پزیشکیان: شاندی ئێران لە پاکستان بوێرانە داکۆکی لە بەرژەوەندییەکانی وڵات دەکات
مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا سەبارەت بە سەردانی شاندی باڵای وڵاتەکەی بۆ پاکستان رایگەیاند، ئەو شاندە بە هەموو توانایەکیانەوە کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران دەکەن.
شەممە 11ـی نیسانی 2026، مەسعوود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" ئاماژەی بەوە کرد: "ئەو شاندە ئێرانییە پلە باڵایەی لە پاکستان ئامادەن، بە هەموو بوون و توانایەکەوە پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئێرانن و لەو پێناوەشدا بە شێوەیەکی بوێرانە دانوستان دەکەن."
هەروەها جەختی لەوەش کردەوە، پرۆسەی خزمەتگوزاریی حکوومەتەکەی بۆ هاووڵاتیان بۆ ساتێکیش ناوەستێت و رایگەیاند: "هەر ئەنجامێک لەو دانوستانانە بەدەست بێت، حکوومەت هەر لە خزمەت خەڵکدا دەبێت و بەردەوام دەبێت لە کارەکانی بۆ بەرژەوەندی گەل."