکردنی هاتوچۆی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز روو لە گرژی دەکەن. هاوکات جموجووڵە دیپلۆماسییەکانی قەتەر و پاکستان بۆ کۆنترۆڵکردنی قەیرانەکە و گەیشتن بە تێگەیشتن لە نێوان هەردوولادا بەردەوامە.
هەوڵەکان ئێستا لە دەوری پێشنیارێکی ئێران دەسوڕێنەوە بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتن لە ماوەی 48 کاتژمێردا لەخۆدەگرێت، بەرامبەر بەوەی ئەمریکا کۆمەڵێک بەڵێن جێبەجێ بکات، لەوانە هەڵگرتنی گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەکانی ئێران، کەمکردنەوەی سزاکان و ئازادکردنی داراییە بەستەڵەککراوەکانی ئێران.
وەزیری دەرەوەی ئێران پێشتر روونیکردبووەوە، پلانی دوو رۆژی پێشنیاری ئەوە دەکات گفتوگۆکان لەگەڵ ئەمریکا دەستبەجێ دەستپێبکات لەجیاتی چاوەڕوانکردنی 60 رۆژ، بە ئامانجی خێراکردنی تێگەیشتنەکان لەسەر دۆسییە هەڵپەسێردراوەکان و رەخساندنی دۆخێک بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز.
تاران ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی گەرووەکە لە دوای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی واشنتن دووپاتکردەوە. عێراقچی رایگەیاند، دەرکردنی ماددە ناوکییە پیتێنراوەکان لە ئێران هێڵێکی سوورە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەری گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە لەسەری هەیە.
وەزیری دەرەوەی ئێران گوتی، پلانەکە پشت بە پابەندبوونەکانی واشنتن دەبەستێت کە لە یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباددا هاتووە و داواکاری دیکەی ئێرانی لەخۆ گرتووە، کە دیارترینیان هەڵوەشاندنەوەی سزاکانی ئەم دواییەی ئەمریکایە.