چین تۆمەتەکانی ئەمریکا بۆ ناردنی چەک و سیستەمی بەرگریی بۆ ئێران رەت دەکاتەوە
گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە واشنتن، ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە ناردنی چەک لەلایەن وڵاتەکەیەوە بۆ هەر لایەنێکی ناو ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن، رایگەیاند: "ئەو زانیارییانەی لەمبارەیەوە بڵاوکراونەتەوە دوورن لە راستییەوە."
گوتەبێژەکە گوتیشی: "چین وەک دەوڵەتێکی گەورە و بەرپرسیار، بەردەوام پابەندە بە بەڵێنە نێودەوڵەتییەکانی خۆی. داوا لە لایەنی ئەمریکی دەکەن لە لێدوانی بێ بنەما و تێوەگلاندنی زیانبەخشی بابەتەکان لە یەکتر و پەرەپێدانی گرژییەکان دووربکەوێتەوە." هیوایشی خواست لایەنە پەیوەندیدارەکان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.
ئەم کاردانەوەیەی چین دوای ئەوە دێت کە سێ سەرچاوەی ئاگادار لە هەڵسەنگاندنە هەواڵگرییەکانی ئەمریکا بە (CNN)یان راگەیاندووە؛ پەکین ئامادەکاری دەکات بۆ گەیاندنی سیستەمی نوێی بەرگریی ئاسمانی بە ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی داهاتوودا.
بەگوێرەی سەرچاوەکان، ئەو چەکانەی بڕیارە بنێردرێن بریتین لە سیستەمی مووشەکی دژە فڕۆکەی (MANPADS)، کە مەترسییەکی جددین بۆ سەر فڕۆکە سەربازییەکانی ئەمریکا کە لە بەرزییەکی کەمدا دەفڕن. هەمان ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە چین هەوڵ دەدات لە رێگەی "دەوڵەتی سێیەمەوە" ئەو بارە چەکانە بگەیەنێت تاوەکو سەرچاوەی سەرەکی چەکەکان بشارێتەوە.
ئەم هەنگاوە لە کاتێکدایە دۆخەکە بە ئیستفزازی وەسف دەکرێت، چونکە پەکین پێشتر رایگەیاندبوو؛ نێوەندگیری کردووە بۆ گەیشتن بەو ئاگربەستە ناسکەی هەفتەی رابردوو جەنگی 5هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێرانی راگرت.
هاوکات، زانیارییە هەواڵگرییەکان جەخت دەکەنەوە تاران دەیەوێت دەرفەتی ئاگربەستەکە بقۆزێتەوە بۆ پڕکردنەوەی کۆگاکانی چەک بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی. هەرچەپاڵە کۆمپانیا چینییەکان پێشتر تەکنەلۆژیای "دوو لایەنە"یان بە ئێران فرۆشتووە، بەڵام گواستنەوەی راستەوخۆی چەک لەلایەن حکوومەتی چینەوە بە ئاستێکی نوێ و مەترسیدار لە هاوکاریی سەربازی دادەنرێت.
ئەم ئاڵۆزییانە لە کاتێکدایە بڕیارە سەرەتای مانگی داهاتوو، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا سەردانی چین بکات و لەگەڵ شی جین پینگ، هاوتا چینییەکەی، کۆببێتەوە.